سەرەکی » ئابووری » پلاندانانی هەرێم پلانی ستراتیژی بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێم دادەڕێژێت

״دەمانەوێت داهاتی هەرێم تەنیا نەوت نەبێت״

پلاندانانی هەرێم پلانی ستراتیژی بۆ بووژانەوەی ئابووریی هەرێم دادەڕێژێت

فەتاح حەسەن قەڵاتی – هەولێر

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەی پلانی ستراتیژی‌و پڕۆژەی هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت‌و گشتی بۆ پەرەپێدان‌و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان دادەڕێژێت‌و بڕیارە لەداهاتوودا كار بە جێبەجێكردنی ئەو پلان‌و پڕۆژانە بكرێت.

دیدگای حكومەت بۆ 10 ساڵی داهاتوو
سەبارەت بە پڕۆژەی پلانی ستراتیژی حكومەتی هەرێم لەبواری ئابووریدا كە لەماوەی رابردوودا راگەیەنرا، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم لە دیدارێكی تایبەتدا بە كوردستانی نوێی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە دیدگای حكومەتی هەرێمە بۆ ماوەی (10) ساڵی داهاتوو، بەمەش دەمانەوێت لەماوەی چوار ساڵی ئەم كابینەیەدا بەشێك لەو پلانە ستراتیژییە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بەرجەستە بكەین‌و بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەم پڕۆژە پلانە ستراتیژیەش هەموو سێكتەرە جیاوازەكانی بواری پەروەردەو تەندروستی‌و پەرەپێدان‌و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان (كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، بازرگانی‌و رێگاوبان‌و گواستنەوە، ئاوەدانكردنەوە، پەروەردە‌و تەندروستی) دەگرێتەوە، بەمەش دەمانەوێت لەچوارچیوەی ئەم پلانە ستراتیژییەدا بەراوردكارییەك لەنێوان رەوشی ئابووریی ئێستای هەرێمی كوردستان‌و 10 ساڵی داهاتووی ناوچەكەمان بكەین، بەمەش كابینەكانی داهاتووی حكومەتی هەرێم تەواوكار و درێژەپێدەری ئەم پلانە ستراتیژییە دەبن.

وتیشی: «لەچوارچیوەی جێبەجێكردنی ئەم پلانە ستراتیژییەدا سوود لە ئەزموون‌و شارەزایی وڵاتە پێشكەوتووەكانی جیهان لەسێكتەرە جیاوازەكانەوە وەردەگرین، چونكە ئێمە دەمانەوێت داهاتی سەرەكی هەرێمی كوردستان تەنیا نەوت‌و سووتەمەنی نەبێت، بەڵكو دەمانەوێت سوود لە تەواوی دەرامەتە سروشتیەكانی هەرێم وەربگرین بۆ بووژانەوەی هەموو سێكتەرە ئابوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەوانیش لەداهاتوودا ببن بە سەرچاوەیەك لە سەرچاوەكانی داهاتی ئابووریی ناوچەكەمان‌و لەو رووەوە زیاتر گرنگی بە كەرتی تایبەت بدرێت بۆ ئەوەی شانبەشانی كەرتی گشتی (حكومەت) بواری ئابووریی هەرێم بەرەو پێشەوەبچێت‌و بەرهەمی خۆماڵی زیاد بكات‌و بازاڕی بەرهەمە خۆماڵیەكان لەهەرێم گەرم‌و گوڕی بەخۆیەوە ببینێت‌و هەلی كاری زیاتریش بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بكرێت.

هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت‌و گشتی
بەوتەی وەزیری پلاندانانی هەرێم، ئێستا سەرقاڵی داڕێشتنی پڕۆژە پەیڕەوێكین بۆ هاوبەشیكردنی كەرتی تایبەت‌و گشتی بەیەكەوە بۆ ئاوەدانكردنەوەو بووژانەوەی ئابووریی هەرێم‌و چاوەڕوانیش دەكرێت ئەم پەیڕەوە لەناوەڕاستی مانگی (3)ی ساڵی داهاتوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت. مەبەست لەم پڕۆژەیەش ئەنجامدانی خزمەتگوزاری زیاترە بۆ هاووڵاتیانی هەرێم لەگشت سێكتەرە جیاوازەكان، لە چوارچیوەی ئەم پڕۆژەیەشدا هەموو وەزارەت‌و سێكتەرە جیاوازەكانی حكومەتی هەرێم دەتوانن گرێبەست لەگەڵ كەرتی تایبەتدا بكەن بۆ ئەنجامدانی پلان‌و پڕۆژەكانیان‌و ئەمەش دەبێتە پاڵپشتییەك بۆ كەرتی تایبەت لەلایەك‌و زیادكردنی بەرهەم‌و داهاتی ئابووریی ناوخۆیی‌و رەخساندنی هەلی كار، كە هەنگاوێكی گرنگ دەبێت بۆ پەرەپێدان‌و بووژانەوەی ئابووریی هەرێم.

د.دارا رەشید باسی لەوەشكرد، لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژە هاوبەشەی نێوان كەرتی گشتی‌و تایبەت، حكومەتی هەرێم هیچ بودجەیەك بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە ئابووری‌و خزمەتگوزارییەكان تەرخان ناكات، بەڵكو كەرتی تایبەت لەسەر بودجەی خۆی پڕۆژەكان ئەنجام دەدات‌و دواتر كەرتی تایبەت بەشێوەی مانگانە یاخود ساڵانە، ئەوا باج‌و رسومات لەسێكتەرە جیاوازەكان ئەگەر سێكتەرە ئابوورییەكان بێت یاخود سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان لەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی وەردەگرێتەوە، بەڵام ئەو بڕە پارەیە بە فیعلی لەپڕۆژە خزمەتگوزارییەكان خەرج دەكرێت.

سەبارەت بە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ئابوورییەكان، وەزیری پلاندانانی هەرێم وتی: «لەهەرێمی كوردستان چەندین ئەنجومەنی باڵای وەكو (ئابووری، دارایی، وەبەرهێنان‌و نەوت‌و غاز)مان هەیە، بۆیە هەر قەیرانێك كە روو لەهەرێم بكات راستەوخۆ ئەنجومەنی باڵای تایبەتمەند كۆدەبێتەوەو پلانی گونجاو بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكە دادەڕێژێت‌و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، خۆشبەختانە حكومەتی هەرێم لەچەند ساڵی رابردوودا توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر هەموو ئەو قەیرانانەی كە روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە».

كێشەی تاك سەرچاوەیی داهات
سەبارەت بە پەرەپێدان‌و بووژانەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، د.دارا رەشید وەزیری پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، لەڕابردوودا هەردوو حكومەتی عیراق‌و هەرێم پاڵپشتی تەواوی بودجەو داهاتیان لەسەر نەوت‌و سامانە نەوتیەكان بووە، ئەمەش هەڵەیەكی گەورە بوو، بەپێچەوانەی وڵاتێكی وەكو ئێران كە بەشێكی كەمی بودجەو داهاتی وڵات لەسەر نەوت دیاری دەكات‌و بەشە هەرە زۆرەكەی بودجەو داهاتی ساڵانەی وڵاتەكەی لەسەر داهاتی سێكتەرە ئابوورییەكانی وەكو پیشەسازی‌و كشتوكاڵ‌و گەشتوگوزارو بازرگانی دیاری دەكات، بۆیە لەداهاتوودا پلانی حكومەتی هەرێم گۆڕانكاری بەسەردا دێت‌و دەبێت داهاتی نەوت وەك بەشێك بێت لەداهاتی هەرێم‌و شانبەشانی داهاتی سێكتەرە ئابووری‌و خزمەتگوزارییەكانی ترەوە، چونكە هەرێمی كوردستان زۆر دەوڵەمەندە بەهەموو جۆرە دەرامەتە سروشتییەكانی دیكەوە، هەر لەڕووی خاكی جۆراوجۆری بەپیت‌و ئاو و هەوای سازگار و زۆری دەرامەتە سروشتی‌و كانزاییەكان‌و هێزی كاری مرۆیی شارەزاو چالاك، بەمەش دەتوانرێت بەرهەمی خۆماڵی وڵاتەكەمان لەڕووی چەندایەتی‌و چۆنایەتیەوە پەرەی پێبدرێت، چونكە ئەمانە چەندین هەلومەرجی سروشتی‌و مرۆیی گونجاون بۆ پەرەپێدان‌و بووژانەوەی ئابووری لەناوچەكەماندا.

پاڵپشتی لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە
وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، حكومەتی هەرێم لە پلانیدایە لەداهاتوودا پاڵپشتییەكی تەواوی وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و دەرەوە لەسێكتەرە جیاوازەكان بكات، بۆ ئەوەی پڕۆژەی ئابووری‌و وەبەرهێنان لەسێكتەرە جیاوازەكان بەتایبەتیش لەبوارەكانی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی‌و گەشتوگوزار ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی بەرهەم‌و داهاتی ناوخۆمان زیاد بكات‌و پشت بە بەرهەمی خۆماڵی ببەستین‌و لەهەمان كاتیشدا دەرفەتی كاركردن بۆ ژمارەیەكی زۆر لەهاووڵاتیانی هەرێم دەستەبەر بكەین.

سەبارەت بەبواری راهێنان‌و پەرەپێدانی توانای مرۆییەوە، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم ئاشكرایكرد، لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەرەپێدانی مرۆیی سەر بە وەزارەتەكەمان فەرمانگەی (KIPA)مان هەیە كە ئەم فەرمانگەیە حكومەتی هەرێم‌و رێكخراوی كۆیكای كۆری پاڵپشتییەكی زۆر دەكرێت، ئێمەش وەك وەزارەتەكەمان هەفتانە خولی راهێنان‌و پەرەپێدان بۆ ژمارەیەكی زۆر لە فەرمانبەران‌و كارمەندانی حكومەتی هەرێم لەبوارە جیاوازەكان دەكەینەوە.

 705 جار بینراوە