سەرەکی » دۆسێ » هاوپەیمانی فەتح لە حكومەتەكەی كازمی ناڕازییە

لە رووداوەكەی دۆرەوە سەریهەڵدا

هاوپەیمانی فەتح لە حكومەتەكەی كازمی ناڕازییە

هاوپەیمانی فەتح كە لەلایەن هادی عامرییەوە سەركردایەتی دەكرێت، لە حكومەتەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران ناڕازییە، پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانییەكەش دەڵێت، ئەوان تا ئەو كاتە پشتیوانی لە حكومەت دەكەن كە لەسەر رێڕەوێكی دروست رێبكات، بەپێچەوانەوە «ئەركی راستكردنەوەیان دەكەوێتە ئەستۆ، پەرلەمانتارێكی تریان دەڵێت»ناكۆكی نێوان هەردوولا لە رووداوەكەی دۆرەوە سەریهەڵدا».

هاوپەیمانی فەتح مەرجی هەیە بۆ پشتیوانی لە حكومەتەكەی كازمی تا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عیراق و دەڵێت، هاوپەیمانییەكەیان لەگەڵ حكومەتدا دەبێت، تا ئەو دەمەی خزمەت بە گەل دەكات.

محەمەد بەلداوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستانی نوێ‌)، رایگەیاند:”ئەوان تا ئەو ئاستە پشتیوانی لە كار و ئەدای حكومەت دەكەن كە لەسەر ڕێڕەوێكی دروست ڕێبكات، لە هەمان كاتدا ئەركی ڕاستكردنەوەیان دەكەوێتە ئەستۆ، گەر هەڵسوكەوتێك یان كارێكی چەوت لەلایەن حكومەتەوە ئەنجام بدرێت”.

بە وتەی محەمەد بەلداوی:”ئەوان پشتیوانی لەو كارانەی حكومەتەكەی كازمی دەكەن كە خزمەت بە ڕۆڵەكانی گەلی عیراق دەكەن، بەڵام گەر كار و هەڵسوكەوتی حكومەت ڕوو لە ئاقارێك بوو كە خزمەتی بە گەلی عیراق نەكرد، ئەوا هەوڵی ڕاستكردنەوەی دەدەن”.

سەبارەت بە كراوەنەوەی عیراق بەڕووی وڵاتان و هەڵوێستی فەتح بەرانبەر بەستنی پەیوەندی لەگەڵ هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، بەلداوی وتی:”ئەوان لەو بارەیەوە بەرژەوەندی عیراقیان بەلاوە گرنگە، عیراق لەئێستادا پێویستە بگەڕێتەوە بۆ ڕەوشە نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەكەی، پێویستە بگەڕێنەوە بۆ نێو چوارچێوەی ئەو كارانەی لە جیهاندا هەن لەسەر ئاستی ئابوری و بازرگانی و سیاسی و ئەمنی كە بە وڵاتانمان دەبەستەوە، پێویستە عیراق لەو ڕووەوە بەهێز بێت و ببێتە خاوەنی بڕیاری خۆی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی”.

پەرلەمانتارەكەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت:”ئەوان لەگەڵ كرانەوەدان، بەو مەرجەی ببێتە مایەی زامنكردنی بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق، نامانەوێت بڕیاری گەلی عیراق بەدەست هیچ دەوڵەتێكەوە بێت، جا ئەمریكا بێت یان ئێران یان فەرەنسا یان سعودیە، لەگەڵ هەموو ئەوانەدا نامانەوێت هیچ وڵاتێك دەست لە كاروباری وڵات وەربدات، بەڵكو دەمانەوێت حكومەت لەڕێی ئەو كرانەوەیە، كار بۆ چالاككردنی ئابوری و بازرگانی و ئەمنی و گەشتوگوزاریی بكات و ئەو بوارانەی خزمەت بە عیراق دەكەن”.

پێشتر عەباس زاملی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندبوو، هاوپەیمانییەكەی ناڕازییە لە ئەدا و كاریی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران.

بە وتەی زاملی”پێشێلكارییە ئەمنییەكان بە سوتاندنی بارەگاكان و تێكدانی ڕەوشی گشتی، لە ئەستۆی كەسی سەرۆك وەزیراندایە، تائێستاش فەتح ڕازیی نییە لە ئەدا و كاریی حكومەتەكەی كازمی”.

پەرلەمانتارەكەی فەتح ئاماژەی بە هەندێك كەموكوڕی كردبوو لە كارەكانی كازمی و بەپێویستی زانیبوو، سەرۆك وەزیران خۆی لە موجامەلەی سیاسی بەدووربگرێت، ” نەیارییشیان بۆ كازمی، مانای ئەوە نییە پشتیوانی لە هەوڵەكانی ناكەن بۆ گێڕانەوەی شكۆی دەوڵەت”.

دروستبوونی جیاوازیی و ناكۆكی لەنێوان هاوپەیمانی فەتح و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە ئۆپەراسیۆنەكەی دۆرەوە بە تەواوەتی دەركەوت، لەو بارەیەوە عامر فایز پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندبوو»فراكسیۆنی فەتح دەستبەرداریی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران نەبووە، بەڵام ئۆپەراسیۆنەكەی دۆرە وایكرد ناكۆكی لەنێوان هەردوولادا دروست ببێت».

بە وتەی فایز»كازمی لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، لەلایەن لیژنەی تەندروستی پەرلەمانەوە سەبارەت بە پەتای كۆرۆنا داواكرابوو تا روونكردنەوە بدات، بەڵام ئامادە هنەبوو، ئەمەش وایی لە فەتح كرد، جارێكی تر لەو بارەیەوە داوای ئامادەبوونی لێبكات».

عامر فایز دەڵێت»فراكسیۆنی فەتح دەستبەرداریی كازمی نەبووە، بەڵام لەدوای رووداوی دەستگیركردنی چەكدارەكانی حزبوڵڵا، لەگەڵیدا كەوتە ململانێ‌، چونكە هاوپەیمانییەكەی ئەوان لە گروپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی پێكدێت، ئەم رووداوەش بە دڵنیاییەوە ناكۆكی لەنێوان فراكسیۆنەكە و كازیمدا دروستكرد».

لەبارەی ئامادەنەبوونی كازمیش لە دانیشتنی میوانداریكردنەكە، فایز وتی»هۆكارەكانی میوانداریكردنەكە لەلایەن لیژنەی تەندروستی پەرلەمانەوە ئامادەكرابوو، بەڵام میواندارییەكە بۆ مەبەستی سیاسی قۆزرایەوە».
هەر لەو چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەكی سیاسی باڵا بە میدیاكانی عیراقی رایگەیاندبوو، ئەنجامی كۆبوونەوەی هێزە سیاسییەكانی شیعە لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح ئەوەبوو كە پێویستە پەیامی ناڕەزایی و توڕەیی بگەیەنرێت مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بەرانبەر بە ئەداو كاریی حكومەت لەبەرانبەر دۆسێی تەنگژەی كۆرۆنا و بەئامانجگرتنی حەشدی شەعبی.

بە وتەی سەرچاوەكە كە نەیویستبوو ناوی خۆی ئاشكرا بكات»كۆبوونەوەی هێزە شیعەكان لە ماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كە نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و فالح فەیاز و زۆرێك لە هێزە سیاسییەكانی تر ئامادەی بوون، گەیشتە ئەو ئەنجامەی پەیامێك بگەیەنرێت مستەفا كازمی سەرۆكی حكومەت و لە پەیامەكەدا گوزارشت لە ناڕەزایی بكرێت بەرانبەر بە بایەخنەدانی حكومەت بە چارەسەركردنی تەنگژەی كۆرۆنا و تەنگژەی ئابوری، وێڕای ناڕەزایی دەربڕینی سەركردە شیعەكان بەرانبەر بە بەئامانجگرتنی حەشدی شەعبی».

هاوپەیمانی فەتح لای خۆیەوە رایگەیاندبوو»حەشدی شەعبی هاتووە بۆ مانەوە، ئەركی حكومەتەكەی كازمیش تەنیا ئەوەیە شكۆ بۆ دەوڵەت بگڕێتەوە و هەڵبژاردنی پیچشوەختە ئەنجام بدات».

ئەحمەد ئەسەدی وتەبێژی هاوپەیمانی فەتح لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو»حەشدی شەعبی هاتووە بۆ مانەوە، حەشد 6 مانگ زیاترە بێ‌ بودجەیە و بەو توانایەی لەبەدەستیدا رەخساوە، بەرەنگاری كۆرۆنا بۆتەوە».

ئەسەدی دەڵێت»حەشدی شەعبی ئەركی بەخاسپاردنی قوربانیانی كۆرۆنای گرتە ئەستۆی خۆی، دوای ئەوەی هەموان لەو ئەركە هەڵاتن».

سەبارەت بە جیابوونەوەی هەندێك لە لیواكانی سەر بە نزرگە پیرۆزەكان لە حەشدی شەعبی، ئەسەدی وتی»حەشدی نزرگە پیرۆزەكان وابەستەی بەرگی نەبوون، بەڵكو پەیوەندییان بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە هەیە».

ئەسەدی داوای لە حكومەت كرد»بكەوێتەخۆی و رێگە لە بەسیاسەتكردنی خۆپیشاندانەكان و دەستوەردانی لایەنە نێوخۆیی و دەر ەكییەكان بگرێت لە خۆپیشاندانەكان، ئاماژەی بە شكشتخواردنی حكومەتیش كردبوو لە» چارەسەركردنی تەنگژەی خۆپیشاندانەكان و پاراستنی خۆپیشاندەران».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ڕیاز محەمەد پەرلەمانتاری هاوپەیمانی سائیرون ڕایگەیاندبوو، ئامانج لە سەردانەكانی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بۆ هەندێك لە وڵاتانی ناوچەكە، پەلێكشكردنی عیراقە بەرەو ئاراستە نەخوازراوەكان.

 192 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*