سەرەکی » ئاراستە » یەکێتی بازرگانی ناوچەیی- Regional tradeپەڕە 4

فەرهەنگی سیاسی

یەکێتی بازرگانی ناوچەیی- Regional trade

(4)

لێرە بە دواوە لەم لاپەڕەیەدا وەرگێڕانی کۆمەڵێک زاراوەی سیاسی بڵاودەکەینەوە بەناوی فەرهەنگی سیاسی.

وەرگێڕانی: جێگر ئیبراهیم_ ئارام وەڵەدبەگی

پێکهێنانی بەرەی ئابووری، لە نێوان وڵاتانی نزیک لە یەکتر، ئامانج لێی بەهێزترکردنی پەیوەندی بازرگانی و وەبەرهێنانە لە ناوچەیەکی جۆگرافی دیاریکراو. ئەم جۆرە بلۆك بەندی و یەکگرتنە، هەندێكیان ڕووە و دەرەوەن، بەشێکی تریان ڕووە و ناوەوەن. گەر ڕوو لە دەرەوە بن ئامانجی سەرەکی برەودان دەبێت بە چالاکییە ئابوورییە هەرێمییەکان،بە شێوەیەکی گۆنجاو، هەروەها هاندان دەبێت بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی، لەچوارچێوەی سیاسەتە لیبراڵییەکان و کەمکردنەوەی رێگڕییەکان لە بەردەم ئەو ئازادییەی کە پەیڕەو دەکرێت. بەڵام گەر رووە و ناوەوە بێت، ئامانجیان برەودان دەبێت بە بازرگانی لە نێو ئەندامانی خۆیان، لەم جۆرەیاندا ئەو وڵاتانەی کە ئەندام نین و لێیانەوە نزیکن، سوود لەم جۆرە نابینن و زەرەرمەند دەبن.

کاتێك یەکێتی بازرگانییە ناوچەییەکان هەنگاو بە ئاڕاستەی مۆدێلێکی لیبڕاڵ هەڵدەگرن کە ئەمانجیان پەرەپێدانە، دەکرێت چالاکییەکانیان سازگار بێت لەگەڵ ئەو رژێمە نێودەوڵەتیانەی کە گەشە سەندوون لەبواری بازرگانی و وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی. لە ئاستە گشتی و فراوانەکەیدا، ئەم جۆرە رژێمانە بریتین: لە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی و ڕێککەوتننامەی گشتی پێتاك و بازرگانی(گات). ویلایەتە یەکگرتوەکان و وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژئاوا، زۆر دەمێك بوو خوازیاری دامەزراندنی سیستەمێکی لیبراڵ بۆ بازرگانی نێودەوڵەتی بوون. ئەم ویستە، دوو هۆکاری گەورەی هەیە.

یەکەم- بوونی ئەم بۆچوونە بەرفراوانەیە، کە رژێمە بازرگانییە لیبراڵەکان بەوەگەرخستنی کێبڕکێ ئاسایی ئەو سەرچاوانەی تا رادەیەک کەمن، ئاستی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان بەشێوەیەکی گشتی لە هەموو جیهاندا دەبەنە سەرەوە.

دووەم- دەکرێت خۆویستانەتر ئەوەبێت، کە رژێمە لیبراڵییەکان هەلی زۆرتر بۆ وڵاتە پیشەسازییەکان دەڕەخسێنن تا بەرهەمی کارگەکانیان لە بازاڕی وڵاتانەی کەم گەشەسەندوو ساغ بکەنەوە.
ئەو یەکێتییە بازرگانییانەی کە بڕوایان بە قازانجخوازی و هێز و هاندانی ئابووری لیبراڵ هەیە، هەمیشە ئاڕاستەی کارکردنیان بەرە و دەرەوە یا کراوە و ئازادن. بەپێچەوانەوە، ئەو یەکێتییە بازرگانیانەی کە ئەندامەکانیان دەترسن لەبەرامبەر کێبەڕكێی دەرەوە بازاڕی ناوخۆیی و بەشێك لە داهاتەکانیشیان بدۆڕێنن، بەگشتی روو لەناوەوە یا داخراون. یەکێتییە بازرگانییە ناوچەییە داخراوەکان، بە دانانی باجی گومرگی زۆر، یان سیستەمی پشک پشکێنە و تێکەڵاو، رێگری لەوەی وڵاتانی بیانی دەکەن دەست بخەنە نێو بازاڕەکانیانەوە.

تێپەڕین و گواستنەوە لە یەکێتی بازرگانی داخراو بۆ یەکێتی بازرگانی کراوە، ئەم هەقیقەتە ئاڵۆز دەکات، کە بەرهەمی «زۆر کۆتایی» وڵاتانی پیشەسازی کە لە مێژە بایاخ و نرخێکی زۆرتری لە بەرهەمی وڵاتانی روو لە گەشە هەیە. وەك باسمانکرد، بەهای بەروبوومە کشتووکاڵیەکان لە بەهای بەرهەمی کارگەکان زۆر کەمترە. لە دەرئەنجامی ئەم تێبینیانە بوو زۆربەی ئەو وڵاتانی تازە سەربەخۆی ئاسیا و ئەمریکای لاتین پاش جەنگی یەکەمی جیهانی ستراتیژی جێگرەوەی هاوردەیان پەیڕەوکرد. جیا لەمەش، ئەو نیگەرانییەی هەبوو کە باڵانسی بازرگانی ئەم وڵاتانە بەردەوام نێگەتیڤ بوون، وایدەکرد ئابوورییەکەیان لاواز بێت و لەئەنجامدا ببنە ژێردەستەی وڵاتانی پیشەسازی. گەشەی تیۆرەکانی نەتەوەخوازی، مارکسی و ئەو تیۆرەکانی کە بنچینەدا لێکبەستراون ،(ناسیۆنالیزم، مارکسیزم و دیپیندێسی) لە پەنجاکان و شەستەکانی سەدەی رابردوو (هەموویان دەستیان دەخستە سەر بارودۆخی نایەکسانی بازرگانی نێودەوڵەتی، وابەستەیی و گرێدراوی بنچینەیی نەشیاو بە بازرگانی لیبراڵ، کە سەرچاوەکەی رۆژئاوایە) هۆکارێکی تر بوو بە زەرەری پێکهێنانی ئەو یەکێتییە بازرگانیانە شکایەوە، کە روویان لە دەرەوە بوو. لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی تازە سەربەخۆ و کەمتر گەشەسەندوو، ئامادە نەبوون سەروەری و دەسەڵاتی خۆیان لە پای سیاسەتی ئابووری رادەستی وڵاتانی گەشەسەندوو بکەن. ئەم هەستە لە ساڵی ١٩٧٢ پێشنیازی سیستمێکی نوێی ئابووری نێودەوڵەتی لێکەوتەوە. لایەنگری لە بازرگانی ئازاد لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی رابردوو دوابەدوای سەرکەوتنی وڵاتانی نوێ لە پیشەسازی، رۆژهەڵاتی ئاسیا کە لەبواری مسۆگەرکردنی گەشەی خێرای ئابووری لە رێگای گەشەسەندنی پشتبەستوو بەهاناردەکردن کاریان دەکرد، گەشەی کرد.

یەکێتی بازرگانی ناوچەیی لە هەموو بەشە جیاجیاکانی جیهان، تەنانەت لە نێوان ئەو وڵاتانەی ئاستێکی جیاوازی گەشەسەندنیان هەیە، بەدیدەکرێت.

زۆربەی ئەم یەکێتییانە کراوە یا ڕوو لە دەرەوەن. لەوانەیە کۆنترین و بەناوبانگترین جۆر لە یەکێتی، کۆمەڵەی ئابووری ئەوروپا بێت، کە تا ئێستادا لە هەناوی دامەزراوەی گشتگیرتری یەکێتی ئەوروپادا جێی گرتووە. یەکێکیتر لە یەکێتییە بازرگانیییەکان کە هەم گرنگە و هەمیش نوێیە، ناوچەی بازرگانی ئازادی ئەمریکای باکورە(نفتا)یە، هەریەك لە(کەنەدا، مەکسیك و ویلایەتە یەکگرتووەکان) دەگرێتە خۆیی. لە ناوچەی ئاسیا-پاسیفیک ناوچەی بازرگانی ئازادی یەکێتی وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا(ئافتا) و کۆمەڵەی هاوکارییە ئابووریەکانی ئاسیا-پاسیفیک (ئاپک) و ئەنجوومەنی هاوکارییەکانی زەریای هێمن نموونەکانیتری یەکێتی بازرگانی ناوچەیین.

یەکێتی بازرگانی ناوچەیی زۆر جار ئاسەوار و ئەنجامەکانی بۆ هەندێک بەش تەشەنە دەکەن کە راستەوخۆ لەگەڵ بەهێزکردنی بارزگانی هاوپەیوەند سازگار نییە. ئەم جۆرە لە ئاسەوارە کە سیفەتی تەشەنەسەندیان هەیە، لە هەندێ کەرتی وەکوو کار، تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕی سەرمایەدا دەردەکەون. لە ئەنجامی سرووشتی نێودەوڵەتی و سەرونەتەوەیی و جووڵەی بەهێزی یەکێتییە بازرگانییە ناوچەییەکان، ئەم جۆرە لە یەکێتی توانای دەستەبەرکردنی ئاستێکی سەرووتر لە تێکەڵاوی و پێکەوبوونی کرداری هەرێمیان هەیە. لە ئەنجامدا ئەگەر دەوڵەتانی ئەندام ئیرادەی سیاسی و توانای پێویستیان هەبێت، لەوانەیە ئەم یەکێتییە بازرگانیانە لە کۆتاییدا وەکو یەکێتی ئەوروپا ڕێگای تێکەڵاوی و پێکەوەیی هەرێمی بگرنەبەر. هەروەها جگە لە ئیرادەی سیاسی ئەرێنی، پێشکەوتن، پتەویی و یەکڕیزی یەکێتییە بازرگانییەکان بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە تاچەند دەوڵەتانی ئەندام دەتوانن رێوشوێنی پێویست و کاریگەر دابنێن.

بە پێچەوانەوە، سەروەری دەوڵەت، گرووپەکانی لۆبی و گوشار و واستە ناوخۆییەکان، گەورەترین هەڕەشەن بۆ بەدامەزراوەیی بوونی و چەسپاندنی رۆڵ و بوونی یەکێتییە بازرگانییە کراوە و ئازادەکان. دەوڵەتەکان، بە تایبەت دەوڵەتە بە توانا و بەهێزەکان کە تاڕادەیەك خوازیاری پاراستنی سەروەریی خۆیانن لەبوارەکانی ئابوری و بازرگانی، لە کۆنەوە ڕێگری لە پێکەوەیی و جێگیرکردنی دەسەڵاتێكی سەروو نەتەوەیی دەکەن. ئەو دەوڵەتانەی کە خوازیاری پارێزگاری لە پیشەسازی تازە دامەزرا و یا هەندێ کەرتی دیاریکراوی ئابوری خۆیانن، دەستبەرداری هەموو دەسەڵاتەکانی خۆیان نەبوون. بۆ نموونە، هۆکاری نا دیاری کەرتی کشتوکاڵ تەنانەت لە وڵاتانێكی گەشەسەندوی وەك: فەڕەنسا و ئیتاڵیا کە زۆر بەهێزن، لە ڕابردوودا جێگیرکردنی رێوشوێنەکانی بازرگانی ئازادیان لە ئاستێکی فراواندا هەڵپەسارد بوو؛ بەڵام لەم دواییانەدا رێوشوێنەکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی بۆ چارەسەری کێشەی بازرگانی دەوڵەتان لە ڕێگای ناوبژیوانی سەپێندراو بۆ دوو لایەنی ناکۆك سوودبەخش بووە.

لە ئەنجامدا ئەو ئەگەرە بەهێزە، لە داهاتوودا خواست بۆ جێگیرکردنی بنەماکانی بازرگانی ئازاد گەشەبکات. سەرەڕای ئەمە، دەبێ ئەوەمان لەبیربێت، تەنانەت ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی ناتوانێت بڕیاری خۆی بەسەر یەك بەیەکی وڵاتاندا بسەپێنێت.

جیا لەو بابەتانەی کە بۆ سەروەری دەوڵەتەکان دەگەڕێتەوە، ئاڵنگاری نوێ لە بەرامبەر یەکێتی بازرگانییە ناوچەییەکان و بە گشتی فرە ئاڕاستەخوازی دەرکەوتووە، ئەویش بۆ بەرەوپێشچوونی زۆرتری بنەماکانی بازرگانی دوو قۆڵی دەگەڕێتەوە. لە ڕووی تەکنیکییەوە ئەم جۆرە بنەما و رێوشوێنانە ئەو دەرفەتە بە وڵاتان دەبەخشێت، تا لە دەرەوەی دەستێوەردانی وڵاتانی تر لەگەڵ یەک رێکبکەون و بازنەیەك بە دەوری یەکێتییەک لە بازرگانییە هەرێمییەکان بددەن. تا ئەو شوێنەی ئەم رێوشوێنە بازرگانییە دوو قۆڵییانە، بەرژەوەندی قۆرخکراو لە ئاستی دوو قۆڵیدا درووست نەکەن، ئەگەر لەگەڵ رێساکانی رێکخراوی بازرگانی جیهانی و گاتیش بگونجێن دەکرێ رێگری لەم سەرپێچیانە بکرێت.

سەرچاوە:
-دانشنامە روابط بین الملل و سیاست جهان – مارتن گریفیتیس – ترجمە علیرضا طیب.

 127 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*