سەرەکی » وتار »  ‌عه‌داله‌ت عه‌بدوللا‌ » نهێنیی گروپی سیاسیی نوێ!پەڕە 2

شیكار

نهێنیی گروپی سیاسیی نوێ!

فرەحزبی لەهەرێمدا، وەك بەشێك لەسیستەمی دیموكراسی لەقەڵەمدەدرێت. گریمانەكە ئەوەیە، ئەگەر باوەڕ بەم سیستەمە بكرێت، ئەوا وەك پرەنسیپ، دەبێ بەهەمان ئەندازە باوەڕ بە فرەحزبییش هەبێت!. ئەگەر ئەمڕۆ هۆكاری بابەتی لەئارادا نەبێ بۆ زیادبوونی رێژەی گروپە سیاسییەكان، بیانوویەك هەر دەمێنێتەوە كە ئازادیی سیاسییە. لەم حاڵەتەدا، رەنگە تەنها دوو رێگە هەبێ كە رێكارییان پێبكرێت بۆ عەقڵانیكردنی ئەم ئازادییە، یەكەمیان، ئەو یاسایانەی وڵات كە ئەم دیاردەیە مەرجبەندو رێكدەخەن، دووەمیان، لەحاڵەتی تێوەگلانی گروپە سیاسییەكان بە ناپاكی، لەبابەت كرێگرتەیی بۆ بێگانە، یان سیخوڕیكردن بەسەر وڵاتەوە.
لەو دوو رێگەیە بەدەر، ئارگۆمێنتی تری عەقڵانی سوودی نییە، بگرە هەندێجار دەشێت بەجۆرێك لەرێگرتن لەئازادیی سیاسی‌و بیانوو بۆ سەركوتكردن لێكبدرێتەوە!، مەبەست لەو ئارگیۆمێنتەیە كە دەپرسێ: كۆمەڵگە تاچەند پێویستی بە فرەحزبییەكی زیادەڕۆیە؟، گروپی سیاسیی نوێ كە دروستدەكرێت، جیاوازیی چۆنایەتیی لەو گروپانەی تر چییە، كە لەئارادان؟، ئایا ئەو ستراتیژو پرۆژانە چین، كە گروپێكی نوێ دەتوانێت بەدییان بهێنێت‌و هێزو گروپە سیاسییەكانی تر نەیانتوانیوە بەدییان بهێنن؟.
بەو مانایانە، دەبینی تاقە رێگە، گرەوكردنە لەسەر یاسا، بەڵام ئاشكرایە لەسیستەمی دیموكراسیدا، یاساكانیش بەلای بەها دیموكراتییەكاندا دایدەشكێننەوە، بۆیە نەزیفی فرەحزبی كوتایی نایەت‌و یاساش چارەی ناكات!، بەڵام ئایا ئەمە ئاساییە؟ ئاخۆ كایەی سیاسەت، بەبێ عەقڵانییەت، ئەڕوا؟ ئایا لەبنەڕەتیشدا، خودی فرەحزبی، زادەی درەوشانەوەی دیموكراسییە، یان دەشێت، هەر پەیوەندیشی پێوە نەبێت؟
ئەم پرسیارانە گرنگن، چونكە لەپەیوەندیدا بەواقعی كوردستانەوە، فرەحزبی بەمانای سوودوەرگرتن نییە لە كەشی دیموكراسی، بەڵكو پەیوەستە بەشكستی كۆمەڵێك پرەنسیپی خودی دیموكراسی خۆیەوە، لەوانە، یەكترقبوڵكردن، جیاوازی، دەستاودەستكردنی دەسەڵات، تازەگەری. غیابی ئەم پرەنسیپانە، فرەحزبیی زیادەڕۆ ئەخوڵقێنێ و دەیكاتە پەرچەكردار. لێرەوە حزبی نوێ بۆیە دروستدەبێت، چونكە ئاڵوگۆڕ لەدەسەڵاتدا نییە، یان جیاوازییەكان هەرس ناكرێن، یان نەفیكردنی یەكتر هەیە، یان نوێبوونەوە روونادات.
واتە لەدایكبوونی گروپی سیاسی نوێ، لەبنەڕەتدا، پرۆژەیەكی عەقڵانی نییە ئەوەندەی پەرچەكردارێكە لەئاست ئەزموونی تێكشكاوی دیموكراسیی هەرێم‌و پرەنسیپەكانی وژیانی حزبایەتی. ئەو گروپانە سوور دەزانن ناتوانن، رادیكاڵانە، جیاوازبن، دەشزانن، گۆڕانكاریی ریشەییان پێناكرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی پێیانوایە خراونەتە پەراوێزەوەو بوونەتە قوربانیی شكستی دیموكراسی، ناچارن، گروپی تری سیاسی دابمەزرێنن‌و لانیكەم گۆڕانكارییەكی رواڵەتی بخوڵقێنن!. نهێنییەكی تر، تێكەڵبوونی بازرگانییە بەكایەی سیاسەت‌و حزبایەتی. لەكوردستاندا بۆ ئەوەی دەستەبەری بازرگانی‌و خەونە تایبەتییەكان بكرێت، دەبێ لەناو كایەی سیاسەتدا پێگەیەكت هەبێت، ئەم پێگەیە وابەستەی ئەوەیە، حزبی سیاسی دروستبكەیت!.

*گۆشه‌یه‌كی رۆژانه‌یه

print

 159 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*