سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەواڵنامەی ئەڵمانیا

هەواڵنامەی ئەڵمانیا

ژمارەیەک کورد لەهەڵبژاردن بردیانەوە
یەکشەممەی ڕابردوو لە هەرێمی نۆردراین فێستیڤاڵی هەردوو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری خۆگونجاندن بەڕێوەچوو، لە یەکەمیاندا پارتی دیموکراتی کریستیان، پارتەکەی مێرکل بە%36 یەکەم و سۆسیال دیموکرات بە%23,5 دووەم و پارتی سەوز بە%19 سێیەم بوو ، هەریەک لە کاروان محەمەد خۆشناو لە ئەنجومەنی شارەوانی ئۆیسکێرشن/ لیستی سۆسیالدیموکرات وخاتوو دیلان یازیج ئۆغلۆ و خاتوو دیاری کاراداغ ، وەسفی بۆزکۆت / لیستی سەوزەکان لە شارەوانی کۆڵن و سەرحەت سەرێ کایا/ لیستی ئازاد لەشارەوانی سوندەرن وفەوزی دلبەرو ڕۆدا عەلی و دڵسۆز سەلام بۆ ئەنجومەنی خۆگونجادنی شارەکانی بۆن و مونستەر و دیورن سەروکورسیان بەدەستهێنا، لەهەردوو هەڵبژاردنی ئەو هەرێمە18 ملیۆنیەدا نزیکەی 200 کورد کاندیدکردبوو.

ئەڵمانیا دوو ملیار یۆرۆ دەداتە عیراق
هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەدوای کۆبونەوەی لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی لە بەرلینی پایتەخت ئاشکرایکرد کە حکومەتی ئەڵمانیا دوو ملیار یۆرۆ دەبەخشێتە عێراق بۆ چارەسەری کێشەی ئەمنی و بەرەنگاری داعش وهەڵسانەوەی ئابورییەکەی.

گەشتی ئاسمانی بۆ هەموو دونیا دەستپێدەکاتەوە
حکومەتی ئەڵمانیا بڕیاریدا لە1 ی ئۆکتۆبەرەوە گەشتی ئاسمانی بۆ ئەو 160 وڵاتە دەستپێبکاتەوە کەبەهۆی کۆرۆنا ڕایگرتبوون، بەڵام هەفتانە ئەو شار و ووڵاتانە وەک ناوچەی پڕ مەترسی دەستنیشاندەکات کە کۆرۆنای زۆر لێیە.

پارە دەدرێتە کۆمپانیاکانی دروستکردنی دژەکۆرۆنا
ئەنیا کارلتشیک وەزیری پەروەردە و توێژینەوەی زانستی ئاشکرایکرد، حکومەتەکەیان بڕی 750 ملیۆن پێشکەش بە سێ کۆمپانیای دروستکردنی دەرزی دژەکۆرۆنا (بیونتیک، کۆرفاک، ئەی دی تی بیۆلۆجیکا) کردووە تا پەلەبکەن لەو بەرهەمهێنانە کە ئێستا گەیشتۆتە قۆناغی سێیەم، هەروەها پێشبینی ئەوەیکرد لە مانگی داهاتوودا لە ئەڵمانیا بەرهەم بهێندرێ و لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە رێککەوتون کە سەرەتا 40 ملیۆن دەرزی دروستبکەن.

عەرەبێک کەسێک دەداتە بەرچەقۆ
هەفتەی ڕابردوو لەشاری شتولبێرگ گەنجێکی عەرەبی عێراقی شۆفێرێکی دایە بەرچەقۆ و هاورایشی دەکرد ئەڵاهوئەکبەر کابرای بەخەستی بریندار کرد، بەڵام دەستبەجێ دەستگیرکراوە و پۆلیسی دۆسڵدۆرف ئاشکرایکردوە کە ئەو کەسە باگراوەندێکی ئیسلامی هەیە، ڕونبۆتەوە کە باوکی شوفێرەکەش لەنازیە نوێیەکانە، بەتۆمەتی هەوڵی کوشتن و ئیسلامی ڕادیکال کۆچبەرە عێراقیەکە لەماوەی داهاتودا دادگایی دەکرێت.
کوژمەیەک بۆ پێشخستنی خەستەخانەکان تەرخانکرا.

پێرێ پەرلەمانی ئەڵمانیا Bundestag بەزۆرینەی دەنگ ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر پڕۆژەیەکی « یەنس شوبان» وەزیری تەندروستی بە خەرجکردنی سێ ملیار یۆرۆ بۆ پێشخستنی زیاتر لە 2000 خەستەخانەی ئەڵمانیا لەڕووی خزمەتگوزاری وئامێری تەکنۆلژی تازەدا، بڕیارە هەرێمەکانیش بە بڕی 1,3 ملیار هاوکاری پڕۆژەکەبکەن و خەستەخانەکان نوێ بکەنەوە.

ژمارەیەک پۆلیس بەهۆی توندڕەویەوە دەرکران
هێربەرت ڕویل وەزیری ناوخۆی هەرێمی نۆردراینڤێستڤاڵن ئاشکرایکرد لەم ڕۆژانە لە هەڵمەتێکیاندا لە هەرێمەکەیان بۆسەر تۆمەتباران 29 پۆلیسیان دەستگیرکردوە خستویانەتە بەردەم دادگا بەتۆمەتی پەیوەندیان بە گروپە توندڕەوەکانەوە و 14 یان لەکارەکانیان دوورخراونەتەوە، بۆیان دەرکەوتوە ئەوانە حەوت ساڵە پەیوەندیان بەوتوندڕەوانەوە هەیە کە دەیانەوێت سەردەمی ئیمپراتۆریەتی نازیەت بژێینەوە، کەئەم تاوانە عەیبەیەکی گەورەیە بۆ کارمەندانی فەرمانگەی پۆلیس.

ئەڵمانیا لە توێژینەوە و داهێناندا یەکەمە
بەپێی ئامار و ڕاپۆرتەکانی مونتەدای جیهانی ئابوری ئەڵمانیا لە داهێنان و توێژینەوەی زانستی و ئابوریدا لەسەر ئاستی جیهاندا لە ڕیزبەندی یەکەمدایە، ڕیزبەندییەکەش بەوە هەژمار کراوە کە لەهەر ملیۆنێک کەس چەندە داهێنان کراوە، لەمەدا ئەڵمانیا 290 ی تۆمارکردوە.

کۆچبەرانی لێقەوماو لە یۆنانەوە دەگوازرێنەوە
هەردوو پارتی دەسەڵاتدار پارتی دیموکراتی کریستیان وسۆسیالدیموکرات رێککەوتن لەسەر ئەوەی 1533 کۆچبەر لەیۆنانەوە بگوازنەوە ئەڵمانیا و نیشتەجێیان بکەن، ئەم بڕیارەش لەدوای سوتانی کەمپی مۆریای یۆنان وسەرگەردان بونی 13هەزار کۆچبەر هات کە بوو بە ڕووداوێکی تراژیدی، بڕیاریشیانداوە ئەولەویەت بۆ منداڵانی بێ سەرپەرشتکارو ژن و کۆچبەرە نەخۆشەکان بێت، ئەوانەی کە لەیۆنان مافی پەنابەرێتیان پێدراوە.

کێشەیەک لەسەر بزن دەردەرتە دادگا
لەگوندێکی هەرێمی بایرەن ماڵیکی جوتیار بزن بەخێودەکەن وبۆنی هەوێزی ئەوبزنانە دراوسێکانی هەراسان کردوە، سێ ساڵە ئەو کێشەیە هەیە، بۆیە سکاڵایان پێشکەشکردوە، دوایی سەردانی دادوەر بۆ ئەو شوێنەو کۆکردنەەی زانیاری تەواو دادگای بایرۆییت ئەو کەیسەی یەکلاییکردەوە بەوەی ئەگەر جاری داهاتوو ئەوخاوەن بزنانە بەو بۆنە خەڵکی بێزار بکات ئەوان بڕی 250 هەزار یۆرۆ سزای دەدەن.

سەرچاوە: کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا

 91 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*