سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » سەرۆك مام جەلال

سەرۆك مام جەلال

کوردستانی نوێ- ڤینۆس تۆفیق

لەساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال-دا کوردستانی نوێ چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ هەڤاڵ فریاڵ عەبدوڵڵا – ئەندامی سەركردایەتی ی ن ك ئەنجامدا.

کە ئەمەی خوارەوە دەقی چاوپێکەوتنەکەیە.

سەرەتا سەری ڕێز و نەوازش بۆ سەركردەی مەزنی میللەتی كورد و یەكێتی نیستمانیی كوردستان و عیراق سەرۆك مام جەلال دادەنەوێنم لە یادی سێ ساڵەی كۆچی دواییدا . ئەوەی كە مایەی شانازییە سەرۆك مام جەلال گەورەترین ڕۆڵی هەبووە وەك سەركردەیەك، نەك لەسەر ساحەی كوردستانیی بەڵكو لەسەر ساحەی عیراقی و ساحەی عەرەبی و جیهانیشدا. ئەوەی كە سەرۆك مام جەلال ڕۆڵی تێدا بینییوە كاركردن بووە بۆ بەدیهێنانی دیموكراسییەت وە كاركردن بووە بۆ بەدیهێنانی بنەماكانی دیموكراسییەت لە مافی دەنگدان ، خۆ پاڵاوتن ، هەروەها پێكەوە ژیان و ئاشتیی و تەبایی لە نێوان پێكهاتە و مەزهەبەكانی عیراقدا. سەرۆك مام جەلال لە دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە بەدیهێنانی حكومێكی تری دیموكراسی كە خەڵك تێیدا ئازادانە سەركردەكانی خۆیان هەڵبژێرن ، نوێنەرانی خۆیان بۆ پارلەمان هەڵبژێرن چ لە هەرێمی كوردستان و چ لە عێراق ، مێژووش شاهیدی ئەوەیە. مام جەلال ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە نوسینەوەی دەستور و سەرۆكایەتی كردنی مەجلیسی حوكمی ئەوكاتە ، هەروەها كە هەڵبژێردرا بە سەرۆك كۆماری عیراق باشترین ڕۆڵی بینیوە و مام جەلال وەسفكراوە بە سەمام ئەمانی عیراق ،دیارە ئەوەش لەخۆیەوە نەهاتووە. لە دەستدانی سەركردەیەكی وەكو مام جەلال خەسارەتێكی گەورەبوو بۆ عیراق و ناوچەكە لەبەر ئەو ڕۆڵەی كە بینیویەتی بۆ ئاشتەوایی لە ناوچەكەدا . سەرۆك مام جەلال كە باس لە ئاشتەوایی دەكەین لە ناو پێكهاتەكانی عیراق و دراوسێكان و وڵاتانی هەرێمایەتی ، ڕۆڵی سەرۆك مام جەلال گرنگ دەردەكەوێت . عیلاقاتی لەگەڵ حكومەتی ئێران و دراوسێكانی تر وەكو توركیا ، وەكو كوەیت ،كە كوەیت لەلایەن ڕژێمی عیراقەوە داگیركرا بەڵام سەرۆك مام جەلال بۆ یادی ئیستیقلال یەكەم سەرۆكی عیراق بوو كە چووە كوەیت و بەشداریی ئەو یادەی كرد. مام جەلال هەمیشە ڕۆڵی ئاشتەوایی بینیوە لە نێوان ئەحزابی موعارەزەی وڵاتان و بۆ نمونەی ڕۆڵی ئاشتی بینیوە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت ئاشتی لە نێوان هێزەكانی پەكەكە لەگەڵ توركیا كە ئەوكاتە لە شەڕ و ناكۆكیدا بوون. مام جەلال ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە كۆكردنەوەی هەموو هێزەكانی موعارەزەی عیراقی بۆئەوەی بتوانن باشترین چارەسەر بدۆزنەوە و بگەنە ڕێكەوتن . بۆ كوردستان هەوڵی گەورەی داوە لەو كاتەی لە یەكێتی قوتابیانی كوردستان بووە لە پەنجاكاندا چۆن لە بەرلین لە ئەڵمانیا بە جلی كوردییەوە خۆی و هەڤاڵەكانی ویستویانە كورد و جلوبەرگی كوردی بە خەڵك بناسێنن لە كۆنگرەی لاواندا . وڵات نییە تێیدا سەرۆك مام جەلال ڕێزی لێی نەگیرابێت ، لە قاهیرە و زۆربەی وڵاتانی تر ، لە ئەمریكا سەرۆك ئەمریكا باوەشی پێداكردووە لەهەمان كاتدا سەرۆكی ئێرانیش باوەشی پیاكردووە . مام جەلال لە ڕوی دیموكراسییەوە پیاوێكی ئەوەندە مەزن بووە لەلای دۆست و نەیارەوە خۆشەویست بووە ، بۆیە دووبارە دەڵێم لەدەستدانی مام جەلال خەسارەتێكی گەورەبوو بۆ میللەتی كورد و وڵاتانی دراوسێ و ئەو هێزانەی لە پێناو ئاشتی و ئاشتەوایی و دیموكراسیەتدا خەبات دەكەن.

 331 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*