سەرەکی » دۆسێ » بۆ دانای نەمر و مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ

بۆ دانای نەمر و مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ

حەسیب قەرەداغی 1929-1997

مامۆستاى شاعیر حەسیب قەرەداغى لە کۆڕى چلەى کۆچى دوایی مامۆستا شێخ محەمەدى خاڵدا، چامەیەکى زۆر بەرزى بۆ ئەو کۆچە وتوەو لەو چامەیەدا ئاماژە بە خزمەتە ڕۆشنبیریەکانى و کۆڕى ئەدەبی ئێوارانى شێخى خاڵ دەکات لە باخچەى مزگەوتى شێخ ئەمینى خاڵدا لەگەڵ ڕۆشنبیران و نوسەرانى شاردا.

قوربانی ناوت، ناوت چەند خۆشە
پەیامی بیرەو زادەو لە كۆشە
من بۆ مەولەوی قافیەم شێوا
بۆ تۆی بەهرەوەر وا قوڕم پێوا
كاتێ‌ لەم ناوە خوڵخوڵەی ڕۆم بوو
من خوا خەم نەدا هەر خەمی تۆم بوو
تۆ دانای مەزن من بابی خەمان
یەكی خستووین ستەمی زەمان
خەمی من ئەمڕۆ خەمی سەرجەمە
سەچاوەی وێڵی وەرای سەرچەمە
فرمێسك دەڕێژم قوربان لەپاتا
لەكاتی كات و ناكاتی كاتا
كۆچی بەهرەوەر چوون كارەساتە
تاریكستانی هات و نەهاتە
ئەم شێخە گەورەی من بۆی پەشێوم
هەمیشە ناوی وا لەسەر لێوم
ڕابەری ڕێگەی خامەو خەیاڵە
بەچامەو هەڵبەست وەسفی مەحاڵە
لەم كوردە هەركەس خامەی گرتە دەس
قەرزاری ئەوەو هەر هی ئەوەو بەس
قوربانی قەرزی دەست و خامەكەی
قوربانی دێڕو پەڕەو نامەكەی
یاشێخ، مامۆستا، تۆ لە قورئانا
پشكت بۆ وشەی ئەم كوردە دانا
كێ‌ لە ( الحمد و ئەو قولوەڵایە)
مەعانای وەردەگرت تۆ نەبویتایا
لە ئەوسا هەر لە پەناوە
داوی تەنویریان بۆ تۆ دەناوە
گوایا تۆ دەستت داوە لە كەلام
كەلامی خودا قەت نایەتە فام
دەیانوت تەواو وا خوم شێواوە
مەعنای قورئانت بە كوردی داوە.
قوربانی تۆبن هەزار لەوانە
چ لە دامێن و چ لە كەوانە
قامەتی بەرزت گەورە شارێ‌ بوو
بۆن و بەرامەت نەوبەهارێ‌ بوو
خامەت پەیامی بەهرەو هونەر بوو
خامەم لە ڕووتا دەستەونەزەر بوو
هیمەتت پایەی شێخ و پیران بوو
مەجلیست یانەی ڕۆشنبیران بوو
ئەی ڕۆژی هەینی، كوا ئێوارانت
شێخم كۆچی كرد كوێرە باوانت
ئەمەك لە حەوزی مزگەوتی خاڵ بێ
دەبێ لە دوای تۆ گۆمی بەتاڵ بێ
فەرهەنگی خاڵە دەریای بێ پەیە
شانازی كوردە فەرهەنگی هەیە
بێ لۆمە خەڵكە من دەست وەئەژنۆم
دەگاتە گەردوون گریانی، ئەز تۆم
گەر پیری پیران لەو مامەیارە
مەرگی تۆی دەدی و ئەو كۆچ و بارە
زاری شیرینی شۆری دەباران
كەیكەم ئێستەكەم بۆ گوند و شاران
تەپڵی سوارانی لە خاكی خەمدا
بەرەو لای خودا دەدا وەهەمدا
قوربانی یادت یادت بێ خەوشە
ئارەقت گوڵاو بۆنت وەنەوشە
تروسكەی دیدەم بەو چاكە ماوە
كە زادی بیرم لەو چاكە ماوە
پرزە بڕاو نیم هی وا هیوامە
لە كۆڕی عیشقا جامەو پەیامە
ئەی وەجاخەكەی گەورە مەلامان
نوتقی مەنتقی خاوەم كەلامان
تۆ ئەم بەهارا لە زەردەپەڕا
كە تەمی مەینەت لە زەردەگەڕا
فەرموو ببارێ‌ بەم سەر خاكەدا
نوری نبوەت لەم جێ پاكەدا
قوربانی ڕێگەو سەفەری دوورت
قدومی بەخێر قەدەمی نوورت
بەرەو شێخ عومەر حاشیەی بێ ناز
بەرەو جێشانەو بەرەو ڕێی هاوراز
بۆ لای مەولانا و شامی مەحشەری
بەرەو لای حاجی خەون و سەفەری
بەرەو غەریبی نوقمی خاك و خۆڵ
بەرەو مەولەوی و سەر مەزاری چۆڵ
ها ئەشكی منیش وەك نمەی باران
ئاوڕشێنی كات سەزوەكەی ماڵان
وەختێ‌ دەپرسن قوتبـی وەتەدی
كێ‌ خەونی ئێمەی وا هێناوەتەدی
بڵێ‌: بفەرمون ئێوەو خاك و خۆڵ
بڵێ‌: بفەرمون ئەوەش بارو كۆڵ
مەولانا لە شام بوو بەخەبەرێ‌
(نالی) مان بوو بە نامەی سەفەرێ‌
قوربانی خۆت و دەروێش و شەمت
قوربانی هەموو یارانی خەمت
ئەی محەمەدی ئەحمەد بە هاوناز
دوانەی چەمكێ‌ بوون وەكو بەهاوناز
هەموو عومری خۆی سێبەری تۆ بوو
تۆ ڕابەرو ئەو ڕێبەری تۆ بوو
چەند موقەدەس بووی لای ئەو برایە
ئەگەر وەكو مۆم بۆت هەڵكرایە
هەر لە حوزورتا بۆناو بۆخۆی دەسووتا
وەك عاشق لەناو بۆتەی لاهوتا
كە جامی مەرگت نا بەزارەوە
خەتمی خاتیمەت نا بەشارەوە
ئەویش دوا بەدوا بەو ئارامەوە
قومی خۆی هەڵدا هەر لەو جامەوە
ئەوە سۆزی من تینی گریانم
ئەوەش كەف و كوڵ دڵەی بریانم
لەگەڵ فرمێسكا دەبنە بەرامە
گوڵاو پرژێنی خاكت مەرامە.
20/7/1989

print

 141 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*