سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » تراجیدیا،کۆمیدیا

تراجیدیا،کۆمیدیا

تێڕوانینێکی فەلسەفی

دانا رەئووف

دەکرێت شانۆ لە ساکارترین پێناسەکانیدا لە وشەی درامادا کۆبکەینەوە، درامایش «تراجیدیا، یاخود کۆمیدیا» ململانێیە، قەیرانە، کێشەیە، بەرگریکردنە. دەتوانین بڵێین، کە بە شێوەیەکی گشتی، ململانێ و کێشەکان، لە تراجیدیادا بە کارەسات کۆتایی دێت، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کۆمیدیادا، بە خۆشی کۆتاییان دێت. تراجیدی، لە کۆتایدا دەبێتە تراجیدی؛ بە مردن، ئازار و ژان، دابڕان، خەمێکی گەورە و قووڵ، یان نەگەیشتن بە ئامانجی دیاریکراو، کۆتایی دێت. شانۆنامه‌ کۆمیدییەکان به‌وه‌ نابنە کۆمیدیا، ئه‌گه‌ر ته‌نیا دیمه‌نی کۆتایی کۆمیدی بێ، به‌ڵکو پێویسته‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ تا کۆتایی کۆمیدی بێ.

تراجیدیا بەوە پێناسە دەکرێت، کە بەرجەستەی کێشە و ئازارەکانی پادشا و میر و چینە بەرزەکەی کۆمەڵگە دەکات و وەک ژانرێکی بەرز و ئێستاتیکی ئاماژەی بۆ دەکرێت، بە پێچەوانەی کۆمیدیاوە، کە زیاتر مامەڵە لەگەڵ خەڵکی ئاسایی و ژیانی رۆژانە دەکات. ئەریستۆ لە کتێبی (هونەری شیعر)دا بەم شێوەیە باسی تراجیدیا دەکات: (تراجیدیا بەتەنیا لاساییکردنه‌وه‌ی کردەوەیەکی تەواو نییە، بەڵکو ترس و بەزەییش دەوروژێنێت. ئەم کارتێکرنەیش ئه‌و کاته‌ سەرهەڵدەدات، کە بەسەرهاتەکان، بێئه‌وه‌ی چاوه‌ڕوان بکرێن، روو بده‌ن و بەدوای یەکدا بێن.) هاوکات، ئەریستۆ ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە تراجیدیا کاریگەرییەکی پۆزەتیفی بەسەر بینەرانەوە هەیە، بەم شێوەیەش بەسەر تاک و کۆی کۆمەڵیش بەرەو پاکژبوونەوە – کاتارسیس – دەبات.

فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریش هیگل (1770- 1831) لە 1800ەکاندا، لەو لێکۆڵینەوانەی سەبارەت بە ئێستاتیکا بڵاوی کردنەوە، باسی کۆمیدیای گریکی دەکات و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە کۆمیدیای گریکی ژانرێکی هونەری و فەلسەفی زیاترە لە تراجیدیا. هیگل ئەوەیش دووپات دەکاتەوە، کە کۆمیدیاکانی ئەرستۆفانیس، لەو خاڵەدا دەستپێده‌که‌ن، کە تراجیدیاکان کۆتاییان هاتووە؛ پاڵەوانی دەقە کۆمیدیاکان نە پابەندی چارەنووسن، نە بەر نەفرەتی خواوەندەکان کەوتوون، بەڵکو هەناسەیەکی تەواو ئازادن و لە پانتاییەکی سەربەست و ئازاددا ده‌سووڕێنه‌وه‌. کارەکتەر و فیگورە کۆمیدیاکانی دوای قۆناخی گرێک و رۆما و کۆمیدیای مۆدێرن، له‌ جووڵه‌ و کردارەکانەوە، سنووردارترن و ئەو سەربەستییە تەواوەی کۆمیدیای گرێکیان نییە، ئەمەیش لای مۆلێر، کە لە دوای شەکسپیرەوە، لە هەموو شانۆنامەنووسێک زیاتر بەرهەمەکانی لەسەر شانۆکانی دنیا پێشکەش دەکرێت، دەبینرێت.

فەیلەسوفی دانیمارکی سۆرێن کێرکێگارد (1813 – 1855) دەگەڕێتەوە بۆ سەر تیۆرەکانی ئەفڵاتون سەبارەت بە ترجیدیا و ئەوەمان بۆ دووپات دەکاتەوە، کە کۆمیدیا لە ژیانماندا لە هەموو شوێنێکدایە و بەشێکی گرنگی ژیانی رۆژانەمانە، لەبەر ئەوەی کۆمیدیاکان شتە جیاوازەکان لە خۆ ده‌گرن؛ ئێمە بە شتێک پێدەکەنین، کە هەڵەیەکی تیادایە، بە شتێک لەوانەیە خۆمانی تیا بناسینەوە و پێکەنینەکەیش ئازاراوی نییە. تراجیدیایش بەهەمان شێوە، شتە جیاواز و دژبه‌یه‌که‌کان لە خۆدەگرێت، بەڵام لێرەدا کاردانەوەیەکی جیاوازی پڕ لە ژان و ئازار لە خۆ دەگرێت. لەبەر ئەوە ئەفلاتۆن هەمیشە دژی تراجیدیا بووە و وەک هێزێک بۆ تێکشانی کۆمەڵ سەیری کردووە. ئەوەیشمان لەبیر نەچێت، کە ئەفلاتون و ئەریستۆ، هەردووکیان هونەرییان بە لاساییکردنەوە ناوزەد کردووە.

فریدریش نیتچە (1844 – 1900) یەکەم کتێبی خۆی لەساڵی 1872 بۆ تراجیدیای گرێکی (لە دایک بوونی تراجیدیا) تەرخان دەکات. نیتچە لەم کتێبەیدا، هەوڵ دەدات سەرەتاکانی سەرهەڵدان و پەیدابوونی تراجیدیا، وەک فۆرمێکی هونەری دەستنیشان بکات. نیتچە لە دایک بوونی تراجیدیا دەگەڕێنێتەوە، بۆ کێشەکانی یەکگرتنی دوو هێز: دیۆنیسۆس و ئەپۆلۆن. ئەپۆلۆن، وەک خواوەندێک بۆ نیتچە خەونێکی ئیدیالیزمە، ئەمەیش لە دید و ڕوانگەی یەکگرتنی ئێستاتیکا و هارمۆنییەوەیە. نیتچە، لە ڕێگای گفتوگۆیەکی فەلسەفی و شیکارییەکی ورد و چڕی چەمکەکانی دیۆنیسۆس و ئەپۆلۆ-وە لە چەمکەکانی کۆمیدیا دوور دەکەوێتەوە، بەڵام دەگاتە ئەنجامێکی رەخنەئامێزی مامەڵە و هەڵسەنگاندنی ئەوروپا بۆ هونەر و زانست. نیتچە، لەم یەکەم بەرهەمەیدا، کە تەمەنی تەنیا 28 ساڵ دەبێت، دەیەوێت لە تراجیدیای گرێکییەوە بەدوای تراجیدیای کۆمەڵگەی مۆدێرنی ئەوروپیدا بگەڕێت.

مۆلێر بە شێوەیەکی ساکارتر فیگورە کۆمیدییەکانی، بە چەشنی کۆمیدیای دیلاتی، نزیک کردۆتەوە له‌ ژیانی واقیعیانه‌ی رۆژانه‌وه‌، کە چەندین مەودای قووڵ و هەمەچەشنە لە خۆ ده‌گرێ. ئەمەیش، ئەو دەروازەیەی بۆ مۆلییر کردۆتەوە، کە زیاتر لە هەموو کات و شوێنێکدا بخوێندرێتەوە و نەمایش بکرێت و پرسە هەنووکەییەکان، بۆ نموونە: مەسەلە کۆمەڵایەتییەکان، باوەڕ، زانست، پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و پرسی ژن، بە تایبەتیش ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگەدا، بوروژێنێت و گفتوگۆ و دیالۆگ بخوڵقێنێت.

هیگل، لە دیدێکی فەلسەفییەوە ئەو جیاوازییە دووپات دەکاتەوە، کە لەنێوان، کارەکتەرە سەرەکییەکەدا، لە کۆمیدیاکەی ئەرستۆفایس پێبکەنیت، یان پێیان پێبکەنیت، کە ئەمەی دووەمییان، واتە پێیان پێبکەنیت، زیاتر لای کارەکتەرەکانی مۆلێر روودەدەن و بینەران بە کارەکتەر و فیگورەکان پێدەکەنن. هیگل باسی ئەوە دەکات، کە لای ئەرستۆفانیس ناکرێت بە نشوستییەکانی خۆمان پێبکەنین، بەڵکو بەوە قایل بێت، کە کەسانی تر پێپبکەنن.

کۆمیدیای مۆلێر، لە هەندێک رووەوە نزیک دەبێتەوە لە ترجیدیاوە و پانتایی و بوارێکی فراوانترمان لە تراجیدیا پێدەبەخشێت، هەرچەندە کۆمیدیا بە هەمان شێوەی تراجیدیا، ناگاتە ئاستە قووڵەکان.

لە کۆتایدا، دەتوانیین ئەوە دووپات بکەینەوە، کە زۆربەی لێکۆڵینەوە هزری/ فەلسەفییەکان، بەپێی تێڕوانینە مۆدێرنەکان بۆ تراجیدیا/ کۆمیدیا، دەگەڕێنەوە بۆ دەروازە فەلسەفییەکانی نیتچە و دەیانەوێت، لە فۆرمەکانی تراجیدیا/ کۆمیدیاوە رەخنە لە هزری رۆژئاوا و کۆمەڵگە مۆدێرن و پۆست مۆدێرنەکانی ئەوروپا بگرن و دەروازەیەکی تر بە رووی خوێندنەوە جوداکاندا بکەنەوە بۆ چەمکەکانی تراجیدیا و کۆمیدیا.

هاوکات دۆزینەوە و خوێندنەوەی تراجیدیای مرۆڤی ئەم سەردەمە لە کۆمیدیاکاندا، دەرگایەکی تری بە رووی خوێندنەوە جیاوازەکانی کۆمیدیای مۆلێر-دا کردۆتەوە. کۆمیدیای سەردەم توخمە تراجیدیاکان لە خۆ دەکرێت و لە ڕێگای کۆمیدیایەکی ترەوە، بە کۆمیدیا ئازارەکانی مرۆڤ و تراجیدیاکانی ئەم سەردەمە گلوبالیزمە بەرجەستە دەکەن.

print

 263 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*