سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوزلەندا

ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوزلەندا

لە كێشە هەرە گەورە و سەرەكییەكانی ئێستای هەموو وڵاتان، ڤایرۆسی كۆرۆنایە، كە تەنگی بە دونیا هەڵچنیوە و ئەو حكومەتانەی لە روبەڕوبونەوەیدا سەركەوتوو بن، بەخت یاوەریان دەبێ و متمانەی جەماوەرەكەیان بەدەستدەهێنن.

سەرۆك وەزیرانێکی نموونەیی
لە نیوزلەندا كە ژمارەی دانیشتووانەكەی پێنج ملیۆن كەسە، لە سایەی خەمخۆریی سەرۆكی حكومەت ‌و ستافەكەی، تا ئێستا تەنها 25 كەس بەهۆی كۆرۆناوە مردوون و ئەو ژمارە كەمەی كە تووشی ڤایرۆسەكەش ببوون، زۆربەیان چاكبوونەتەوە، بۆیە رێكخراوی تەندروستیی جیهانی دەستخۆشی لە جاسیندا ئەردێرن-ی خانمە سەرۆك وەزیران كرد و لە میدیاكان بە بەرپرسی نموونەیی ناوی دەهێنرێت و لەسەر ئاستی دونیاش بە وڵاتێكی سەركەوتوو لە پلانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە قەڵەم دەدرێت.

ئەنجامی هەڵبژاردن
رۆژی شەممە لەو وڵاتە هەڵبژاردنی سەرتاسەری كرا و دوو پارتی گەورە لەسەر بەدەستهێنانی زیاترین كورسی پەرلەمان و وەرگرتنی دەسەڵات، ركابەری یەكتریان دەكرد، هەریەك لە پارتی كرێكاران بە سەرۆكایەتیی خاتوو جاسیندای سەرۆكی حكومەت و پارتی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی خاتوو جۆدیس كۆڵنز ژنە سیاسەتمەداری ئۆپۆزسیۆن و ركابەری سەرۆك وەزیران، زۆربەی ئەو پێشبینی و ئەنجامی ئەو راپرسییانەی لەسەر ئەو پڕۆسەیە دەكران، راست دەرچون و ئەنجامە بەراییەكان وانیشان دەدەن كە پارتی كرێكاران %49ی كورسییەكانی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و پارتە ركابەرەكەشی بە رێژەی %27 و لە كۆی 120 كورسی، تەنها 35 كورسی مسۆگەركردووە، كە لە 20 ساڵی رابردوودا دەنگی وا كەمی نەبووە، پارتی سەوزیش تەنها %6.7ی دەنگەكانی بەدەستهێناوە.

هۆكارەكانی ئەم سەركەوتنە
چاودێرانی سیاسی، سەركەوتنی ئەو ژنە بۆ سێ هۆكار دەگەڕێننەوە. یەكەمیان، ئەو سەرۆكایەتیی حكومەتێكی ئیئتیلافی دەكرد، كە پێكهاتبوو لە پارتی كرێكاران و پارتی سەوز و پارتی نیوزلەندا، كە سێ ئاراستەی جیاوازی ناو حكومەت بوون، بەڵام ئەو توانیی كابینەیەكی پتەو و یەكهەڵوێستی لێ پێكبێنێت بۆ خزمەتكردنی خەڵك. دووەم، لە كاتی هێرشەكەی سەر دوو مزگەوتی شاری كرایست لە ساڵی 2019 دا كە 51 موسڵمانی تێدا بوونە قوربانی، بە هانای كەسوكاری قوربانی ‌و بریندارەكانەوە هات و بە سەرپۆشەوە سەردانی كردن ‌و جگە لە دڵدانەوە و سەرەخۆشی بۆیان، قەرەبووی هەمووشیانی كردەوە. جگە لەوەش بڕیاری قەدەغەكردنی هەموو جۆرە چەكێكی دەركرد، لەلایەن هاووڵاتیانی ئاساییەوە. سێیەم، سەركەوتنی بوو لە پلانی روبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا توانیی وڵاتەكەی پاك بكاتەوە، ئێستاش لەگەڵ تەوژمی دووەمدا ژمارەی تووشبووان لەو وڵاتەدا زۆر كەمە، ئەمەش لە هەموو دونیا دەنگیداوەتەوە.

ئەو ژنە كێیە؟
جاسیندا كیتلۆریل ئەردێرن لە ساڵی 1980 لەدایكبووە و لە ساڵی 2017 و لە تەمەنی 37 ساڵیدا بووە بە چل-ەمین سەرۆك وەزیرانی نیوزلەندا و گەنجترین سەرۆك وەزیران لەسەر ئاستی جیهان، لە ساڵی 2008 یشدا پەرلەمانتار بووە لەسەر لیستی پارتی كرێكاران، لە شارەكانی نیۆیۆرك و لەندەن ژیاوە و كاری سیاسی و رێكخراوەیی كردووە، ماوەیەك راوێژكاری هێلین كلارك سەرۆك وەزیرانی پێشووی وڵاتەكەی و تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بووە.

ئەو ژنە كەسایەتییەكی مۆدێرن و پێشكەوتنخوازە و بڕوای بە بیری سۆسیال دیموكرات هەیە، دژی سیاسەتەكانی سەرۆكی ئەمریكایە، پارتەكەشی لەسەر بنەمای بیری چەپڕەوی بنیاتنراوە، سەركردایەتیی پارتی كرێكاران متمانەیان پێی هەبووە بۆ رابەرایەتیكردن، بۆیە لە 2017 دا پۆستی جێگری سەرۆكی پارتەكەیان پێبەخشیوە و لە هەڵبژاردنی پێشوودا و ئەوەی ئێستاش بە لێهاتویی خۆی و پشتیوانی سەركردایەتیی پارتەكەی، توانی لە هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت سەركەوتوو بێت.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردووی پۆستی سەرۆك وەزیرانیدا، گۆڕانكاری زۆری كردووە، لەوانە، قەدەغەكردنی هەموو جۆرە چەكێكی ئەتۆمی لە وڵاتەكەی و كاركردنی بووە تا لەسەر ئاستی جیهانیش ئەوە نەمێنێت. هەروەها خەمی خاوێن راگرتنی ژینگە و گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی هەبووە كە ژینگە دەپارێزن ئەوە یەكێك بووە لە ئەركە سەرەكییەكانی. باج زیادكردن لەسەر سەرمایەدار و خاوەن كۆمپانیا و بەرژەوەندییە باڵاكان بڕیارێكی تری بووە لە قازانجی چینی هەژاران و باشكردنی گوزەرانی كاسبكار و چینی ناوەند، زۆر بایەخی بە دەستی كار ‌و گەشەی ئابووری داوە، هەمیشە ئەو بڕیارە چارەنووسسازانەی كە پەیوەندییان بە گەل و میللەتەوە هەیە، بە راپرسی یەكلاییكردۆتەوە و تاكلایەنە بڕیاری لێنەداوە.

سەرچاوە: BBC، Stern.de، Zeit Online,Welt

 105 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*