سەرەکی » وەرزش » پیانیچ وەكو یاریزانی نوێی بارسێلۆنا ناسێنرا

پیانیچ وەكو یاریزانی نوێی بارسێلۆنا ناسێنرا

میرالیم پیانیچی بۆسنی وەكو یاریزانی نوێی یانەی بارسێلۆنا ناسێندراو ئەو یاریزانەش ئاماژەی بەوەدا خەونی منداڵی بەدی هێناو هیوای ئەوەشی خواست سەركەوتنی گەورە بنووسێتەوە.

پیانیچ لە ماوەی رابردوو بەرامبەر بە 60 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بارسێلۆناوە كرد و بۆندەكەی بۆ ماوەی 4 وەرز بوو.

بەڵام ئەو یاریزانە تا كۆتایی وەرز لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس بوو دوای كۆتایی پشووەكەی توشی كۆرۆنا بوو بەهۆی ئەمەش گەشتی بۆ بارسێلۆنا دواكەوت.

دوای چاكبوونەوەشی ئەو یاریزانە چەند رۆژێكە هاتۆتە شاری بارسێلۆنا و بەتەنها راهێنانی ئەنجام داوەو دواجاریش لە بارەگای یانەكە ئیمزای لەسەر بۆندی پەیوەندی كردنی بە یانە كەتەلۆنیەكە كرد.

ئەو یاریزانە لە نێو یاریگای كامپ نو درێسە نوێیەكەی ئاشكرا كرد كە بڕیاری داوە درێسی ژمارە 8 بپۆشێت.

لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی ناساندنیشی وتی: دەمەوێت سوپاسی سەرۆكی یانەكەو ئەبیدال بكەم كە ئەوان هۆكاربوون بۆ ئەوەی پەیوەندی بە یانەكەوە بكەم، هەست بە شانازی دەكەم كە درێسی بارسێلۆنا دەپۆشم، دەجەنگم بۆ ئەوەی نازناو لەگەڵ یانەكە ببەمەوە.

وتیشی: كاتێك منداڵ بووم خەونم بە یاریكردن بۆ بارسێلۆنا دەبینی و ئەمڕۆش بوومە یاریزانی گەورەترین یانە لە جیهاندا، بەهیوام بتوانم یارمەتی یانەكە بدەم بەتایبەت كە شێوازی یاریكردنم لەگەڵ یانەكە دەگونجێت.

سەبارەت بە جێهێشتنی یۆڤانتۆسیش وتی: رۆیشتن لە یۆڤانتۆس قورس بوو چونكە یانەیەكی زۆر باشم جێهێشت، بەڵام یاریزانی تۆپی پێ هەمیشە بەدوای گەشەكردن و ركابەری نوێ دەگەڕێتەوە، بۆیە دوای 9 ساڵ لە ئیتاڵیا دەبوو بەدوای ئامانجی نوێ بگەڕێم و بارسێلۆناش خەونی من بوو.

وتیشی: راستە ئارەزوم دەكرد كاتێكی زووتر بهاتمایەتە بارسێلۆنا بەڵام میركاتۆی یاریزانان بەدەست من نییە، لەماوەی رابردوو بۆ تیپی زۆر باش یاریم كردوەو رێزیان دەگرم و پێم وایە بەهۆی ئەوانەوە من ئێستا لە بارسێلۆنام.

سەبارەت بە رۆڵی لە یاریگا: چەند جارێك لەگەڵ كومان قسەم كردوە بەڵام نازانم رۆڵی من چۆن دەبێت بەهیوام بەزووترین كات بەشداری راهێنانی بە كۆمەڵ بكەم بۆ ئەوەی بزانم چ رۆڵێكم دەبێت و پێشتر لە هەموو شوێنەكانی هێڵی ناوەند یاریم كردوەو ئەو داوای چی بكات ئەوە دەكەم.

سەبارەت بە یاریكردن لە پاڵ مێسی پیانیچ وتی: بەخت یاوەرم بووە كە لە پێشوو لەگەڵ یاریزانانی مەزنی هاوشێوەی تۆتی و رۆناڵدۆ یاریم كردوەو ئێستاش لەگەڵ مێسی یاریدەكەم كە لای من باشترین یاریزانی مێژووە، دەمزانی مێسی ناڕوات چونكە ناتوانی بیر لەوە بكەیتەوە مێسی بە درێسێكی تر جگە لە بارسێلۆنا یاری بكات.

 81 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*