سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » گفتوگۆكانی نوێنەران لەسەر یاسای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت

گفتوگۆكانی نوێنەران لەسەر یاسای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت

دانیشتن و گفتوگۆكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەسەر یاسای هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.

״رێكەوتن لەسەر چەند بنەمایەك كراوە״
هەرێم كەمال ئاغا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەوە رێكەوتن لەسەر چەند بنەمایەك كراوە، وتیشی: چاوەڕوان دەكرێت لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، تەواوی یاساكە یەكلابكرێتەوە، راشیگەیاند: بەپێی ئەو رێكەوتنە، دیاریكردنی بازنەی هەڵبژاردن لەسەر بنەمای ژمارەی كورسی كۆتای ژنانە، واتا لە هەر پارێزگایەك چەند كورسی كۆتا هەبێت، ئەوەندە بازنە دەبێت، بە مەرجێك لە سێ كاندید كەمتر نەبێت و یەكێكیان ژن بێت، ئاماژەی بەوەشدا «یەكێكی تر لەو بنەمایەی رێكەوتنی لەسەر كرا، دەبێ رەچاوی ئەو قەزا و ناحیانە بكرێت كە لەیەكترەوە نزیكن و پێویستە رێكبخرێن، بۆ ئەوانیش دەبێ لە سێ كاندید زیاتر نەبێت»، وتیشی: هەر لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنە و سەبارەت بە بنەمای سێیەم، لەبارەی ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە، لەنێوان فرەبازنە و تاكبازنەدا، رێكەوتن لەسەر چارەسەرێكی مامناوەند كراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە
هەر لەوبارەیەوە، رێزان شێخ دلێر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكان لەبارەی بڕگەكانی یاسای هەڵبژاردنەوە، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە ئەنجومەنی نوێنەران كۆببێتەوە، وتیشی: لە كۆبوونەوەی رابردوودا رێكەوتن لەسەر ژمارەی بازنەكانی هەڵبژاردن كرا، راشیگەیاند: جگە لە پرسی بازنەكانی هەڵبژاردن، گرفتی تۆماری دەنگدەران و ئامادەكارییەكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، پێویستیان بە رێكەوتن و دانانی شێوازێكی گونجاوە.

یەكهەڵوێستیی لایەنە كوردستانییەكان
هەروەها محەمەد شاكر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بەو پرسە رایگەیاند: هەرچەندە ئێمە پێمانباشبوو هەر پارێزگایەك بازنەیەك بێت، بەڵام لەبەرئەوەی لە مادەی پانزەی یاسای هەڵبژاردن بڕیاردراوە فرەبازنە بێت، بەبۆچوونی من ئەوەی دەنگی لەسەر دراوە بۆ دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن بەگوێرەی كورسی كۆتاكانی ژنان، تاڕادەیەك واقیعییە، چونكە لەو سێ پێشنیارەی خرایەڕوو بۆ فرەبازنەیی، ئەوەیان باشترینە، وتیشی: لە پرسی بازنەكانی هەڵبژاردندا پێویستە ئێمە وەكو لایەنە كوردستانییەكان پلانمان بۆ داهاتوو هەبێت و هەماهەنگیی بكەین.

چارەسەرێكی مامناوەن

هەر سەبارەت بەو پرسە، د.یوسف محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی گۆڕان پێیڕاگەیاندین: هەموو سیستمەكانی هەڵبژاردن و شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن، لە سیستمە دیموكراسییەكاندا، لایەنی چاكە و خراپەی خۆیان هەیە، هیچ سیستمێكی هەڵبژاردنیش دادگەریی رەها بەدیناهێنێت، رەنگە سیستمێك بۆ كۆمەڵگەیەك باش بێ، بەڵام بۆ دەوڵەتێكی تر بەكەڵك نەیەت.

هەرلەسەر ئەو بابەتە، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی رایگەیاند: وەكو چارەسەرێكی مامناوەند، هەر پارێزگایەك بەسەر چەند بازنەیەكدا دابەش دەكرێت، وتیشی: هێشتا ناكۆكی لەسەر یەكلاكردنەوەی یاسای هەڵبژاردن ماوە، لەوانە ئەوەی پەیوەندیی بە شێوازی جیاكردنەوەی دەنگەكان و لیستی دەنگدەرانەوە هەیە.

لیژنەی یاسایی نوێنەران پرسی بازنەكانی هەڵبژاردن تاوتوێ دەكات
لەلایەكی دیكەوە، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ تاوتوێكردنی پێشنیازی فراكسیۆنەكان لەبارەی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنەوە كۆبۆوە.

ئەڵماس فازڵ ئەندامی لیژنەی یاسایی بە PUKmediaی راگەیاند: دوێنێ لیژنەی یاسایی بۆ گفتوگۆ و تاوتوێكردنی میكانیزمی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن كۆبۆوە، راشیگەیاند: زەحمەتە لایەنەكان لەبارەی یاساكەوە بگەنە كۆتا داڕشتن، بەڵام لیژنەكە بە ئامادەبوونی فراكسیۆنەكان، رۆژی دووشەممە بۆ جاری دووەم كۆدەبێتەوە، وتیشی: لیژنەی یاسایی بەردەوام دەبێت لە كۆبوونەوەكانی تا گەیشتن بە داڕشتنی كۆتایی یاساكە.

 171 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*