سەرەکی » وتار » حكومڕانی و ئامۆژگارییەكانی قەشەكەی تەكساس

حكومڕانی و ئامۆژگارییەكانی قەشەكەی تەكساس

هاوكار محه‌مه‌د

جۆرج دەبلیو بوش، سەرۆكی پێشوتری ئەمریكا، لە گێڕانەوەی یاداشتەكانی هەشت ساڵی كابینەكەی و رۆژانی پێش بوونی بە سەرۆكدا، چیرۆكێكی سادە دەگێڕێتەوە كە ماناو ناوەڕۆكێكی ئێجگار گەورەی هەیە.
بوش دەڵێت: «سەرقاڵی هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن بووم، چوومە شاری داڵاس لە ویلایەتی تەكساس، كەمپینی هەڵمەتەكەم كۆبوونەوەوەیەكی جەماوەرییان بۆ رێكخستبووم، هەندێك باسی كارنامەی داهاتووم لە ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتیدا كرد».

هەروەها دەڵێت : «قەشەیەكی شارەكە بۆ پشتگیریی لە هەڵمەتەكەم، ئامادەی كۆبوونەوە جەماوەرییەكە بوو، ئەویش دوای من هەندێك قسەی بۆ خەڵكەكە كرد، قەشە بە چیرۆكێكی سادە بەشداریی كرد»
بەپێی گێڕانەوەكەی سەرۆك بوش، ئەو قەشەیە وتویەتی: «دەگێڕنەوە كابرایەك چەند درزێك لە خانووەكەیدا بووە، گەڕاوە بەشوێن وەستایەكی درزپۆشدا تا درزەكانی خانووەكەی بۆ دابپۆشێت، وەستایەك دەدۆزێتەوە و درزەكان دادەپۆشێت. پاش ماوەیەك درزەكان دەردەكەونەوە. خاوەن خانوو هەواڵی وەستایەكی باشتر دەپرسێت تا درزەكانی لە وەستای یەكەم باشتر بۆ دابپۆشێ، وەستایەكی باشتر دەدۆزێتەوە و جارێكی دیكە درزەكان دادەپۆشێت، دیسان پاش ماوەیەك درزەكان دەردەكەونەوە. ئیدی خاوەن خانوو هەواڵی وەستایەكی باشتر و بەناوبانگتر دەپرسێت، پیاوێكی بەتەمەن كە دراوسێی كابرای خاوەن خانووە، دێتە قسە و دەڵێت، درزەكانی ئەم خانووەی تۆ بە هیچ وەستایەك داناپۆشرێت، چونكە بناغەی خانووەكەت بتەو نییە و هەر وەستایەك بهێنیت سوودی نییە، هەربۆیە باشتروایە خانووەكە بڕوخێنیت و سەرلەوێ لەسەر بناغەیەكی پتەو دروستی بكەیتەوە!».

بۆئەوەی هەرێمی كوردستانیش خۆی لە درز و كەلێنەكانی پایەكانی حكومەتەكەی رزگاربكات، گوێگرتن لەم چیرۆكە سوودێكی باشی پێ دەگەیەنێت!
ئەوەی لە كوردستان پێی دەوترێت حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت و جیاوازە لەگەڵ تێكڕای حكومەتەكانی جیهان.

هیچ حكومەتێك نییە و نەبووە تووشی هەمان ئەو گرفتانە نەبووبێت، كە حكومەتی هەرێم تووشی بووە، بەڵام لە هیچ یەكێك لە دەوڵەتە هاوشێوەكانی هەرێمدا، قەیرانی سیاسی، ئابووریی، تاسەر نەبووە. ئێستا حكومەتی هەرێم جیاوازییەكەی لەگەڵ حكومەتی وڵاتانی دیكە لەوەدایە كە ئەم حكومەتە ساڵ بەساڵ لەجیاتی خستنەڕووی گۆڕانكاریی و ئامار و ئاماژەكانی بەرەوپێشچوون، ئاماری زیادبوونی قەرزەكانی دەخاتەڕوو، كەسیش نازانێت ئەم قەرزانە بۆچی كراوە و لەكێ كراوە و كێش قەرزەكە دەداتەوە؟

حكومەتەكەی كابینەی پێشوو رووبەڕووی قەیران و شەڕی داعش و دابەزینی نرخی نەوت بۆوە، سەرئەنجام بە 27 ملیار دۆلار قەرزەوە حكومەتەكە رادەستی كابینەی نۆیەم كرا، كە لە مەراسیمی سوێندخواردنی كابینەكەدا ئاماژە بە دروستكردنی كابینەیەكی بەهێز كراو وا راگەیەندرا كە ئامانجی ئەم كابینە نوێیە دروستكردنی كوردستانێكی بەهێز و باشكردنی ژیانی خەڵكە، بەڵام دوای ماوەی نزیكەی ساڵێك خەڵك چاوەڕێ بوون مژدەی ژیانێكی باشترو وردەكاریی هەنگاوەكانی كوردستانە بەهێزەكەیان بۆ روون بكرێتەوە، بەڵام ئەوەیان پێ راگەیەندرا كە قەرزەكانی حكومەت لەجیاتی 27 ملیار دۆلار بۆتە 28 ملیار و كەسرێك، واتە تەنیا لەماوەی ساڵێكی ئەم كابینەیەدا كە نۆ مووچە دراوە، هەرێم ملیارێك دۆلار زیاتری دیكە قەرزاربووە! لێرەدا بەپێویستی دەزانم بپرسم كە ئایا:
ئەم كابینەیە بۆچی نزیكەی دوو ملیار قەرزی كردووە؟ قەرزەكەی بۆچی بووە؟ لەكێی قەرزكردووە؟ تەنیا نۆ مووچەی داوە، حەوت مووچەیان بە كاملی دراوە و بۆ هەر مووچەیەك 800 ملیۆن دۆلاری پێویست بووە، واتە پێنج ملیارو شەش سەد ملیۆن دۆلار، دوو مووچەشیان بەهۆی سیستمی لێبڕینەوە بۆ هەریەكەیان 600 ملیۆن دۆلاری پێویست بووە، كە دەكاتە یەك ملیار و دووسەد ملیۆن دۆلار، واتە تێكڕای ئەو نۆ مووچەیە كە حكومەت داوێتی، شەش ملیار و 800 ملیۆن دۆلاربووە! بابزانین داهات چەند بووە؟

حكومەتی عیراق مانگانە 320 ملیار دیناری ناردووە، لەو ماوەیەدا حكومەتی عیراق نزیكەی سێ ملیار دۆلاری بۆ هەرێم ناردووە، داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەكان (بەبێ نەوت) نزیكەی ملیارێك دۆلار بووە، واتە پارەكەی بەغدا و داهاتی ناوخۆ دەكاتە چوار ملیار دۆلار، بەقسەی خۆیان دوو ملیاریشیان قەرزكردووە ئەوە شەش ملیار، ئەوەش دەكاتە كۆی ئەو پارەیەی كە دراوە بە نۆ مووچەی فەرمانبەران، ئەی داهاتی نەوت چەند بووە و لەكوێیە؟

سەرچاوەی سەرەكی و یەكەمی داهاتی هەرێم نەوتە، كەچی نەوت هیچ پێگەیەكی لەم لێكدان و دابەشكردنەوەی مووچەی فەرمانبەراندا نەبووە!
ئێستا رۆژبەڕۆژ درزی پایەكانی حكومەت فراوان دەبن و قەرزەكانی زیاد دەكەن و هیچ وەستایەكیش نییە درزەكانی دابپۆشێ، خۆ ئەگەر بەرنامەیەكیش هەبێت بۆ پۆشینی درزەكان، ئایا پایەكانی ئەم حكومەتە ئەوەندە بەهێزن درزەكان رووپۆش بكرێنەوە؟

چیرۆكی قەشەكەی تەكساس، بۆ ئێمە ئازاربەخشە، نۆشینی پیاڵەیەك ژەهرە، بەڵام ئایا ئەگەر رێگەیەكی تر هەیە بۆ داپۆشینی درزەكان، بۆچی نایگرنەبەر لەجیاتی بیركردنەوە لە رووخاندنەوەی لەكاتێكدا بناغەی ئەو حكومەتە بە خوێن ‌و ئارەقە و فرمێسكی سەدان هەزار شەهید ‌و ئەنفال ‌و زیندانی سیاسی ‌و كەسوكاریان بنیاتنراوە، جگە لەوە، ئەوەش باش دەزانین كە پێگەی جوگرافیی هەرێمیش لەگەڵ هەموو حكومەتەكانی دیكەدا جیاوازە، چ لەڕووی پتەویی پایە سیاسییەكەی كە حكومەتێكە تەنیا بەرەسمی لە دەستووری عیراقدا دانی پێدانراوە و خۆمان بە تەحەدیی ‌و چنگەكڕێ هێشتوومانەتەوە، دەنا جگە لەدرزەكانی گەندەڵی، هەمیشە بوومەلەرزە سیاسییە ئیقلیمی ‌و نێودەوڵەتییەكان لەكاردان بۆ فراوانكردنەوەی درزی پایەكانی ‌و داچوواندنی زەمینە نیمچە لەبارەكەی كە لەسەری بنیاتنراوە.

 70 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*