سەرەکی » ئاراستە » یادی 38 ساڵەی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگە لە گوندی سابڵاخ*

یادی 38 ساڵەی شەهیدبوونی پۆلێك پێشمەرگە لە گوندی سابڵاخ*

حەیدەر مەنتك

لە مانگی 10ی ساڵی 1982 دوو پێشمەرگەی ئازای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەریەك لە (شەهید محەمەد غەفور مەنتك و كۆچكردوو خالید مەنتك) كە مام و برازا دەبن، بۆ ئەنجامدانی چالاكییەك دەچنە ناوشاری هەولێر، ئەوەی زانراوە لەو چالاكییەدا لەبەردەم بارەگای پارێزگای هەولێر تۆمبێلێكی دەوڵەتیی لە جۆری لاندكرۆزەر- مۆدیل 1979 دەفڕێنن و بەسەركەوتوویی خۆیان دەگەیەننەوە ناو هێزی پێشمەرگە.

لە دوای ئەو چالاكییە، دوو كەسی سەر بە ئەمن دەكەونە وێزەی گیانی خەڵكی هەولێرو بیانوو بە كەسوكاری پێشمەرگە دەگرن.

بۆیە، بەپێی بەرنامەیەك مەفرەزەیەكی پێشمەرگە بەڕێدەكەون تا بچنە نێو شاری هەولێر بۆ بەسزاگەیاندنی ئەو دوو ئەمنە تاوانبارە، ماڵی ئەمنەكان دەستنیشان دەكەن كە دراوسێی دۆستێكی (حاجی نادر قەشقەیی) بوون كە حاجی نادر یەكێك بووە لە پێشمەرگەكانی ئەو مەفرەزەیەی نیازیان بوو بچنە ناو شاری هەولێرەوە.

پێشمەرگەكان كە ژمارەیان 10-12 كەس دەبێت، بەڕێدەكەن، بەڵام بەرلەوەی بەپێی بەرنامەكەیان لە نزیك شاردا ببن بە چەند بەشێكەوە و بەرەو ئامانجەكە بڕۆن، بەڕێكەوت لە گوندی (سابڵاخ)*ی سەر بە ناحیەی قوشتەپە- پارێزگای هەولێر، لە شەوی 21\22/10/1982 دەكەونە بۆسەی ئەمن و جاشەوە، ئەگەرچی پێشمەرگەكان دەستدەكەنەوەو شەڕێكی قارەمانانە دەكەن، بەڵام بەهۆی كتوپڕی كەوتنە بۆسەو خراپی شوێنەكەوە، پێنج پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەكیش بریندار دەبن، كە یەكێك لە شەهیدەكان (محەمەد غەفوور مەنتك و یەكێك لە بریندارەكانیش خالید مەنتك) دەبن، واتا ئەو پێشمەرگەیەی پێشتر چالاكیی فڕاندنی ئۆتۆمبێلەكەیان ئەنجامدابوو.

چوار شەهیدەكەی دیكەیش هەریەك لە (حاجی نادر قەشقەیی، عوسمان عەلی قەشقەیی، حەمەد سەعید قەشقەیی، محەمەد مەحمود قەشقەیی) بوون.

شەهید نادر قەشقەیی
نادر ئیسماعیل نادر ناسراو بەحاجی نادر قەشقەیی، ناوێكی دیارو كەسایەتییەكی جوامێری سنووری هەولێرە، لە ساڵانی پەنجاكاندا بۆماوەی پێنج ساڵ بە خۆبەخش لە ریزی سوپای عیراقدا كاریكردووە و شارەزاییەكی باشی لە چەك و نانەوەی لوغم و نیشانشكێنی پەیدا كردبوو، دواتر بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و بەو زانستەی فێری بووە خزمەتی زۆری شۆڕشی كردووە.

لە بارەی شەهید نادرەوە، پێشمەرگەی دێرین هەڤاڵ (ئەشقی عوسمان عەلی لەك) كە لەیەكەم رۆژی بوونی بە پێشمەرگە لەگەڵ شەهید حاجی نادربووە تا رۆژی شەهیدبوونی، وتی: سەرەتای ساڵی 1982 لەگەڵ شەهید حاجی نادر بووین بەپێشمەرگە لە تیپی 93ی كۆیە كە شەهید شێخ شەماڵ سەرتیپ بوو، دواتر گواستراینەوە سەركردایەتی لە زەڵێ‌ و ناوزەنگ بۆ ماوەی 3 مانگ ماینەوە، پاشان بە بڕیاری جەنابی مام جلال گواستراینەوە بۆ تیپی 90ی باواجی كە ئەوكات ملازم سمكۆ سەرتیپ بوو.

هەر لە ساڵی 1982 تیپی 90 چوون بۆ بەشداریكردن لە شەڕەكانی كوردستانی خۆرهەڵات (هێزی پشتیوانی)، ئێمە وەك مەفرەزەكەی حاجی نادر لە ناوچەكە ماینەوە، حاجی بەرنامەی چالاكییەكی دانا، ئەوەبوو لە سەر جادەی كۆیە نزیك گوندی باوەقوب لە كاروانێكی سەربازیماندا، دوو ئیڤای سوپای رژێممان تێكشكاندو زەرەرو زیانێكی گیانی و مادی زۆرمان بە دوژمن گەیاند.

لە دوای ئەم چالاكییە چوینە گوندی (ڕەسوڵ بچكۆل) و لەوێ‌ لەگەڵ محەمەد غەفوور مەنتك یەكمان گرتەوە، رۆژێك دوای ئەوە محەمەد غەفوور و پێشمەرگەیەكی خزمی خۆی چوونە ناوشاری هەولێرو لە چالاكییەكدا ئۆتۆمبێلێكی لانكرۆزەری (هاتوچۆ) مرورو دەمانچەیەك و جێهازیكیان هێنا و گەیشتنەوە گوندی بێستانە.

پاش ئەوەش بەرنامە دانرا بۆ چوونە ناو هەولێرو كوشتنی دوو ئەمن، بەڕێكەوتین و لە شەوی 21\22/10/1982 بەر لەوەی بگەینە ئامانجەكەمان، لە گوندی سابڵاغ كەوتینە بۆسەی جاش و ئەمنەكانی قوشتەپەوە و هەریەك لە هەڤاڵان ( نادرقەشقەیی، محەمەد غەفوور مەنتك، حەمەد سەعید، محەمەد مەحمود) و باوكم (عوسمان عەلی) شەهید بوون، چەند پێشمەرگەیەكیش برینداربووین، لە قۆڵی ئێمەوە هەریەك لە (كاوە سیامەند و سیامەند حوسێن و من) برینداربووین.

وتیشی: حاجی نادر هەتا بڵێی فەرماندەیەكی ئازاو چاونەترس بوو، زۆر گونجاوو و ئیداری بوو، قسەخۆش و مەجلیس خۆش بوو، خۆشەویست و خۆنەویست بوو، زۆر جەماوەری و ناخ پاك بوو، راستگۆ و بە وەفا بوو بۆ هاوڕێیانی.

ناوی تەواوی (نادر ئیسماعیل نادر- حاجی نادر قەشقەیی)ە، لە دایكبووی ساڵی 1932ی گوندی قەشقە، ناحیەی قوشتەپەی پارێزگای هەولێر، لە عەشیرەتی لەك-ە.

لە تەمەنی17 ساڵی بەخۆبەخش چۆتە ریزی سوپاوەو 5 ساڵ خزمەتی كردووە، بەگومانی پەیوەندی بە حزبی شیوعییەوە ماوەی هەشت مانگ زیندانی كراوە و دواتر لە ریزی سوپا دەركراوە.

ساڵی 1963 بووە بە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول، لە چەمی رێزان و دەشتی هەولێر درێژەی بە خەبات داوە، ساڵی 1968 گوازراوەتەوە لیژنەی جوتیاران و تا نسكۆی 1975 بەردەوام بووە.

ساڵی 1976 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە، ساڵی 1977 لەگەڵ ژمارەیەكی زۆر لە رێكخستنەكانی كۆمەڵە دەستگیركران، لەوانە شەهید جەمیل رەنجبەر، ماوەی 11 مانگ لە ئەمنی هەولێر و هەیئەی خاسەی كەركوك زیندانی كراوە و دواتر ئازاد كراوە.

ساڵی 1980 بۆ ماوەی سێ مانگ لە ئەمنی هەولێر دەستگیردەكرێتەوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی لەسەر نادۆزنەوەو ناچار ئازادی دەكەن.

لە بەهاری 1982 دەبێتە پێشمەرگەو دەكرێتە فەرماندەی مەفرەزە.

لەو ماوە كەمەی پێشمەرگایەتییدا تا شەهیدبوونی لە گوندی سابڵاخ، بەشداریی چەند چالاكییەكی كردووە، وەك: شەڕی باداوەی ناو هەولێر، لێدانی ناقیلەكانی سەر رێگای پیرەر- باوەقوب.

شەهید محەمەد غەفور مەنتك
سەرەتای ساڵی 1981 بوو، باوباوی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بوو، ناوی پێشمەرگە زۆر پیرۆز بوو، رێك لەو كاتەدا بە بڕیاری شۆڕش گەنجێكی گەنم رەنگ و باریك و موو رەش، وەك فەرماندەی مەفرەزەی پێشمەرگە بۆ چالاكی و هۆشیاری و ناساندنی زیاتری یەكێتی و بەرنامەی شۆڕشی نوێ‌، دەچێتە سنووری دێدەوان و مەنتكایەتی، ئەو گەنجەش محەمەد غەفور ئەحمەد مەنتك دووشیوانی بوو.

شەهید محەمەد پێشتریش بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردبوو، بۆیە شارەزابوو بەبیر و هەڵسوكەتی پێشمەرگایەتی، بەڵام ماوەیەك لە سەركردایەتی شۆڕشی نوێدا مابۆوەو باشتر راهێنرابوو لە بارەی پەروەردەی فكری و كۆمەڵایەتی و سەربازی، راهێنرابوو تا لە ئەركی رۆژانەدا وەك فەرماندەیەكی لێهاتوو لە قۆناغ و سەردەمێكی نوێدا، بەشێوازی نوێ و گونجاوتر كارەكانی مەیسەربكات.

وەك گوێبیستی هاوڕێكانی بووم، شەهید محەمەد گەنجێكی ئازا لە بڕیاردان، دڵسۆز بۆخاك، دەست پاك، لە رووی كۆمەڵایەتییەوە هەمیشە دۆستایەتی و برادەرایەتیی خۆشبووە و هاوكاری دەوروبەری بووە.
مخابن، ئەم تێكۆشەرەش لە بۆسەی ئەمن و جاشەكاندا لە گوندی سابڵاخ لە شەوی 21\22/10/ 1982 لەگەڵ هاوڕێكانی شەهیدكرا.

ناوی تەواوی (محەمەد غەفور ئەحمەد- محەمەد غەفور مەنتك)ە، لە دایكبووی ساڵی 1952ی گوندی (دووشیوان)ی مەنتكایەتی لە پارێزگای هەولێر، بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووە و پێشمەرگەیەكی بوێر بووە.
لە ساڵی 1979 دووجار لەلایەن دەزگاكانی بەعسەوە زیندانی كراوە لە ئەمنی قوشتەپە.

لەساڵی 1980دا پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە، سەرەتای ساڵی 1981 بووە بە پێشمەرگە لە بارەگای سەركردایەتی شۆڕشی نوێ.
دواتر لەتیپی 90ی باواجی درێژەی بە خەباتی پێشمەرگایەتی داوە.

لە ماوەیەكی كەمدا بەهۆی ئازایی و چاپووكییەوە كراوە بە فەرماندەی مەفرەزە.

بەشداریی چەندین چالاكی پێشمەرگانەی كردووە.

بەداخەوە، لەبۆسەیەكدا لە گوندی سابڵاخ، لەگەڵ هاوڕێكانیدا شەهید كرا.

جگە لە خۆی، برایەكی تریشی بەناوی (زرار غەفوور ئەحمەد) بەدەستی جەلادەكانی بەعس شەهیدكراوە.

شەهید عوسمان عەلی قەشقەیی
شەهید عوسمان لە خانەوادەیەكی شۆڕشگێڕو كوردپەروەری گوندی قەشقەی شەهیدان گۆش و پەروەردە بووە، لە تەمەنی گەنجێتیەوە تێكەڵ بەكاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بووە، لە شۆڕشی ئەیلول و دواتریش شۆڕشی نوێ رۆڵ و جێدەستی لەچەند نەبەردییەكدا هەبووە، بە ئازایی و شارەزایی خۆی كراوەتە (سەرپەل) لە شۆڕشی ئەیلولدا.

لەگەڵ شەهید نادر قەشقەیی دەبێتە پێشمەرگە، لەماوەیەكی زۆر كورتدا توانیان چەند چالاكیەكی دیار لەسنووری تیپەكانی 90 و 93 ئەنجام بدەن. ناوی تەواویی (عوسمان عەلی قادر ئاشور- عوسمان قەشقەیی)ە، لەدایكبووی ساڵی 1937ی گوندی قەشقە، ناحیەی قوشتەپە.

ساڵی 1973 لەگەڵ كۆمەڵێك لە خزمەكانی بونەتە پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و تا نسكۆی 1975 بەردەوام بوون، پلەی سەرپەلی وەرگرتووە و بەشداریی چەند داستان و نەبەردیەك كردووە، وەك: داستانی خواكوڕك، ماخۆبزنان، دۆڵی سەركەپكان.

رۆژی 3/3/1982 بۆتە پێشمەرگەی شۆڕشی نوێ لە تیپی 93ی كۆیە، ماوەی سێ مانگ لە سەركردایەتی شۆڕش ماوەتەوەو دواتر دەگوازرێتەوە بۆ تیپی 90ی باواجی.

لە شۆڕشی نوێدا بەشداریی چەند چالاكی و نەبەردیەكی گەورەی كردووە.

بەداخەوە، لە بۆسەیەكدا لە گوندی سابڵاخ لەگەڵ هاوڕێكانیدا، شەهیدكرا.

شەهید حەمەد سەعید قەشقەیی
ساڵی 1982 پۆلێك رۆڵەی ئازاو دڵسۆزی كوردستان، بە عەشقی خەباتی پێشمەرگایەتییەوە لە گوندی قەشقەی شەهیدانەوە بەفەرماندەیی شەهید حاجی نادر قەشقەیی، بەرەو كۆڕی تێكۆشان لە ریزی پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەنگاویان نا، یەكێك لەوانە پێشمەرگەی دڵسۆزو جێگەی باوەڕی خەڵك و كەسوكارەكەی، شەهید حەمەد سەعید بوو.

شەهید حەمەد خاوەن بە هەڵوێستی جوان و باوەڕبوونی تەواوەتیی بەخەباتی نیشتمانی و نەتەوەیی دەناسرایەوە، كەسایەتیەكی شەهم و لێوانلێو لە خۆشەویستی و سەنگینی هەبوو.
بەداخەوە تەمەنی پێشمەرگایەتیی زۆر درێژ نەبوو لە شۆڕشی نوێدا.

ناوی تەواوی (حەمەد سەعید حەمەدەمین عەبدوڵڵا عەلی- حەمە سەعید قەشقەیی)ە، لە دایكبووی ساڵی 1949ی گوندی قەشقەی ناحیەی قوشتەپە، قەزای بنەسڵاوەی هەولێر.

بەشداریی شۆڕشی ئەیلولی كردووەو لە ریزەكانی پارتیدا لایەنگریی باڵی مەكتەبی سیاسی بووە.

ساڵی 1977 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان).

ساڵی 1982 پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێوە لە تیپی 83ی هەورێ‌، دواتر گواستراوەتەوە بۆ تیپی 90ی باواجی.

لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی چەندین نەبەردی و چالاكی كردووە.

بەداخەوە، لە بۆسەیەكدا لە گوندی سابڵاخ لەگەڵ هاوڕێكانیدا، شەهیدكرا.

شەهید محەمەد مەحمود قەشقەیی
شەهید محەمەد لە خانەوادەیەكی كوردپەروەر و دڵسۆز پەروەردە بووە، لە سەر یەكێتی بوون و كوردایەتی هەورازو نشێوی زۆریان بینیووە، بەڵام هەرگیز كۆڵیان نەداوە، بنەماڵەكەی كۆشش و خەباتیان زۆركرد تا ئازادی و مافەكانی كورد دەستەبەر بێت.

شەهید محەمەد بە ئەمەك و دەست و دەم و داوێنپاك بوو، پێشمەرگەیەكی سەر ڕاست و خۆشەویست و دڵسۆز بوو.

ناوی تەواوی ( محەمەد مەحمود قادر عەلی- محەمەد قەشقەیی)ە، لە دایكبووی ساڵی 1951ی گوندی قەشقە، ساڵی 1974 بووە بەپێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول تا نسكۆ، ساڵی 1982 پەیوەندیكردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە (كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان) و هەمانساڵ پەیوەندیكردووە بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی نوێوە لە تیپی90ی باواجی، لە ژیانی پێشمەرگایەتییدا بەشداریی چەند چالاكییەكی پێشمەرگانەی كردووە.

بەداخەوە، لە بۆسەیەكدا لە گوندی سابڵاخ لەگەڵ هاوڕێكانیدا، شەهیدكرا.

 

 85 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*