سەرەکی » دۆسێ » وردەكاریی سەردانەكەی كازمی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان

عیراقییەكان بە هیواوە دەڕواننە ئەنجامەكەی

وردەكاریی سەردانەكەی كازمی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكان

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە 18ی ئابی 2020، بە سەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای عیراقی، بەرەو واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا بەرێكەوت، ئەم سەردانەشی بە دووەم سەردانی دەرەكی دادەنرێت لە دوای تاران لەو دەمەی لە مانگی ئایاری رابردوودا پۆستی سەرۆك وەزیرانی لە وڵاتدا گرتەدەست.

زۆرێك لە عیراقییەكان، بەهیواوە دەڕواننە ئەنجامی سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمریكا، بەو پێیەی رەنگە ببێتە مایەی سەقامگیریی سیاسی و دەستكرانەوەی زیاتری حكومەت بۆ ئەنجامدانی چاكسازییەكان، وێڕای دوورخستنەوەی عیراق لە ململانێیە ئیقلیمییەكان و هەوڵدانی راستەقینە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی و بەرگرتن لە دەستوەردانی میلیشیاكان لە دۆسێی ئەمنی وڵات.

وردەكاریی رێكەوتنی نێوان بەغدا و واشتتۆن
سەرۆك وەزیرانی عیراق وردەكاری ڕێككەوتنەكەی لەگەڵ سەرۆكی ئەمریكا ئاشكراكرد و ڕایگەیاند:»عیراق هەلێكی بۆ هاتۆتە پێشەوە».

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە ئەمریكا و لە دوای چاوپێكەوتنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی وڵاتەكە رایگەیاند:»لەگەڵ ئەمریكا ڕێككەوتوین سوپای وڵاتەكەی لە دەرەوەی عیراق بڵاوبكاتەوە و تیمێكی تەكنكیش دیاری دەكرێت بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی بڵاوكردنەوەی هێزەكان».

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی (العراقیە)ی فەرمی، كازمی وتویەتی، “دیدارەكەیان لەگەڵ ترەمپ گرنگ و سەركەوتووبووە و ڕێككەوتوون لەگەڵ لایەنی ئەمریكایی كە هێزەكانیان ببەنە دەرەوەی وڵات”.
بە وتەی كازمی» بۆ یەكەمجارە هەڵوێستی ڕوونی ئەمریكا دەزانن و تێگەیشتوون لە داواكارییەكانی حكومەتی عیراقی».

سەرۆك وەزیرانی عیراق پێیوایە»هەلێككی گرنگ بۆ عیراق هاتۆتە پێشەوە تاوەكو سوود وەربگرێت لە هاوبەشی لەگەڵ وڵاتانی گەورەی پیشەسازی و لە سەردانەكەشیدا گرێبەستێكی گرنگیان ئیمزاكردووە، كە بۆ عیراق بە گشتی و دۆسیەی نەوتی پارێزگای زیقار بە تایبەتی، گرنگە».

رێگە بە دەستدرێژییەكانی توركیا نادرێت
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە واشنتۆنەوە ڕایگەیاندبوو كە «رێگە بە دەستدرێژییەكانی توركیا نادەن».

كازمی لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی نێوانیان رایگەیاندبوو:” دەستوەردانی توركیا لە عیراقدا قبوڵ ناكرێت و ڕێگەی پێنادەین، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگە نادەین عیراق ببێتە بنكەیەك بۆ دەستدرێژیكردنە سەر هیچ دەوڵەتێك”.

هەر لەو كۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەكەدا، كازمی ئامادەیی عیراقی بۆ پێشوازیی لە كۆمپانیا وەبەرهێنە ئەمریكاییەكان دەربڕی.

لەبەرانبەردا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو:”پەیوەندی بەشم لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیادا هەیە و لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكانیان لە باكووری عیراق قسەی لەگەڵ دەكەم”.

بە وتەی ترەمپ:”عیراق وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە، بۆیە ڕێگە نادەین دەستدرێژی بكرێتەسەر و دەست لەكاروبارەكانی وەربدرێت”.

سەرۆكی ئەمریكا وتی:”بەغدا و هەولێر هامەهانگییەكی باشیان كرد لە جەنگی دژ بە داعش و ئێمەش پشتیوانیمان لێكردن، هێزە عیراقییەكان ئەدایەكی باشیان گێڕا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعشدا”.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ترەمپ ئاماژەی بە پشتیوانی وڵاتەكەی كرد لە عیراق، تا ئامادەبێت بۆ بەرگری لەخۆی وتی:”بۆیە چاوەڕوانی ئەوڕۆژە دەكەین، تا پێویست نەكات هێزەكانمان لە عیراقدا بمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریی لە پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن نەوتدا دەكەین لە عیراق”.

عیراقێكی بێ‌ گەندەڵی
هەر لە چوارچێوەی سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق و ەفدی هاوڕێی بۆ ئەمریكا، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق ڕایگەیاندبوو، عیراقێكیان دەوێت بەبێ‌ گەندەڵی و دەبێت گەندەڵی بنبڕبكرێت، پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق دەردەبڕێت.

لەگەڵ دەستپێكردنی گەڕی دووەمی وتوێژی ستراتیژی نێوان عیراق و ئەمریكا، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند:”دەبێت عیراق گەندەڵی تێدا نەمێنێت و گەندەڵی لە وڵاتەكەدا بنبڕبكرێت، لەگەڵ ئەمەشدا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەكەین و گفتووگۆش لەسەر هەماهەەنگی سەربازی لەگەڵ شاندی عیراقیدا دەكەین”.

پۆمپیۆ ئاماژەی بە هاندانی بەغداش كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و وتی:”ئازادی لە عیراق، لە دەستپێكی كارەكانی ئیدارەی ترەمپە”، باسی لە یارمەتییەكی نوێی وڵاتەكەشی كرد كە بڕەكەی 240 ملیۆن دۆلارە و پێشكەش بە عیراق دەكرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا“داوای لە عیراق كرد بودجە بۆ هەرێم بنێرێت و لەوبارەیەوە ڕێكبكەون”.

لای خۆیەوە، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق ڕایگەیاندبوو”بەغدا و واشتۆن لە یەك خەندەقدان لە جەنگی دژ بە داعش، ئەم هەماهەنگییەش بەردەوام دەبێت، لەئێستاشدا گەڕی دووەمی وتوێژەكان لەنێوان عیراق و ئەمریكادا دەستپێدەكات”.

فوئاد حسێن، واشنتنۆنی بە هاوپەیمانێكی بەهێزی وڵاتەكەی لەگەقەڵەمدا و پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێرانیشدا بە پەیوەندی دراوسێتی و بەرژەوەندی هاوبەش وەسفكرد.

رەخنە لە شێوازیی پێشوازییەكەی دەگیرێت
پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، شێوازیی پێشوازیی لە مستەفا كازمی سەرۆكی وەزیرانی عیراق لە واشنتۆن، سوكایەتی بوو بە سەروەریی عیراق، ڕەتیشیكردبوە ئەمریكا بیەوێت لە عیراق پاشەكشەبكات.

موختار موسەوی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندبوو”حكومەتەكەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ نایەوێت لە عیراق بچێتەدەرەوە، شێوازیی پێشوازیشی لە كازمی و وەفدی هاوڕێی لە واشنتۆن لە ئاستی پێویستدا نەبوو”.

بە وتەی موسەوی”ئەو هێزە سیاسیانەی پشتیوانییان لە گەیشتنی كازمی دەكرد بە دەسەڵات، ڕووبەڕووی شەرمەزارییان كردەوە لەبەردەم پەرلەمان”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت”دەركردنی هێزە بیانییەكان لە عیراق و لەپێش هەمووشیانەوە هێزەكانی ئەمریكا، بڕیارەو پێویستە جێبەجێ‌ بكرێت”، پێشوازیی نەكردنی فەرمیشی لە كازمی بە سوكایەتیكردن بە سەروەریی عیراق لەقەڵەمدا.

بەڕێكەوتن بەرەو ئەمریكا
دوانیوەڕۆی 18ی ئابی 2020، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەرەو ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەڕێكەوت، بەو هیوایەی لە 20ی ئابدا لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە كۆببێتەوە.

لەو دەمەدا نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو» ئەمڕۆ سێ‌ شەممە 18ی ئابی 2020، مستەفا كازمی لە بەغداوە بەرەو ئەمریكا بە سەرۆكایەتی وەفدێكی فەرمی بەڕێكەوتووە».

هەر لە بەیاننامەكەی نوسینگەی كازمیدا هاتبوو» كازمی لە ڕۆژی پێنج شەممە 20ی ئاب چاوی بە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەكەوێت و گفتووگۆ دەكەن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی بەغدا و واشنتۆن و ئەو ئاڵنگارییانەی لە گۆڕەپانی سیاسی ناوچەكە هەن».

نوسینگەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق باسی لە پرۆگرامی سەردانەكەی كازمی كردبوو كە»لە سەردانەكەدا لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەمریكا هەوڵی پتەوكردنی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی هاوبەشی هەردوو وڵات دەدات لە چەندان بواری وەك ئاسایش و تەندروستی و ئابووری».

 559 جار بینراوە