سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » بوار نوورەدین:هەموو سەرچاوەیەک بەبێ بیبلیۆگرافیا سەرچاوەیەکی نیمچە مردووە

بوار نوورەدین:هەموو سەرچاوەیەک بەبێ بیبلیۆگرافیا سەرچاوەیەکی نیمچە مردووە

کتێبخانەی کوردی بە چەندین بەرهەم و کتێب و نووسین لەبارەی شانۆوە دەوڵەمەندە، بەڵام کە دێینە سەر باسی بیبلیۆگرافیایەک و سەرچاوەیەک بۆ خوێنەران و لێکۆڵەران و شانۆکاران کە بە ئاسانی دەقە شانۆییەکان دەستبکەوێت،ئێستا بیبلیۆگرافیای بڵاوکراوە و بەڵگەنامەی هونەری شانۆی شاری سلێمانی کە بوار نوورەدین ئامادەیکردووە بە سێ بەرگ چاپکراوە و ئێستا لە کتێبخانەکان بەردەستە، کە پڕۆژەیەکە بۆ کۆکردنەوە و ئەرشیفکردنی بەرهەمی هونەری سەدەی بیستەمی شاری سلێمانی و لە بیبلیۆگرافیایەکدا ڕێکخراون.

بەرگی یەکەمی بیبلیۆگرافیاکە بەرهەمی ئەو تیپانەیە کە لە نێوان ساڵانی ١٩٤٩ تا بەهاری ١٩٩١ دامەزراون و تا ساڵی ٢٠١٧ چالاکیان هەبووە، بەرگی دووەم چالاکیەکانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شاری سلێمانییە ١٩٨٢ بۆ ٢٠١٧، بەرگی سێهەمیش چالاکی و بەرهەمی ئەو تیپانەیە کە لە نێوان تەمووزی ١٩٩١ تا ٢٠١٢ لە شاری سلێمانی دامەزراون و تا ساڵی ٢٠١٨ شانۆگەرییان پێشەکەش کردووە.

پڕۆژەی ناوبراو ئێوارەی ٨/٨/٢٠٢٠ لە بۆنەیەکی تایبەتیدا، کە لقی سلێمانیی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و زانکۆی سلێمانی سازیان کردبوو، لە باخچەی مەڵبەندی ڕۆشنبیریی زانکۆی سلێمانیدا بڵاوکراویەوە.

سازدانی: کەنار قاسم

سەبارەت بە بیبلۆگرافیاکە ئەم دیدارەمان لەگەڵ بوار نوورەدین سازدا:

*بیبلیۆگرافیا چییە و جیاوازی لەگەڵ کتیبێکی ئاسایی چییە؟
بیبلیۆگرافیا ناخوێندرێتەوە، بیبلیۆگرافیا بەکاردێت، بیبلیۆگرافیا سەرچاوەیەک نیە وەکو رۆمانێک، یان لێکۆڵینەوەیەک بخوێندرێتەوە و چێژی هەبێت. بیبلیۆگرافیا پێت دەڵێت بۆ نموونە ساڵی ٢٠٢٠ ئەمەندە کتێب چاپکراون، ناوی نوسەر و وەرگێر و دەزگای چاپ و ژمارەی سپاردن و چەند لاپەڕەیە و قەوارەکەی چەندە و لە چ شارێک چاپکراوە و ناوەڕۆکەکەی چیە؟

*بۆچی بیبلیۆگرافیا گرنگە؟
هەموو سەرچاوەیەک هەتا ئەو کاتەی بیبلیۆگرافیای بۆ ئامادە نەکراوە، تا ڕادەیەک سەرچاوەیەکی نیمچە مردووە، کە بیبلیۆگرافیای بۆ دەکرێت بە زیندوو دادەنرێ، بە واتایەکی تر کە بیبلیۆگرافیا لە بەردەستدا بوو، هەموو زانیارییەکان لەبەردەستدا دەبن. بۆ نموونە لەم پڕۆژەیەدا، ئەو وەڵامانەت دەست دەکەوێت، کە ئایا چەند شانۆگەری پێشکەش کراوە؟ دەقەکان کوردی بوون، یان وەرگێردڕاو؟ بەم شێوەیە.

*بۆچی بییبلۆگرافیا لە کتێبخانە کوردییەکان کەمە؟
ئامادەکردنی بیبلیۆگرافیا، پێویستی بە چین و دەستەیەکە، بە هۆی ئەوەی ناوەندێک نییە بۆ کۆکردنەوەی ئەم جۆرە ئەرشیفانە، بۆ ئەم پڕۆژەیە سوود لە ئەرشیفی هونەرمەندان، سینارستەکان، تیپەکان و نووسەران وەرگیراوە، ئەگەر هەیان بووبێت، بێگومان خەڵک و شوێنێکیش هەبوون، کە پێمان وا بووە ئەرشیفێکی باشیان هەیە، یان نەیبووە، یان هاوکارییان نەکردووین…

سودم لە نزیکەی ٦٠ کەس وەرگرت، هەر یەکێک لەم بڵاوکراوە و بەڵگەنامانەم سکان کردوون و بەپێی تیپ و چالاکیەکان جیام کردوونەتەوە… کارەکان بە ڕاستی ئاڵۆز بوون، بەتایبەتی لە قۆناغی کۆتایی و پێش دیزاین، کە چۆن بتوانم پێشەکەشی دیزاینەرێکی بکەم. ئەو قۆناغە زۆر ماندووی کردم، ڕەنگە هەڵەیەکی بچوک ریزبەندی کارەکانت لێ تێکبداتەوە، ئیشێکی وردە بە راستی بەتایبەت بۆ کەسێکی ئەکباڵ… من چەندین جار وتومە بە راستی ئەمە ئیشی دەستە و تیمە، من لێرەوە داوا دەکەم وەکو ئەوەی سلێمانی نازناوی پایتەختی رۆشنبیری وەرگرتووە، تیمێک و شوێنێک بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی بەڵگەنامە هونەریی و مێژووییەکان بکرێتەوە، بۆ نموونە ئایا ساڵانە چەند چالاکی ئەنجام دەدرێ؟ هەمووی بنووسرێتەوە و بەڵگەنامەکانیان هەڵبگیرێت…

*ئایدیای بیبلیۆگرافیایەک بۆ شانۆ لە چیەوە سەرچاوەی گرت؟
بیرۆکەی بیبلیۆگرافیای مێژووی شانۆی شاری سلێمانی لەوەوە هات، کاتێک ویستمان مێژووی شانۆی شاری سلێمانی بە وردی بنووسینەوە، سەرەڕای هەندێ کتێبی زۆر باش، کە لەبارەی شانۆوە نووسراون، بەڵام هەندێک بەرهەم لایان لێ نەکراوەتەوە و هیچیان لەبارەوە نەنووسراوە. جگە لەوەش ئەگەر سلێمانی پایتەختی ڕۆشنبیری بێت، دەبێت ئێمە بە داتا بیسەلمێنین کە پایتەختی ڕۆشنبیرییە. پێموابوو ئەو دەلیل و بڵاوکراوانەی بۆ شانۆییەکان ئامادەکراون، باشترین سەرچاوەن بۆ نووسینەوەی مێژووی هونەری شانۆی شاری سلێمانی.

*چۆن ئەم بیبلیۆگرافیایەت ئامادە کردووە؟
بەڵگەنامەکان هەموو زانیارییەکیان لەسەر نووسراوە و خۆیان قسە دەکەن، لەبەرئەمە تەنها سکان کراون و بە پێویستم نەزانیوە نووسینی سەر بەڵگەنامەکان بنووسمەوە، جگە لە سێ زانیاری: ناونیشان، مێژوو، ناوی خاوەنی ئەرشیف، کە نزیکەی ٦٠ کەس و ناوەندی هونەرین، وەک ئەسپاردەیەکی مێژوویی ناوی هەموویان، جگە لەوەی لە سەرەتای کتێبەکەدا بەپێی پیتەکانی زمانی کوردی ریز کراون، لەهەمان کاتیشدا لەگەل هەموو بەڵگەنامەیەکدا ناویان نووسراوەتەوە. هیوادارم شێوازێکی زانستی بێت، هەروەها شایەنی ڕەنج و ماندووبوونی هونەرمەندان و نووسەرانی کورد بێت، کە لەم چەند دەیەدا پێشکەشی هونەری شا‌نۆی شاری سلێمانیان کردووە.

بەرهەمەکان بەپێی تیپەکان جیا کراونەتەوە، بۆ هەر تیپێک لە کۆنترین بەرهەمەوە تا نوێترین بەرهەم، بەپێی مێژووی رۆژ و ساڵ و مانگ ریزکراون و لە سەرەوەی لاپەڕەکاندا بیبلیۆگرافیایەکی بچوکم بۆ بەڵگەنامەکان دروستکردووە، کە پێموابوو گرنگە مێژووی هونەری شانۆ بخرێتەوە بەردەستی بینەر، خوێنەر، لێکۆڵەر و هونەرمەندان.

پرۆژەکە ماوەی دوو ساڵی خایاند، نووسینی کەمە زۆرتر سکان کردنی بەڵگەنامەکانە، بەڵام هەموو ئیشەکان جگە لە دیزانیکردنی ناوەڕۆکەکەی خۆم کردوومە، بەڕاستی کارێکی ئاسان نەبوو.
ئەم سێ بەرگە، مێژووی بەشێکی گرنگی هونەری شانوێ شاری سلێمانیە، لەهەمان کاتدا بەشێکی گرنگی مێژووی چالاکیی هونەرمەندانی شاری سلێمانیە، ئێستا هەر کەسێ لە شانۆکاران ئەگەر خۆشیان بیریان نەمابێت لە چەند بەرهەمدا بەشداریان کردووە، بە هەر جۆرێک لە جۆرەکان لە نواندن، دەرهێنان، دیکۆر، دەنگ …تاد، دەتوانن لە رێگەی ئەم بیبلیۆگرافیایەوە باشترین سیڤیی خۆیان ئامادە بکەن.

 

لەبارەی بوار نوورەدینەوە:

بوار نوورەدین سابیر ساڵی 1962 لە شارۆچكەی قەڵادزێ‌ لەدایك بووە. سەرەتای هەشتاكان دەستی بە نووسین كردووە و یەكەم بەرهەمی بە ناوی خوازراوی (كارا)، لە ژمارە سێی گۆڤاری قەندیل (ساڵی 1987 لە شاخ) بڵاوبووەتەوە.

ساڵانی 2002- 2012 لە ئینستیتیوتی كەلەپووری كورد كاری كردووە، چەند ساڵێك هاوكاری بنكەی ژین بووە، لە 2013 تا ئێستا بەرپرسی (ئەرشیڤی بڵاوكراوەكان)ی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ساڵانی 2018-2014، ئیدیتۆری پڕۆژەی ئینسایكلۆپیدیای پارێزگای سلێمانی بووە. دەیان بابەت، لێكۆڵینەوە و بیبلیۆگرافیای تایبەتی بڵاوكردووەتەوە، كاری ئیدیت و پێداچوونەوەی بۆ زۆرتر لە 100 كتێب كردووە.
خاوەنی 28 کتێب و زیاتر لە 32 بیبلیۆگرافیایە، کە لە گۆڤار و ڕۆژنامەكاندا بڵاوكراونەتەوە

 

 498 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*