سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەڵبژاردنی ئەمریکا و جەنگی نێوان وڵاتان

هەڵبژاردنی ئەمریکا و جەنگی نێوان وڵاتان

لەم ساڵانەی دواییدا، لە ژمارەیەک ناوچەدا شەڕ و شۆڕ و ئاژاوە و ململانێی سیاسی و چەکداری لەبرەودایە و شەڕگەکان رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبن. وڵاتە زلهێزەکان دەستیان خستۆتە ناو کاروبارەکانیانەوە و فرەجەمسەری دروستبووە، لە ناو جەمسەرەکانیشدا ژمارەیەک وڵات نوێنەرایەتی دەکەن، شەڕی سوریا و لیبیا و ململانێی ئازەربایجان و ئەرمینیا، پاکستان و هیندستان، تورکیا و یۆنان، ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ئێران و ئەمریکا لەلایەک و ئێران و سعودیە لەلایەکی تر، ئەمانە هەمووی بۆنی خوێنیان لێدێ و مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت ببنە سەرچاوەی شەڕێکی گەورەی جیهانی.

ئێران و ئیسرائیل
ماوەیەکی زۆرە ئێران و ئیسرائیل هەڕەشە لە یەکتر دەکەن، ئەو دوو وڵاتە ژمارەیەک گروپ و لایەنیان کردۆتە نوێنەری خۆیان و شەڕیان پێ دەکەن. مەترسی ئەوە لەئارادایە دۆخەکە لە گرژییەوە بگاتە پێکدادان و جەنگێکی گەورەی لێبکەوێتەوە. کاتێک ئەمەش رووبدات، ژمارەیەک وڵات پێوەی گرفتار دەبن.

کشمیر خاڵی پێکدادان
ململانێی نێوان پاکستان و هیندستان لەسەر موڵکدارێتی هەرێمی کشمیر کێشەیەکی مێژووییە و چارەسەری ئاشتییانەی بۆ نەکراوە. هەردوولا دەیانەوێت بە شەڕ یەکلایی بکەنەوە و چەند جارێکیش کوشتاری خوێناوی لە نێوانیاندا روویداوە، وڵاتانی دەوروبەر دەستیان لە خراپکردنی دۆخەکەدا هەیە و هەر لایەکیان ژمارەیەک وڵاتیان لە پشتە. ئەو هەرێمە بۆتە چەقی ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە و چەندجارێک کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە و شەڕی چەکداری لە هەرێمەکەدا روویداوە، هەریەک لە چین و سعودیە و ئەمریکا و روسیا خاوەندارێتی ژمارەیەک ئەجێندای تایبەتی خۆیانن و زوو یان درەنگ شەڕ بەم دوو وڵاتە دەکەن.

دەریای باشووری چین
ئەمریکا لەگەڵ هەریەک لە چین و یابان کێشە و ململانێی بازرگانی و ئابووری هەیە و ماوەماوە خاو دەبێتەوە و دواتر گرژ دەبێتەوە و بۆنی شەڕێکی گەرمی لێدێت. روسیا بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەتی و کۆریای باکووریش داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی چین دەکات، ئەمریکا کارتی چەوساندنەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی شینج یانگ «ئیگۆرەکان» بەکاردەهێنێ و چینیش هەلی ئەوەی لەبەردەستە کە کۆرۆنا بە خەستی لە ئەمریکا بڵاوبۆتەوە و دەیەوێت فشاری زۆرتری بخاتە سەر. ئەگەر پێکدادانی نێوان ئەو دوو جەمسەرە رووبدات، هەڵبەت دەریای باشوور خاڵی گەرمی شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەبێت و زۆر لایەن تیایدا بەشدار دەبن.

لیبیا
ئەوەی لە لیبیا روودەدات، هاوشێوەی شەڕی نۆ ساڵەی سوریایە کە ملیۆنان کەسی تێدا بوونەتە قوربانی و دەسەڵاتیش هەروەک خۆی مایەوە و تەنها میللەت بووە سووتەمەنی ئەو جەنگە وڵاتان بە وەکالەت بەڕێوەی دەبەن.

لەوەی لیبیاش میسر و تورکیا دوو جەمسەری دیاری ئەو جەنگەن، کە لیبییەکان و چەکدارانی وڵاتانی تر شەڕی تێدا دەکەن. جارێ کەس نازانێت کێ براوەی ئەو شەڕەیە، بەڵام مەترسی ئەوە هەیە کە جەمسەرەکان فراوانتر ببن و وڵاتی تری تێدا تێوەبگلێت.

چی روودەدات؟
لە ناو هەموو ئەو بەرانەدا، ئەمریکا خاوەندارێتی گەورەترین جەمسەری ئەو شەڕانەیە، گەرمتربوون یان خاوبوونەوەی هەموو ئەو کێشە و ئاڵۆزییانە پەیوەستە بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەو وڵاتەوە، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی داهاتوودا بەڕێوەبچێت، بۆیە لەوەناچێت دۆخی هیچ کام لە ئێران و ئیسرائیل و لیبیا و تورکیا و پاکستان و هیندستان و ئازەربازیجان و ئەرمەنستان و شوێنی دی، نە بەرەو باشتر بڕوات، نە جەنگەکانیش تیایاندا گەرمتر بن، بەڵکو پێدەچێت چارەنووسی هەریەک لەم دۆسێیانە بکەونە دوای هەڵبژاردنەکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکاوە.

سەرچاوە: عەرەبی پۆست، دۆیچەڤیلا

print

 159 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*