سەرەکی » راپۆرت » وەزارەتی دادی عیراق مامه‌ڵه‌كردن به‌ گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب راده‌گرێت

*لیژنه‌یه‌كی وه‌زاریی بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌ كشتوكاڵییه‌كانی كه‌ركوك پێكهێنراوه‌

وەزارەتی دادی عیراق مامه‌ڵه‌كردن به‌ گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب راده‌گرێت

كه‌ركوك، كوردستانی نوێ

به‌پێی نووسراوێكی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جێبه‌جێكردن له‌ وه‌زاره‌تی دادی عیراق، كاركردن به‌ گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب له‌ پارێزگای كه‌ركوك راده‌گیرێت.

ناوه‌ڕۆكی نووسراوه‌كه‌
به‌پێی نووسراوه‌كه‌ كه‌ له‌ رۆژی 23/9/2020، به‌ ئیمزای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی جێبه‌جێكردن له‌ وه‌زاره‌تی دادی عیراق ده‌رچووه‌ و ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی جێبه‌جێكردن له‌ پارێزگاكانی نه‌ینه‌وا، سه‌ڵاحه‌ددین، كه‌ركوك، دیاله‌، نه‌جه‌ف، كه‌ربه‌لا و ئه‌نبار كراوه‌ و له‌ ژێر ناونشینانی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستووره‌، ئاماژه‌ به‌ بڕگه‌ی 4 له‌ بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی جێبه‌جێكردنی ماده‌ی 140ی ده‌ستوور داوه‌ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی ماده‌ی 140 ده‌یانگرێته‌وه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ پارێزگای كه‌ركوك.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ بڕیارێكی دیكه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ ساڵی 2012 كردووه‌ كه‌ خۆی له‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆی بڕیاره‌كانی لیژنه‌ی كاروباری باكووری هه‌ڵوه‌شاوه‌ ده‌بینێته‌وه، كه‌ له‌ رێگه‌یه‌وه‌ گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌.

له‌ نووسراوه‌كه‌دا هاتووه‌ «كاری پێویست بكه‌ن بۆ راگرتنی مامه‌ڵه‌كردن به‌ گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی ته‌عریب تا ئه‌وكاته‌ی له‌وباره‌یه‌وه‌ رێنمایی نوێ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ده‌رده‌چێت» به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا لیژنه‌یه‌كی وه‌زاریی پێكهێنراوه‌ بۆ دیراسه‌كردنی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق.

گرنگیی بڕیاره‌كه‌
له‌وباره‌یه‌وه‌ حه‌سه‌ن عه‌لی پارێزه‌ر و یاساناس له‌ دادگای كه‌ركوك له‌ لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، ده‌رچوواندنی ئه‌و بڕیاره‌ به‌ كارێكی گرنگ و پێویست ناوبرد و وتیشی: به‌پێی ئه‌م بڕیاره‌ نوێیه‌ی وه‌زاره‌تی داد، هه‌ر رێکارێک پێچه‌وانه‌ی ماده‌ی 140 بێت نابێت له‌مه‌ودوا له‌ دادگاكان كاری پێبكرێت، چونكه‌ به‌و بڕیاره‌ جگه‌ له‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردن به‌ گرێبه‌ستی كشتوكاڵیی ته‌عریب له‌ كه‌ركوك راگیراوه‌، له‌ هه‌مانكاتدا ئه‌و بڕیار و رێنماییانه‌ بیر هه‌موولایه‌ك هێنراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت كار به‌ ناوه‌ڕۆكی بڕیاره‌كانی حكومه‌تی عیراق و لیژنه‌ی ماده‌ی 140 بكه‌ن، راشیگه‌یاند: ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی جێبه‌جێكردنه‌وه‌، تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ كرۆكی كاره‌كانی گرێبه‌سته‌ كشتوكاڵییه‌كانی تێدا كۆده‌بێته‌وه‌.

 259 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*