سەرەکی » دۆسێ » ئەختەر شێخ محەمەدى خاڵ:باوکم زۆر حەزى دەکرد بخوێنین و هاندەرمان بوو

ئەختەر شێخ محەمەدى خاڵ:باوکم زۆر حەزى دەکرد بخوێنین و هاندەرمان بوو

بەڕێز ئەختەر خاڵ کچى مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵە، هەرچەندە کچى گەورەى باوکى نەبووە، بەڵام هاوڕێ و خۆشەویستى باوکى بووە، هاوکارى باوکى کردووە لە نووسینەوەى گوتارو کتێبەکانیدا، وەکو ئەڵێن: (کاتب قەڵەم)ى شێخ بووە، ئێمەیش بۆ زانینى ئەو مێژووەو هاوکاری کردنى لە نووسینەوەى شاکارەکانى شێخى خاڵى باوکيدا، هەروەها وەرگرتنى هەندێ زانیارى لەسەر ژیانى خاڵ و بنەماڵەکەیان ئەم دیدارەمان لەگەڵ بەڕێزیان سازکرد.

د.ئاراس محەمەد ساڵح

 

*بەڕیزتان کچى مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵن؟ کەى لەدایک بوون و چیتان خوێندووە؟.
-من کچى دووهەمى شێخ محەمەدى خاڵم، لە ساڵى (1943) لەدایک بووم، دەرچووى کۆلێجى پەروەردەى زانکۆى بەغدادم، بەشى کیمیا. دواى تەواوکردنى خوێندن بووم بە مامۆستا، لە ساڵى 1967 هەتا ساڵى 1987 مامۆستا بووم لە ئامادەیی سلێمانى کچان، لە ساڵى 1984 (خەسرەو خاڵ)ى هاوسەرم بووە پێشمەرگە، دواى ئەوە من زیاتر لە ماڵى باوکم بووم، ئەوکاتە بارودۆخێکى سەخت و ناخۆش بوو، بەعس بەدواى کەسوکارى پێشمەرگەدا ئەگەڕا.

*لە ماڵەوە چەند مناڵ بوون؟ خوشک و برا؟ هەمووتان خوێندنتان تەواو کردووە؟.
-ئێمە لە ماڵەوە پێنج مناڵ بووین، بەپێى تەمەن، خالید خاڵ، گەشاو (ناجیە)، ئەختەر، نەسرین، شیرین، خالید خاڵى برام کۆلێجى کشتوکاڵى لە زانکۆى بەغداد تەواوکرد، پاشان لە زانکۆى قاهیرە ماستەرى وەرگرتووەو گەڕاوەتەوە لە زانکۆى سلێمانى بووەتە مامۆستا، گەشاوى خوشکم هەتا چوارى ئامادەیی تەواوکردووە، ئەختەرخاڵ بەشى کیمیای کۆلێجى پەروەردەى زانکۆى بەغدادى تەواو کردووە، نەسرین خاڵ پەیمانگاى مامۆستایانى تەواوکردووەو بووەتە مامۆستا، شیرین خاڵ، هونەرى ماڵدارى (الفنون البیتیة) تەواو کردووە، نەسرین و شیرین مامۆستاى سەرەتایی بوون.

*باوکتان هاوکارتان بوو لە خویندن؟ حەزى دەکرد چ خویندنێک تەواو بکەن؟.
-بەڵێ باوکم زۆر حەزى دەکرد بخوێنین و هاندەرمان بوو، بەڵام هەرگیز داواى نەکردووە چى بخوێنین، هەر ئەیویست خوێندەواربین.

*ئێوە وەک خوشک و برا، پەیوەندیتان هەبووە بە ڕێکحستنى حیزبەکانەوە؟ باوکتان ڕاى چى بوو؟.
-بەڵێ پەیوەندیمان هەبووە بە حیزبە کوردستانیەکانەوە، بە تایبەت کاک خالید خاڵ و من، لاى باوکم کوردپەروەر بووینایە هیچى ترى نەئەویست.

*مامۆستاى خاڵ هاندەرتان بوو کتێب بخوێننەوە؟ وە چى بخوێننەوە؟.
-بەڵێ باوکم زۆر حەزى ئەکرد بخوێنینەوە، من و گەشاوى خوشکم زیاتر کتێبەکانى کتێبخانەکەى کاک خالیدى برامان ئەخوێندەوە، زۆربەیان چیرۆکى عەرەبی و یان چیرۆکى بیانى وەرگێڕراو بوون بۆ عەرەبی، باوکم ئەیوت بۆ کتێبەکانى من ناخوێننەوە، کتێبى کتێبخانەکەى باوکم زیاتر کتێبى دینى و مێژوویی و فەرهەنگى بوو.

*هەڵسوکەوتى شێخ لەگەڵ دایکتان چۆن بوو؟ دایکتان خویندەوار بوو؟ ناوى چى بوو؟ ساڵى لەدایک بوون و مردنى؟.
-باوکم و دایکم دوو هاوسەرى سەنگین و بێ کێشەبوون، بیرم نایەت دەمەقاڵێیان کردبێت، باوکم زیاتر خەریکى دەوام و خوێندن و نووسین بوو، دایکیشم ئاگاى لە ئێمەو ماڵ بەڕێوەبردن بوو، دایکم خوێندەوار نەبوو، بە مناڵى لە حوجرە خوێندبووى، کەمێک شتى ئەزانى، دایکم ناوى حەولاوە شێخ مارف قەەرەداغیە، لە شێخەکانى مەردۆخى قەرەداغە، لە ساڵى 1904لەدایک بووە، لە ساڵى 1984 کۆچى دوایی کردووە.

*پەیوەندى بەڕێزتان و باوکتان چۆن بوو؟ چۆن کتێبەکانت بۆ دەنوسیوە؟ چۆن ستایشى دەکردى دواى نوسینەوەى کتێبەکان؟.
-پەیوەندى من و باوکم زۆر بەهێزو پڕ لە خۆشەویستى بوو، هەرچى لێ داوا بکردمایە بێ دوودڵى بۆم جێبەجێ ئەکرد، هەمووکات باسی ئەکردم لە کۆڕو مەجلیسەکانیدا، زۆرجار بانگى ئەکردم و ئەیوت ئەمە ئەختەرى کچمە، لە جێى چاو و دەستمە، بە تایبەت کە چاوى نەما، زۆر هاورکاریم ئەکرد لە نووسینەوەى کتێبەکانى و ئەو گوتارانەى ئەینووسی بۆ ڕۆژنامەو گۆڤارەکان، کە لە ماڵى باوکم بووم، دواتریش لە ماڵى خۆم، زۆر خەریک ئەبووم بە نووسینەوەى جارێکى ترى نووسینەکانى، زۆرکاتیش داواى ئەکرد شتى بۆ بخوێنمەوە، سەرچاوەى فارسی بەکارئەهێنا لە نووسینەکانیدا، منیش فارسیم نەئەزانى، کە ئەمخوێندەوە زۆرجار پێئەکەنى و جارجاریش هەبوو ئەیوت بەخوا عەیبە تۆ فارسی نازانى، منیش ئەمخستە ئەستۆى خۆى کە فێرى نەکردووم، ستایشى باوکم دەست لە ملکردن و خۆشەویستى بوو، کە دڵى خۆش ئەبوو بە نووسینەکان، ئەوە هەموو ستایشێک بوو بۆ من، هەرچەندە کۆمەڵێک گوتارى بە عەرەبی هەبوو، بەڵام چاپ نەکرا، پێشکەشی منى کردبوو، نازانم دوایی چی لێهات و چۆن دیار نەما.

*ئەو کتێبانەى بۆتان نووسیوەتەوە کامانەن؟.
-تەفسیرى خاڵ زۆربەى من نووسیومەتەوە، ناڵەى دەروون، زۆرەى نامیلکەکانى، پەندى پێشینان، ژیانى حاجى شێخ ئەمینى باپیرى، زۆربەى دەستنووسەکانى من لەناو (مخطوطات)ـەکەى باوکمدایە لە کتێبخانەى ئەوقافە.

*شێخ هانى ئێوەى نەدەدا ببن بە نوسەرو کتێب بنوسن، هاندەرى کچ و کوڕەکانى بوو ببن بە نوسەر؟.
-باوکم حەزى دەکرد هەموومان ببین بە نووسەر، بەڵام تەنها خالید خاڵى برام چەند نووسینێکى هەیە.

*کاریگەرى شێخ خاڵ چیە لەسەرتان؟.
-باوکم کاریگەرى زۆرى هەبوو لە سەرمان، من بۆ خۆم زۆر سەرسام بووم بە بیرو خوێندەوارى و نووسینەکانى و قسەکردنى، حەزت نەئەکرد قەت قسەکانى تەواوبێت، بە شیعر و پەندى پێشینان و نوکتەى خۆش ئارایشتى قسەکانى ئەکرد، کوردایەتى و سەرڕاستى و دەسپاکى و هێمنى و ئیماندارى پڕاوپڕى بوو، ئێمەیش پەروەرەدەى دەستى ئەوین.

*باوکتان هانى دەدان نوێژ بکەن و ڕۆژو بگرن؟ یان جلوبەگى داپۆشراو لەبەر بکەن؟.
-بەڵێ وەک مامۆستایەکى ئاینى هانى ئەداین نوێژ بکەین و ڕۆژوو بگرین، بەتایبەتى نوێژکردن، باسى جلوبەرگى نەئەکرد، ئەیزانى ئێمە چى ئەکەین و چى لەبەر ئەکەین، ساڵانى (1950- 1960٠) عەبامان هەبوو، بێ ئەوەى ئەو بڵێ، لە ساڵى (1962) کە چوومە زانکۆ باوکم هات لەگەڵم، هاوڕێکانم عەبایان نەبوو، منیش وتم بابە نامەوێت بە عەباوە بچمە زانکۆ، کەس عەباى بەسەرەوە نیە، ئیستێکى کردو وتى باشە، هەرگیز پاڵى نەنانەوە پێمانەوە لەچک بکەین، ئەشیزانى ژیان لە گۆڕاندایە، بەڕاستى ڕۆشنبیرو تێگەیشتوو بوو.

*شێخى خاڵ ترسی لە کێ بوو ببێتە بەربەست لەبەردەم بیرو پرۆژە ڕۆشنبیریەکەیدا؟
-هەرگیز هەستم نەکردووە باوکم ترسی لەکەس بووبێ، یان شتێکى وتبێ لەو بابەتە.

*ڕاى چۆن بوو لەسەر کوردایەتى و شۆڕشى کورد؟.
-هەتا بڵێی کوردپەروەر بوو، لە یادمە کە ساڵى (1974) کە هەموو کەس چوونە دەرەوە، لەوانەیش (خەسرەو خاڵ) و پیاوانى خێزانى خاڵ هەموویان، ئەیوت: تەمەن و مەسئولیەتى ئێوە نەبوایە (هەموو بە مناڵەوە چووبووینە ماڵى باوکم) منیش ئەبووم بە پێشمەرگە، هەمیشە بەدواى هەواڵى شۆڕش و چالاکى پێشمەرگەوە بوو.

*ڕاى چۆن بوو لەسەر بیر چەپ؟.
-باسی نەئەکردو نەم ئەزانى چۆن بیریان لێ ئەکاتەوە.

*کاتێک بەڕێزتان شوتان کرد بە ئامۆزاى خۆتان، کاک خەسرەو خاڵ لە حیزبێکى چەپدا بوو، ڕاى شێخ چۆن بوو لەو کاتەدا؟.
-من ساڵى (1969) چوومە ماڵى خۆم، هێشتا کۆمەڵە نەبوو، باوکم خەسرەوى خۆشئەویست، لە دواى نەمانى شۆڕش لە ساڵى (1974) ئاگاى لە جموجوڵى خەسرەو بوو، بەڵام باوکم ئەترسا لە حیزبی بەعس، نەوەک خەسرەو ئاشکرابێت و بگیرێ، هەر ئەیوت ئاگات لە خۆت بێت، کە بوو بە پێشمەرگەو چووە دەرەوە، وتى: خەسرەو لە هەموان مەردتر بوو، واتە کوردایەتیەکە پێش هەموو شتێک بوو.

*ڕاى چۆن بوو لە بەشودانى کچەکانیدا؟ نەیدەوت نایدەم بە فڵان چەپە؟ یان شتێکى لەو جۆرە؟.
-هەرگیز گوێم لێ نەبووە بڵێ کچ نادەم بە فڵان کەس چونکە چەپە، هیچ کەس داواى نەکردوە چەپ بووبێت، خەسرەویش کە بوو بە پێشمەرگە ساڵى (1984) چووە کۆمەڵەوە، هەرچەند پێش ئەوە لە ناو شار لە ڕێکخستن کارى کردبوو.

*ئەڵێن: عومەر عەلى متصرفى سلێمانى داواى کچى شێخ محەمەدى خاڵى کردووە، نەیداوەتێ، ئەم قسە ڕاستە؟ چۆن بووە؟ داواى کێ کردووە؟ بۆ نەیداوەتێ؟.
-نەخێر ئەم قسەیە ڕاست نیە، عومەر عەلى داواى کەسمانى نەکردووە.

*حەزو خولیایی شێخى خاڵ چى بوو؟ سیاسی، کۆمەڵایەتى؟ خێزانى؟ خواردن؟ جل و بەرگ، خواناسی، هەرشتێکى تر خۆت بیزانى؟.
-حەزى لە باسى کوردایەتى و قارەمانێتى پێشمەرگەو شۆڕشگێڕى بوو، حەزى لە دانیشتن و مەجلیسى گەرم و شیعر خوێندنەوە بوو، لە ماڵەوەو لە مزگەوت، بیرمە من مناڵ بووم باوکم ڕادیۆیەکى کڕى بوو، زۆر ئێوارە دواى تەواوبوونى نوێژ، خەڵکى گەڕەک و براکانى ئەهاتن بۆ ماڵى ئێمە بۆ گوێگرتن لە ڕادیۆکەو چایان ئەخواردەوە.

*پەیوەندى لەگەڵ کێ بەهێز بوو؟
ئەختەرخاڵ/ زۆر بەسترابوو بە خێزانەکانى خاڵەوە، بە هەموو گەڕەک و کەسوکارى دایکمەوە، لەگەڵ هاوڕێکانى و ڕۆشنبیرو خوێندەوارەکانى شاردا پەیوەندى و دۆستایەتى بەهێزى هەبوو.

*لە خواردن و ژیانى ڕۆژانەدا حەزى لەى چی بوو؟.
-باوکم حەزى لە برنج و شلەو بە تایبەت بامیەو یاپراخى گەڵامێو بوو لە بەهاراندا، شیرینى زۆر ئەخوارد، هەموو خواردنێکى ئەخوارد، لەڕووى ئەتەکێتەوە زۆر پاکوتەمیز بوو، جلوبەرگ لەبەریا جوان بوو، هەمووکات جبەکەى لەبەر ئەکرد ئەبوایە بۆى فڵچە بکەین، لە تەمەنى هەشتا ساڵیدا لە منى ئەپرسی بزانە پشتم کۆم نەبوەتەوە؟ منیش ئەموت بابەگیان کێ بە قەدەر تۆ ڕاست و ڕێک و بەشەوکەتە، دەستى ئەکرد بە پێکەنین، هەرواش بوو. کەسێکى خواپەرست بوو، پیاوێکى دینى بە فکرێکى کراوەى پاک، زۆرجار شریتى (محمد رفعت)ى لێ ئەدا، کە زۆر حەزى لە دەنگى بوو، دەستى ئەکرد بە گریان، ئێمەیش بێدەنگ بە دیاریەوە دائەنیشتین. زۆر دژى دوعا نووسین و پاڕانەوە لە قەبرو سوێندخواردن بوو بە غەیرى خوا، دژى جادوگەرىو شتى خورافی بوو، کە بەداخەوە هێشتا ئەمانە ماوە لە کۆمەڵگاکەماندا.

*ئەگەر بتوانن چەند یادگاریەکى خۆشى خۆتان لەگەڵ باوکتا باس بکەن.
-زۆرجار پرسیارم لی ئەکرد لەبارەى ئەوەى بۆچى شایەتى دوو ژن لە دادگا بەرامبەر شایەتى یەک پیاوە؟، یان بۆچى پیاو بۆى هەیە چوار ژنى هەبێت؟ یان بۆچى میراتى پیاو دوو هێندەى میراتى ژنە؟، ئەویش سەیرى ئەکردم و پێئەکەنى و وەڵامى ئەدامەوەو سەرگورشتەى خۆشى ئەگێڕایەوەو بێدەنگى ئەکردم. هەروەها باوکم کاتێک شتێکى ئەنووسی زۆر خۆى ماندو ئەکردو بەدواى سەرچاوەى زۆردا ئەگەڕا، بۆ ئەوەى یارمەتى بدdات لە نوسینەکانیا، لەکاتى کۆکردنەوەى وشە بۆ (فەرهەنگى خاڵ) بەشێوەیەکى مەیدانى بەدواى وشەى کوردیدا ئەگەڕا، ئێواران مزگەوتەکەى قەرەباڵغ بوو، وەک دیوەخان وابوو، داواى ئەکرد لە ئامادەبوان کە وشە بڵێن: بە پیتى (فڵان) دەست پێبکات، ئێوارەیەک کاک خالیدى برام و کاک عەلى ئامۆزام لەوێ ئەبن، مناڵ و هاوتەمەنى یەک بوون،باوکم داواى کردبوو وشە بڵێن بە پیتى (قاف) دەست پێبکات، هەریەکەو چەند وشە ئەڵێن، کاک خالید چەند وشەیەک ئەڵێت، کاک عەلیش دەنگ بەرز ئەکاتەوەو ئەڵێ: قەپۆزى باوکم، هەموو جار باوکم بە پێکەنین و خۆشیەوە ئەیگێڕایەوە.

جارێکى تر لە یادمە ناردى بەدواى (زبێدە خانى) دایکى شێخ محەمەدى قەرەداغى خەتیبدا، کەوتە گفتوگۆ لەگەڵیدا، هەتا ئێوارە بەردەوام بوو، باوکم قسەکانى ئەنوسیەوە، دوایی پرسیارمان لێکرد لەبارەى ئەو دیدارەوە، شێخ وتى: زبێدەخان ژنێکى بە تەمەن و زیرەکە، هەرچى ئەگێڕیتەوە پڕە لە پەندى پێشینان سودى زۆر لێوەردەگرم. باوکم زۆرجار بۆ پەیدا کردنى زانیارى زۆر شارو شوێنى جیاواز گەڕاوە، هەندێجار بۆ دەستکەوتنى چەند شیعرێک، یان دۆزینەوەى دەستنووسێک (المخطوطة) و پاراستنى و وەرگرتنى زانیارى زۆر شوێنى دوور گەڕاوە، جارێک چووە بۆ شارى بەسرە بۆ پەیداکردنى چەند شیعرێکى مەلا عەبدوڵاى بێتووشى، هەروەها بۆ کۆکردنەوەى شیعرەکانى شێخ ڕەزاى تاڵەبانى زۆر شوێن گەڕاوە.

*ئەگەر یادەوەرى خۆش و ناخۆشت هەیە لەگەڵ باوکتا حەز دەکەم باسی بکەى.
-دوو یادەوەرى زۆر ناخۆشم هەیە لەگەڵ باوکمدا، کە هەرگیز لە بیرم ناچێتەوەو زۆر ئازارم ئەدەن.

یەکەمیان، ساڵى (1985) لەلاى باوکم بووم، خەسرەو پێشمەرگە بوو، یەکێتى ناردبوویان بۆ (دیمەشق) ببێتە نوێنەرى یەکێتى لەوێ، لە ساڵى (1986) کە باوکم چاوى نەما من هەموو کات بە دەورەیەوە بووم، ماڵم ئەبرد بەڕێوەو مناڵێکى دوو ساڵانەم هەبوو، زۆر ماندوو ئەبووم، شەوانیش هەر شەوەو یەکێکمان لاى باوکمان ئەماینەوە، بەڵام باوکم هەر داواى منى ئەکرد، بۆ ئەوەى خواردن و دەرمانى بۆ ئامادە بکەم و لەگەڵى بم، شەوێکیان زۆر ماندوو بووم نەمئەتوانى دانیشم زۆر خەوم ئەهات، وتم بابە تۆزێک لەسەر کورسی بەرامبەر جێگەکەن ئەنوم و هەڵئەسمەوە ئاگام لێت ئەبێت، وتى زۆر باشە، هەر چاوم چووە خەو داچڵەکیم بە دەنگى باوکم، بانگى کرد ئەختەر ئەختەر، وتم فەرموو بابە هەموو نوستون هیچ هەیە؟، وتى برسیمە، لەبەر ئەوەى چاوى نەمابوو شەو ڕۆژى لێتێکچوو بوو، منیش هیچ هێزم نەبوو، وتم با تۆزێک بنوم و دواى هەڵئەسم هەرچیت ویست بۆت ئامادە ئەکەم، باوکم هیچى نەوت، بەڵام زانیم پێى ناخۆشە، چووم خواردنم بۆ هێناو لایەوە دانیشتم، پارویەکم بۆ کردوو دامە دەستى، وتى ناخۆم، منیش دەستم کرد بە گریان، کە زانى ئەگریم، دەستى کردە ملم و وتى بۆچى ئەگریت؟ منیش بە گریانەوە وتم: چونکە لێم عاجز بووى، ئەیزانى زۆر ماندووم و حاڵەتى دەروونیم زۆر سەختە، دڵى دامەوەو دەستى کرد بە نانخواردن، هەموو کات ئەم دیمەنەم لەبەرچاوەو لەیادم ناچێتەوەو ئازارم ئەدات.

دووەم یاردگارى ناخۆشم، لە ساڵى (1987) خەسرەوخاڵ ناردى بە شوێنمانا بچین بۆ دیمەشق، بەڕیگاى قاچاغ لەگەڵ ماڵى کاک شێرکۆ بێکەسدا، کەسوکار زۆر هانیاندام بڕۆم لەبەر خەسرەو، هیچ ئاگامان لە خەسرەو نەبوو، ڕۆژگارێکى زۆر سەخت و ناخۆش بوو، باوکیشم زۆر بارودۆخى خراپ بوو، نەمئەزانى چۆن هەواڵى ڕۆیشتنم بە باوکم بڵێم، هەموو شتێکم ئامادە کرد، لەگەڵ خوشکەکانم و کاک خالیدى برام ڕێکەوتین هەر مانگەو یەکێکیان بە خێزانەوە لاى باوکم بمێننەوە، هەموو ڕازى بوون، ڕۆژێک پێش سەفەرەکەم، چووم بۆ لاى باوکم و پێموت من سەفەر ئەکەم، سەرەتا بێدەنگ بوو، دوایی وتى باشە، بەڵام پەیمان بدەرێ کە زوو بێتەوە، بەیانى کە چووم خواحافیزى لێ بکەم و دەستى ماچ بکەم، بە گریانەوە خواحافیزى لێکردین، بەو هیوایەى زوو بگەڕێنەوە بۆلاى، بەڵام مەخابن ئەویش لەدواى حەوت مانگ لە دوایی کۆچى دوایی خەسرەو وەفاتى کردبوو، بەڵام من نەمزانى بوو، کەس پێى نەوتم هەتا لە ساڵى (1992) گەڕامەوە بۆ کوردستان زانیم باوکم وەفاتى کردووە، ئەم دوو چیرۆکە زۆر کاریان تێکردووم، هەموو کات لە یادەوەریمدا ئازارم ئەدەن.

*مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵ کاتێک بووە بە قازى لە هەڵەبجەو چەمچەماڵ و موسڵ قازی بووە، لەو کاتانەدا بە ماڵەوە چوەتە ئەو شوێنانە؟ یان تەنها خۆى ڕۆیشتوە؟.
-باوکم کە بووە بە قازى چەند شوێنیک گەڕاوە بە قازیەتى، بۆ هەموو شوێنەکانیش ماڵ و مناڵى بردووە، من هەندێکیانم لە بیرنایە، کاتێک بووە بە قازى لە هەڵەبجە من نەبووم، بەڵام بە ماڵ و مناڵەوە چووەتە هەڵەبجە، کە چووەتە چەمچەماڵ ماڵ و مناڵى بردووە، من لە ساڵى 1943 لە چەمچەماڵ لەدایک بووم، لەو کاتەدا باوکم لەوێ قازى بووە، بۆ موسڵیش هەموومان چووین، وابزانم باوکم دوو ساڵ لە موسڵ قازى بوو، ئیتر گەڕاینەوە بۆ سلێمانى.

*باوكت ئەڵێ ساڵى (1986) بینایی چاوەکانى لەدەستداوە، ئەڵێ لەو کاتەدا ژیانى باپیرم نووسی، بێگومان ئەو وتویەتى تۆ نوسیوتەتەوە، چیرۆکى ئەو نووسینە چۆن بووە؟ لەکاتى قسەکردندا شتى لێ عاسی نەدەبوو، بڵێ بڕۆ فڵان کتێب بێنەو بیخوێنەوە بزانم چۆنە؟.
-باوکم پێشتر ژیانى باپیرى لە دەفتەرێکدا نووسیبوو، لە ساڵى (1986) تەنها چاوێکى تۆزیک ئەیبینى، بە منى وت ئەو دەفتەرەى بۆ بخوێنمەوە، بۆم خوێندەوە زۆرى دەستکارى کرد، هەندێکى کوژاندەوەو هەندێ شتى بۆ زیاد کرد، پاشان من ئەو ڕەشنووسەم لە دەفتەرێکدا نووسیوەو لە کتێبخانەکەیدا بوو، پاشان کاک خالیدم ئەو دەفتەرەى لەسەر وەرەقەى (A4) نووسیوەو چەند نوسخەیەکى لێ کۆپی کرد بۆ هەموو بنەماڵەى شێخ ئەمینى خاڵ، ئێستا لاى زۆربەمان ئەو دەستنووسە وەک یادگاریەکى باوکم ماوە.

 200 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*