سەرەکی » راپۆرت » ״جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكان و ئامادەكاریی تەواو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە״

كۆمسیۆنیش مەرجی هەیە

״جێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكان و ئامادەكاریی تەواو بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە״

راپۆرت

هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق، مشتومڕی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، تەنانەت مەرجەعی باڵای شیعەكان، پشتیوانیی خۆی بۆ هەڵبژاردنێكی شەفاف دەربڕیوە‌و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش لە عیراق، پێنج مەرجی دیاریكردووە.

راگەیەنراوی نووسینگەی مەرجەعی باڵای شیعەكان
دوای ئەوەی رۆژی یەكشەممەی رابردوو، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، لەگەڵ جینین بلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لەعیراق كۆبۆوە، نووسینگەکەی لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرایكرد: گفتوگۆ لەبارەی چەند پرسێكی گرنگەوە كراوە، لەوانە، پێویستە هەلومەرجی پێویست بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن بڕەخسێنرێت، كە ئاستێكی بەرزی متمانە بە ئەنجامەكانی ببەخشێت، بۆیە پێویستە ئەو هەڵبژاردنە بەپێی یاسایەكی دادپەروەرانە و دوور لە بەرژەوەندیی تایبەتی هەندێك لایەنی سیاسی بەڕێوەبچێت.

روونیشیكردەوە: پێویستە حكومەتی ئێستای عیراق بە بەهێزییەوە بەردەوام بێت لەو هەنگاوانەی لەپێناوی جێبەجێكردنی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ‌و كۆنتڕۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان ‌و باشكردنی توانای هێزە ئەمنییەكان گرتوونییەتەبەر.

هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: پێویستە هەنگاوی جددی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی و هەڵدانەوەی دۆسێ گەورەكان بەپێی یاسا بگیرێتەبەر و بە جددی كار بۆ ئاشكراكردنی هەموو ئەو كەسانە بكرێت كە تاوانكارییان دەرهەق بە خۆپیشاندەران یان هێزە ئەمنییەكان یان هاووڵاتیانی ئاسایی كردووە.

لە راگەیەنراوەكەدا ئەوەش خراوەتەڕوو كە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و بەرگرتن لە پێشێلكردنی و وەستانەوە لە دژی دەستتێوەردانی دەرەكی لە كاروباری وڵات، لە بەرنامە‌و هەوڵە جددییەكانی حكومەتی ئێستای عیراقدا بێت.

كۆمسیۆن: نوێنەران یاسای هەڵبژاردنەكان پەسەند بكات
دوای راگەیەنراوەكەی نووسینگەی سیستانی، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانیش، رایگەیاندووە: گرنگی زۆر بە راگەیەنراوە مێژوویی و گرنگەكەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەدەن، كە ئەو راگەیەنراوە دەرخەری ئەوە بوو مەرجەعییەت گرنگی بە هەڵبژاردنی پێشوەخت بەشێوەیەكی شەفاف دەدات. هەروەك پابەندی خۆیشی دەربڕیوە بەجێبەجێكردنی ئەركە دەستوورییەكانی؛ لەو پرۆسەیەدا.

هەروەها، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، پێنج مەرجی داناوە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، كە مەرجی یەكەمیان ئەوەیە دەبێت ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یاسای هەڵبژاردنەكان بە خێراترین كات پەسەند بكات. دووەم مەرجی كۆمسیۆنیش، بریتییە لەوەی كە ئەنجومەنی نوێنەران پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی تەواو بكات، چونكە تاكە هۆكارە لەڕێگەیەوە رەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بدرێت. هەرچی مەرجی سێیەمیشە دەبێت حكومەت بودجەی هەڵبژاردن دەستەبەر بكات و پێویستییەكانی كۆمسیۆن دابین بكات. لە چوارەم خاڵیشدا، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق داوایكردووە كە ئەنجومەنی وەزیران رەزامەندیی دەرببڕێت لەسەر دامەزراندنی بەڕێوەبەرانی گشتی، كە لەلایەن ئەنجومەنی كۆمسیۆنەوە هەڵبژێردراون، لە مەرجی كۆتاییشدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق داوای لە نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە، تاكو هاوكارییان بكەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چاودێریش بن بەسەر پرۆسەكەوە، بۆئەوەی بەشێوەیەكی ئازادانە‌و شەفاف و بێ كێشەیەكی ئەوتۆ، كە شایانی باسكردن بێت، بەڕێوەبچێت.

وەڵامی سەرۆك وەزیرانی عیراق
لای خۆیشییەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، وەڵامی داواكارییەكانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی دایەوەو دووپاتیكردەوە كە»حكومەتی نوێی عیراق بەردەوام دەبێت لە هەنگاوەكانی بەرەو چاكسازی و سزادانی تاوانباران».

كازمی لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئاراستەو داواكارییەكانی مەرجەعیەت، ئەولەویەتی سەرجەم عیراقییەكانەو حكومەتیش سەرباری ئەو ئاستەنگانەی روبەڕوی دەبنەوە، پابەندە بەئەنجامدانی هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا، لەگەڵ پاراستنی سەروەریی عیراق و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی چەك بۆ دەستی دەوڵەت، هەروەك جەختیشیكردۆتەوە كە سوورن لەسەر سزادانی ئەو كەسانەی دەستیان لە كوشتنی عیراقییەكاندا هەیە، بۆ ئەوەش راگەیەنراوەكەی كازمی، تەئكیدیكردۆتەوە كە قۆناغی یەكەمی لێكۆڵینەوەكان لەسەر كوژرانی خۆپیشاندەران كۆتاییهاتووەو بەمنزیكانە قۆناغی دووەم دەستپێدەكرێت.

بەبڕیاری سەرۆك وەزیرانی عیراق، بڕیارە رۆژی 6ی مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عیراق بەڕێوەبچێت ‌و پڕۆسەكەش لەنێو لایەنگران و نەیارانیدایە، بەشێوەیەك، لایەنگرانی داوادەكەن لەو وادەیەدا بەڕێوەبچێت و نەیارانیش دەڵێن، كە ناتوانرێت تا ئەو وادەیە ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنێكی پاك بكرێت لەهەموو رووەكانەوە.

print

 105 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*