سەرەکی » وتار » شێرزاد شێخانی » عەزیزی‌ عەزوز

هەولێریات

عەزیزی‌ عەزوز

سارانی‌ ناوه‌ڕاستی‌ حه‌فتایه‌كان و دواییش له‌سارانی‌ هه‌شتایه‌كان، مجه‌له‌ی‌ ‌(ئه‌لف باء) هەبوو. ئه‌و مجه‌له‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ سه‌رنوسه‌ره‌كه‌ی‌ كه‌ حه‌سه‌ن عه‌له‌وی‌ بوو، گه‌یشته‌ ‌ ئاستێکی باشی كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌، چونكی‌ گه‌وره‌ترین بیرمه‌ند و نوسه‌ر و قه‌له‌مه‌ دیاره‌كانی‌ عیراق به‌شدارییان تێدا ده‌كرد. بێجگه‌ له‌وانه‌ش لاپه‌ڕه‌ی‌ ئه‌خیری‌ رۆژنامه‌كه‌ ته‌رخان كرابوو لۆ كاریكاتیر.

كاریكاتێریسته‌كی‌ زۆر عه‌بقه‌ری‌ هه‌بوو وێنه‌كانی‌ ده‌كێشا ناوی‌ (عباس فازل) بوو. ئه‌و كابرایه‌ عه‌بقه‌رییه‌ك بوو كه‌س شانی‌ له‌شانی‌ نه‌ده‌دا. كاریكاتێری‌ وه‌های‌ ده‌كرد هه‌م ده‌پسای‌ له‌پێكه‌نیندا، هه‌میش قوڕگت پڕ گریان ده‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و واقیعه‌ تاڵه‌ی‌ خه‌ركه‌كه‌ تێیدا ده‌ژیا له‌سایه‌ی‌ حوكمی‌ به‌عسدا. ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین ئیبداعی‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌بوو كه‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ خۆی‌ به‌ هونه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌یاند. سێ به‌شی‌ عه‌زه‌مه‌تی‌ ئه‌و مجه‌له‌ی‌ (ئه‌لف باء)یه‌ لۆ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، چونكی‌ زۆربه‌ی‌ زۆری‌ خه‌ركه‌كه‌ هه‌ر له‌به‌ر خاتری‌ كاریكاتێره‌كانی‌ عه‌باس فازل ئه‌و مجه‌له‌یان ده‌كڕی‌، چونكی‌ هه‌موومان ده‌مانزانی‌ ئه‌وه‌ مجله‌ی‌ به‌عسه‌ و خه‌ركیش به‌عام كه‌یفیان به‌ ئیعلامی‌ رژێم نه‌ده‌هات به‌س له‌به‌ر خاتری‌ عه‌باس فازل خولیای‌ ئه‌و مجه‌له‌یه‌ بوون.

ته‌بعه‌ن هه‌ر وه‌كی‌ عاده‌تی‌ خۆی‌ رژێمی‌ به‌عس هه‌ر كه‌سه‌ك ناوی‌ ده‌ربكردابایه‌ له‌ناوی‌ ده‌برد. لۆیه‌ ئه‌و هونه‌رمه‌نده‌ عه‌بقه‌رییه‌یان له‌ مجه‌له‌كه‌ ده‌ركرد چونكی‌ وه‌كی‌ ده‌رێن پێی‌ له‌به‌ڕه‌كه‌ی‌ خۆی‌ زیاتری‌ ڕاده‌كیشاو هه‌نده‌ك سنووری‌ ده‌به‌زاند. ئه‌وجا چیرۆكه‌ تراژیدییه‌كه‌ی‌ عه‌باس فازل دیسان هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ كاریكاتێریانه‌ ته‌واوبوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو دوای‌ ده‌ركردنی‌ له ‌مجه‌له‌كه‌ عه‌باس فازل په‌یامه‌كی‌‌ به‌كاربه‌ده‌ستان گه‌یاند كه‌ شه‌ڕه‌ف ناموسی‌ خۆیان و رژێمه‌كه‌شیانی‌ برده‌ كه‌له‌چیخانه‌. چوو عاره‌بانه‌یه‌كی‌ كڕی‌ و هه‌نده‌ك پاكه‌تی‌ له‌سه‌ر داناو له‌پێش ده‌ركه‌ی‌ مجه‌له‌كه‌ پاكه‌تفرۆشی‌ كرد!!.. دواییش هه‌ر به‌ده‌ستكورتی‌ سه‌ری‌ نایه‌وه‌، ئه‌وه‌ش گه‌وره‌ترین په‌یام بوو لۆ رژێمه‌ دیكتاتۆرییه‌كه‌ی‌ به‌غدا. له‌لاپه‌ڕه‌كانی‌ ناوه‌وه‌ش كاریكاتێریسته‌كی‌ دیش هه‌بوو ناوی‌ (خضیر الحمیری) بوو، ئه‌ویش بایی‌ خۆی‌ موبدیع بوو، ئێستاش هه‌ر مایه و كاریكاتیری‌ زۆر جوان و به‌مه‌عنا براو ده‌كاته‌وه‌.

له‌و سه‌ردمه‌ لاپه‌ڕه‌كیش هه‌بوو ئه‌و‌یش كۆمیدی‌ بوو، لاپه‌ڕه‌كه‌ ناوی‌ (عەزیزی‌ عەزووز) بوو، كه‌ خه‌ركی‌ كۆمینته‌كی‌ گچكه‌یان ده‌نووسی‌ وپرسیاریان ده‌ركرد، نوسه‌ره‌كه‌ش به‌ كۆمینتی‌ كۆمیدی‌ جوابیانی‌ ده‌دایه‌وه‌. حه‌تا ئه‌و سارانه‌ی‌ ئه‌خیر كه‌س نه‌یده‌زانی‌ ئه‌و
(عەزوز)ه‌ كێیه‌، چونكی‌ مجه‌له‌كه‌ ناوه‌كه‌ی‌ لۆ كه‌س ئاشكرا نه‌ده‌كرد حه‌تا دوای‌ داخستنیشی‌ له‌ساری‌ 2003 له‌گه‌ر رووخانی‌ رژێمی‌ سه‌دام كه‌س نه‌یزانی‌ كێیه‌. به‌ران له‌و ماوه‌یه‌دا كاریكاتیریستی‌ به‌ناوبانگ (خضیر الحمیری) ئاشكرای‌ كرد كه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و لاپه‌ڕه‌ی‌ ده‌نووسی‌ یه‌ك كه‌س نه‌بوو‌، به‌ركو پێنج كه‌س بوونه‌ یه‌ك له ‌دوای‌ یه‌ك لاپه‌ڕه‌كه‌یان ده‌نووسی‌، كه‌ یه‌كه‌میان نوسه‌ری‌ ته‌نزی‌ ناسراوی‌ عیراقی‌ (داود الفرحان) و دواترشاعیری‌ عیراقی‌ (یوسف الصائغ) دوای‌ ئه‌ویش نوسه‌ری‌ ته‌نزی‌ ناسراوی‌ عیراقی‌ (حسن العانی)، دوای‌ ئه‌ویش نوسه‌ر (رضا الاعرجی) ودوا كه‌سیش (ضیاء نوری) بوو.. سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ هه‌موو ژیانمان كاره‌سات و كوشتوبڕ و چه‌وساندنه‌وه‌ بوو، به‌س دائیم په‌نجه‌ره‌یه‌ك هه‌بوو هه‌وایه‌كی‌ هه‌نده‌ك سافی‌ لێ هه‌ڵمژین، ئێستا نه‌ك ده‌ركه‌و په‌نجه‌ركانمان داخراینه‌، به‌ركو كونی‌ سۆپه‌كانیش به‌ كۆنكریت لێمان گیرایه‌، با له‌وه‌ش زیاتر نه‌رێم .. باقی‌ وه‌لسه‌لام ..

 181 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*