سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » عیراقییه‌ك له‌ كۆشكی سپی

عیراقییه‌ك له‌ كۆشكی سپی

سێشه‌ممه‌ی رابردوو 18 / 8 / 2020، مسته‌فا كازمی به‌ سه‌ردانێكی ره‌سمی گه‌یشته‌ ئه‌مریكا و رۆژی دواتریش له‌ كۆشكی سپی پێشوازییه‌كی مێژوویی لێكرا. ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی له‌ «مسته‌فا كازمی» كرا، له‌ مێژووی عیراقدا ته‌نها له‌ سه‌رۆكی رۆحی و كاریزمایه‌كی وه‌ك سه‌رۆك «مام جه‌لال» كراوه‌.

ئه‌م پێشوازییه‌ی كۆشكی سپی له‌ كازمی، لای هه‌موو سیاسییه‌كی ناوچه‌كه‌ و جیهان نه‌ك ته‌نها سیاسییه‌كانی عیراق، جێگای ئیره‌یی سیاسی و هه‌ڵوێسته‌ له‌سه‌ركردن و لێكدانه‌وه‌ی قووڵه‌.

ئه‌م سه‌ردانه‌ له‌ 10 ساڵی رابردووی عیراقدا به‌ یه‌كێك له‌ سه‌ردانه‌ تایبه‌ت و پڕ شانازیی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان داده‌نرێت و په‌یامێكی روون و به‌هێزه‌ بۆ ته‌واوی لایه‌ن و پێكهاته‌كانی عیراق كه‌ هیچ لایه‌ن و كه‌سێكی سیاسی په‌نجه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ و دوورخستنه‌وه‌ له‌ مسته‌فا كازمی راه‌وه‌شێنێت.

له‌دیوی دووه‌می پێشوازییه‌كه‌دا ئه‌وه‌ ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ ئه‌مریكاییه‌كان پیاوی تایبه‌ت و خه‌مخۆری راسته‌قینه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیانیان له‌ عیراق دۆزیوه‌ته‌وه‌ و نایانه‌وێت به‌ئاسانی له‌ده‌ستی بده‌ن.
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی كازمی له‌سه‌ر شانۆی سیاسیی عیراق، هه‌رزوو ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌مریكاییه‌كان نایانه‌وێت وه‌ك ته‌واوی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌كانی پێشووی عیراق مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كازمیدا بكه‌ن، چونكه‌ بۆخۆی گۆڕینی پاسه‌وانه‌كانی كازمی به‌ مارێنزی ئه‌مریكایی، په‌یامی ئه‌منیی ئه‌مریكایه‌ به‌وه‌ی عیراقییه‌كان ناتوانن ئه‌م سه‌رۆك وه‌زیرانه‌ نوێیه‌ بۆ ئه‌مریكا بپارێزن كه‌ ئێستا شه‌قامی سیاسی و میدیاییش كازمی «به‌ پیاوی ئه‌مریكا» ناوده‌به‌ن.

ده‌ركه‌وتنی عیراقییه‌ك به‌ناوی «مسته‌فا كازمی» له‌ كۆشكی سپییه‌وه‌، بووه‌ته‌ رۆژه‌ڤی گه‌رم، ده‌پرسرێت ئاخۆ ئه‌مریكاییه‌كان چ كارێكی تایبه‌تیان به‌و پیاوه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رم و كه‌موێنه‌یه‌یان لێكرد؟ یان ئایا ده‌بێت مانه‌وه‌ی كازمی چ سوودێكی دیكه‌ی بۆ ئه‌مریكا هه‌بێت كه‌ كۆشكی سپی تاسوقی له‌ كازمی نه‌شكاوه‌ و بڕیاریداوه‌ ماوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ درێژ بكاته‌وه‌؟
ئه‌و پرسیارانه‌ و زۆر پرسیاری دیكه‌ش گێچه‌ڵ به‌ بیرو هزری مرۆڤ ده‌كه‌ن.

له‌ راستیشدا هه‌ندێكجار كه‌ قووڵ له‌م سه‌ردانه‌ی كازمی ورد ده‌بینه‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ردا بیرێك له‌ سیاسه‌ت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكاش ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ و عیراقدا، وه‌ك دوو شتی پارادۆكس دێته‌ به‌مێشكماندا كه‌ هه‌ر یه‌كێكیان له‌ جوگرافیایه‌كدا بن و زۆر نامۆبن به‌یه‌كتریی. یان ئه‌وه‌ پرسیاری جدیی و جه‌وهه‌رییه‌ كه‌ ئاخۆ كازمی بایی ئه‌وه‌نده‌ شتی پێیه‌ و پێی ده‌كرێت ویست و حه‌زو خه‌ونه‌كانی ئه‌مریكا تێربكات؟
ئه‌گه‌ر هه‌موومان له‌ روانگه‌ی ئه‌و پێشوازییه‌وه‌ بڕوانینه‌ پێگه‌ی سیاسی و نێوده‌وڵه‌تی عیراق، هه‌موومان خۆزگه‌ ده‌خوازین عیراق و هه‌رێمی كوردستانیش له‌و نێوانه‌دا له‌ ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی سیاسی جیهانی وه‌ك كۆشكی سپی و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش خاوه‌ن هه‌مان پێشوازیی و ناوبانگی جوان بووایه‌، به‌ڵام ئه‌و مێژووه‌ ناشیرین و پێكدادانه‌ مه‌زهه‌بی و خێڵه‌كی و پێكهاته‌ییه‌ی له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسیی عیراق هه‌ن، پێمانده‌ڵێت: «پێده‌چێت ئه‌م پێشوازییه‌ی ئه‌مریكا و كۆشكی سپی له‌ مسته‌فا كازمیش بۆ ئه‌وه‌ بێت كه‌ ئه‌مریكا دوایین كاره‌كته‌ری سیاسیی عیراق تاقی بكاته‌وه‌ و نایه‌وێت وه‌ك ئه‌وانیتر له‌ به‌رداشی پێكهاته‌ سیاسییه‌كان و ناته‌ندروستیی سیاسه‌تدا له‌ عیراق تێدابچێت و له‌ده‌ستی بدات».

به‌شێكی ئه‌و پێشوازییه‌ له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق پشتیوانیی مه‌عنه‌وییه‌ تا كازمی جیاوازتر ده‌ربكه‌وێت و له‌ڕووی مه‌عنه‌وییه‌وه‌ خۆی به‌ سه‌ركه‌وتوو بزانێت.

هه‌موو ئه‌و سیگناڵ و ئاماژانه‌ی له‌ كۆشكی سپییه‌وه‌ بینیمان بۆ كازمی و پێگه‌ی سیاسی عیراق، مایه‌ی دڵخۆشی و هێزی مه‌عنه‌ویین، چونكه‌ یه‌كه‌مجاره‌ ئه‌مریكا به‌و پاوه‌ر و هێزه‌ قورسه‌ جیهانییه‌وه‌ پێشوازیی له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانێكی عیراقی ده‌كات، له‌ كاتێكدا دیمه‌نی سیاسی و دۆخی سیاسی له‌ عیراقدا له‌ هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زێكی ته‌واو ناشیرین و پڕ سیناریۆ و پیلانی ئه‌هریمه‌نیدا بوو.
كازمی وه‌ك ئومێدێك دێته‌ پێش چاو كه‌ دواین ده‌رفه‌ت بێت و ئه‌مریكا رێگریی له‌ ئاوابوونی بكات.

وه‌ك ئاگاداریی و هوشیارییه‌ك ده‌بێت ئاگامان له‌وه‌ش بێت كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌ كۆشكی سپی، هه‌موو واقیع و حه‌قیقه‌تی ئه‌مریكا نییه‌ و ئه‌مریكا زۆر له‌وه‌ قووڵتر و وردتر كار ده‌كات له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیدا، هه‌ر لادانێكی كازمی له‌ رێگه‌ی گه‌یشتن به‌واشنتۆن، هه‌ڵـگه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌پری حكومه‌ته‌كه‌یه‌تی به‌سه‌ر خۆیدا.

تاكو ساڵی 1979 ئه‌مریكاییه‌كان له‌گه‌ڵ شای ئێراندا له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی گه‌رموگوڕدا ده‌بن، به‌ڵام له‌دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران «شا» نامه‌یه‌ك بۆ ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆك كۆماری ئه‌وكاتی میسر ده‌نووسێت و ده‌ڵێت: «ئه‌و هه‌موو بڕوایه‌تان به‌ ئه‌مریكا له‌پای چییه‌؟ له‌پێش شۆڕشدا سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌مدا سه‌مای ده‌كرد، به‌ڵام هاوكات له‌ژێره‌وه‌ له‌گه‌ڵ خومه‌ینیدا رێككه‌وتبوو بیهێنێته‌وه‌ ئێران و شۆڕش به‌رپا بكات».
كازمی دواین كارتی راكێشراوی ئه‌مریكایه‌ تا له‌یه‌ك كاتدا چه‌ند جووڵه‌یه‌كی سیاسی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریكا بكات،

یه‌كه‌م: ئه‌مریكا ئه‌و ئه‌ركه‌ به‌ كازمی ده‌سپێرێت كه‌ ئیدی لایه‌نه‌ عیراقییه‌ نه‌یاره‌كانی ئه‌مریكا باسی وه‌ده‌رنانی سوپای ئه‌مریكا له‌ وڵاته‌كه‌یاندا نه‌كه‌ن.

دووه‌م: ئیمزاكردنی چه‌ند رێككه‌وتنێك له‌ كۆشكی سپی له‌نێوان كازمی و ترامپ دا، به‌رپرسیارێتی قورس ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی كازمی كه‌ له‌پاڵ ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی نێوانیاندا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا له‌عیراقدا بپارێزێت.

سێیه‌م: ده‌بێت كازمی به‌پاڵپشتی ئه‌مریكا هه‌موو ئه‌و هێزو رێكخراوه‌ چه‌كدارییانه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ له‌لای ئه‌مریكا قبوڵكراو نین.

هه‌موو پێوه‌ر و ئاماژه‌كان تائێستا به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه‌ كازمی گه‌مه‌ كاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌كه‌یه‌ كه‌ تائێستا تیمی سیاسه‌توانانی ئه‌مریكا له‌عیراقدا ده‌ستیان نه‌كه‌وتووه‌ و بۆشاییان هه‌بووه‌ تێیدا، ئه‌گه‌ریش واقیعه‌كه‌ له‌سه‌ر سكه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كاندا بمێنێته‌وه‌ و ده‌رنه‌چێت، ره‌نگه‌ زۆر تابلۆ و دیمه‌نی دڵخۆشكه‌رتر ببینین له‌نێوان كۆشكی سپی و به‌غدای كازمیدا.

 255 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*