سەرەکی » وتار » بەرەو کۆنگرەی چوارەم

بەرەو کۆنگرەی چوارەم

ئاسۆ شێخ نوری

بابەتی بەستنی کۆنگرەی چوارەم بۆتە داخوازی سەرجەم ئەندام و ئۆرگانەکانی یەکێتی. هیچ ئەندامێکی کارای یەکێتی نییە کە دەرک بەو ڕاستیە نەکات، کە تەنها دەریچەیەک بۆ دەربازبونی یەکێتی لەم پاشا گەردانی و بارودۆخە نا تەندروستەی تێیکەوتوە تەنها کۆنگرەیە.
ئەندامان و کادیران و سەرکردەو بەرپرسە باڵاکان، هەموو تێکڕا داوای بەستنی کۆنگرە دەکەن، بێ ئەوەی بەکردار هەنگاو بنێن بۆ فەراهەمکردنی ئامادەکاریەکانی بەستنی کۆنگرە.
لە کەس شاراوە نییە کە هەندێک لە ناوماندا هەن، ویستیان مانەوەی یەکێتیە بەم بارودۆخە شڵەقاوەی ئێستایەوە، بۆیە هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەیان لێناکرێت هەنگاوی جدی بۆ بەستنی کۆنگرە بنێنن ، بە هەر پاساوێک بێت هەوڵی دواخستن و لەباربردنی خواستی بەستنی کۆنگرە دەدەن. لێرەدا پرسیارێک لەو بەڕێزانە بکەین ئایا جەخت کردنەوە لە پێکهێنانی کۆمسێۆنی باڵای ئامادەکاری کۆنگرەیان بکردایەتەوە باشتر نەبوو لە هەڵوەشاندەوەی مەکتەبی سیاسی؟ ڕاستە مەکتەبی سیاسی لە نێوان ئەندامانی سەرکردایەتیدا هەڵدەبژێررێن و متمانەیان پێ دەبەخشرێت، وە هەر سەرکردایەتیش دەسەڵاتی لێسەندنەوەی ئەو متمانەیەی هەیە.
نزیکەی حەوت ساڵ بەسەر کۆنگرەی سێیەم دا دەگوزەرێت و متمانە بە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بەخشراوەو تا ئێستاش دەست بەکارن و هیچ کەس ناڕەزایی دەرنەبڕیوە، خێرە ئێستا لەسەرو بەندی بەستنی کۆنگرەی چوارەم و نزیک بونەوە، لە هەڵبژاردنە گشتیەکاندا ئەم بابەتە دەجوڵێنرێت و مەکتەبی سیاسی هەڵدەوەشێنن بە جۆرێک دۆخەکە ئاڵۆز دەکەن و سەرکردایەتی لەکاردەخەن و خۆشیان ناتوانن پێکەوەی گرێ بدەنەوەو کۆبونەوەیەکی سەرکردایەتی ئەنجام بدەن. چی دەبوو ئەگەر چەند مانگێکی تریش سەبریان بکردایە تا بەستنی کۆنگرە ئەم بابەتەیان نەوروژاندایە؟
ئێمە بەسەرکردایەتیە ماوە بەسەرچوەکەش ڕازی بووین، کەچی ئەوەشتان پێ ڕەوا نەبینین بە یەکجاری لە بارتان برد .بفەرموون چۆنتان تێکدا ئا بەو جۆرەش ڕێکیبخەنەوەو کۆبونەوەکانتان ساز بدەن تا هەموومان پێکەوە بەرەو کۆنگرەو هەڵبژاردنە گشتیەکان بڕۆین.‌

*لە ئەکاونتی نووسەرەوە.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*