سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » رەشاد موفتی:زانای مەزن‌و وڵاتپەروەری دڵسۆزپەڕە 25

رەشاد موفتی:زانای مەزن‌و وڵاتپەروەری دڵسۆز

خەلیل عەبدوڵڵا

بەو زمانی كوردییە شیرین زمان
بەحسی گەورەی هەردوو عالەم كەم بەیان
یان نەڵێن كوردی نیە مەدحی نەبێ‌
من وەهام نووسی كە كەس قەدحی نەبێ‌

بنەماڵەی موفتی یەكێك لەبنەماڵە دێرین‌و ناسراوەكانی شاری هەولێرن ، مێژووی ئەوان ئاوێزانی مێژووی قەڵا بووە، ئەم بنەماڵە ناودارە خاوەنی چەندین كەسایەتیی نیشتمانی‌و ئاینی‌و زانستی‌و ئەدەبی‌و كۆمەڵایەتین ، كە لەقۆناغە جیا جیاكاندا خزمەتی زۆریان بە هەولێر‌و كوردستان‌و ناوچەكە كردووە. بەرهەم‌و بەخششەكانیان لە لاپەڕە درەوشاوەكانی مێژووی كوردستاندا بەشانازییەوە تۆمار كراوە.ئەوەی من لەم گۆشەیەدا تیشك دەخەمە سەر ژیان‌و كارو بەرهەمەكانی رەشاد موفتیی ئەستێرەی درەوشاوەی ئەو بنەماڵەیەیە.

رەشاد موفتی كەسایەتییەكی گەورەی نیشتمانی‌و ئاینی‌و ئەدەبی كوردستان بوو، لە‌و رشتە جیاوازانەدا خزمەتێكی زۆری پێشكەش گەل‌و وڵاتەكەی كردووە.

رەشاد كوڕی محەمەد موفتی كوڕی مەلا عوسمان كوڕی مەلا ئەبوبەكر كوڕی حاجی عومەر ئەفەندی ناوی تەواوی ئەم كەسایەتییە گەورەیە‌و بەرەشاد موفتی ناسراوە.

ئەو لە نێو جەرگەی یەكەمین جەنگی گێتی‌و لەساڵی 1915 لە قەڵای دێرین‌و سەركەشی هەولێر لەدایك بووە.

لەو شارەدا خراوەتە بەرخوێندن‌و قۆناغی سەرەتایی خوێندووە. دواتر لای باوكی‌و مەلا ئەفەندی دەرسە ئاینییەكانی خوێندووە‌و زمانەكانی توركی‌و فارسی‌و عەرەبی فێر بووە.

ساڵی 1934 بۆ خوێندن چۆتە زانكۆی ئەزهەر، دوو ساڵ لەو زانكۆیە خوێندوویەتی‌و سەركەوتوو بووە‌و بڕوانامەی وەرگرتووە‌و گەڕاوەتەوە شاری هەولێر.

ئیدی لە مزگەوتی گەورەی قەڵا، كەباوكی پێشنوێژی بووە، خزمەتی كردووە، ئەركی ئاینی‌و وتنەوەی دەرسە ئاینیەكانی لەئەستۆ گرتووە.

دوای كۆچی دوایی باوكی لەساڵی 1946، بووە بەپێشنوێژی مزگەوتی گەورەی قەڵا‌و ئەركە ئاینیەكانی وەك پێشنوێژی‌و وانەوتنەوە‌و فەتوای لەئەستۆ گرتووە.

رەشاد موفتی زانایەكی كوردپەروەر بووە‌و بایەخی زۆری بەزمانی شیرینی كوردی داوە‌و هەوڵی پێشخستنی داوە.

یەكەم مەلا بووە كە لەو ساڵانەدا وتاری نوێژی هەینی بەزمانی كوردی پێشكەش كردووە.

هەروەها مەولودنامەی پێغەمبەری كردووە بەكوردی‌و ساڵی 1950 لەچاپخانەی كوردستانی گیوی موكریانی چاپی كردووە.لە بۆنەی مەولوددا بەزمانی كوردی پێشكەشی ئامادەبوانی كردووە.میعراجنامە‌و ئیسماعیلنامەشی كردبوو بەكوردی‌و چاپی كردبوون.

رێورەسمی حەجی ماڵی خوداشی هەر بەزمانی كوردی بەڕێوە بردبوو.

بەهۆی ئەوەی شارەزایی تەواوی لەشەرع‌و یاسادا هەبووە، ساڵی 1956كراوە بە قازی لە دادگای كەركوك،ساڵی 1957 وەك قازی بۆ دادگای سلێمانی گوازراوەتەوە.

ساڵی دواتر وەك قازی گەڕاوەتەوە دادگای هەولێر‌و تا كاتی خانەنشین بوونی لەساڵی 1978 بەردەوام بووە.

رەشاد موفتی سەرباری كاروباری شەرع‌و ئاینی، بایەخی زۆریشی بەئەدەب بەگشتی‌و شیعر بەتایبەتی دابوو،خاوەنی چەندین دەقی شیعری جوان‌و بەزرە كە بەزمانەكانی ( كوردی‌و عەرەبی‌و توركی‌و فارسی) نووسیونی لە دوو توێی دیوانێكدا چاپ‌و بڵاو كراونەتەوە‌و شیعری بڵاونەكراوەشی هەیە.

بۆ یادی كۆچی دوایی كانی شاعیر ئەم شیعرەی نووسیوە:

بیر لە مێژووی كۆچی شاعیر واجبی ئینسانی یە
با لەبۆ هەمووی بنێرین فاتیحەی رەحمانی یە
كۆڕەكەی ئەمرۆكەمان بۆ شاعیرێكە زۆر بەناو
جەبری نەقسی شیعرە جەببارە، تەخەلوس كانی یە

رەشاد موفتی زانایەكی كراوە بووە، بەشداری رێو رەسمە ئاینی‌و ئەدەبی‌و كۆمەڵایەتییەكانی كردووە.

ئەندامی یەكێتیی نووسەرانی كورد‌و كۆڕی زانیاری كورد‌و سەرۆكی ئەنجومەنی زانایانی هەولێر بووە.

رەشاد موفتی بەحوكمی ئەوەی زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی‌و توركی بەباشی زانیوە، خاوەنی كتێبخانەیەكی دەوڵەمەند بووە، سەدان كتێب‌و دەستنووسی بەنرخی بەزمانی كوردی‌و زمانەكانی دیكە تێدا بووە‌و وەك یادگار لەدوای بەجێماوە‌و نووسەران‌و توێژەران‌و خوێندكارانی ماستەر‌و دكتۆرا بۆ نووسینی تێزەكانیان سوودی لێوەردەگرن.

رەشاد موفتی خاوەنی زیاتر لە 20 كتێبی بەهاداری ئەدەبی‌و ئاینیەكە بەزمانەكانی كوردی‌و عەرەبی نووسیونی‌و چاپكراون.

چەندین دەستنووسی بەنرخیشی لەدوا بەجێماوە‌و تائێستا چاپ نەكراون.

پاش خزمەتێكی زۆر بەبوارەكانی ئاینی‌و ئەدەبی‌و مێژوویی، رۆژی 12ی ئەیلولی 1992، رەشاد موفتی زانا‌و ئەدیب‌و كوردپەروەر، لەشاری هەولێر كۆچی دوایی كرد‌و لە گۆڕستانی بنەماڵەكەیان لە گوندی باداوە بەخاكی نیشتمان سپێردراو چووە ریزی سەروەرانی كوردستانەوە.

دروودی رێز‌و وەفا‌و ئەمەكداری بۆ گیانی پاك‌و پیرۆزی، رەشاد موفتیی زانای ناودار‌و شاعیری بەتوانا‌و كوردپەوەری دڵسۆز.

 199 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*