سەرەکی » وەرزش » نەیشنس لیگس بەكوێ گەیشتووە؟

نەیشنس لیگس بەكوێ گەیشتووە؟

رۆژانی 10/10 تا 14/10/2020 جەولەی سێیەم و چوارەمی یارییەكانی نەیشنس لیگ بەڕێوەچوون و لەیاریگاكانی وڵاتانی ئەوروپا چەندین یاریی گرنگی ئەم خولە كران.

بڕیاریش وایە مانگی نۆڤەمبەری داهاتووش 14 تا 18/11/2020 هەردوو جەولەی پێنجەم و شەشەم و كۆتایی قۆناغی گروپەكانی ئەم خولە بكرێن و ریزبەندیی كۆتایی لەسەرجەم گروپەكانی هەرچوار خولەكەدا دەربكەوێت.

نەیشنس لیگ چوار خولە
دیارە وەك هەموو لایەك ئاگادارن كە نەیشنس لیگ چوار خولە، لەبەر ئەوەی هەردوو خولی ئەی و بی یان خولی پلە یەك و پلە دوو گرنگیان زۆرە چونکە هەڵبژاردە بەهێز و ناودارەكانی ئەوروپا لەخۆ دەگرن، لێرەدا تیشكێك دەخەینە سەر نەیشنس لیگ بەگشتی و ئەو دوو خولە بەتایبەتی.

نەیشنس لیگس چییە؟
سەرەتا پێویستە باسێكی كورتی ئەم خولە بكەین، خولەكە پاڵەوانێتییەكی نوێیە و بە سیستمێكی داهێنراوی نوێ بەڕێوە دەچێت، 55 هەڵبژاردەی ئەوروپا(واتا سەرجەم هەڵبژاردەكانی ئەوروپا) بەشداریی تیادا دەكەن، لەچوار پلە یان خولی جیاجیا (A- B- C- D) یان خولەكانی پلە یەك و پلە دوو پلە سێ و پلە چوار پێکدێت، هەروەك چۆن لە خولە ناوخۆییەكانی وڵاتانی ئەوروپا پەیڕەوی دەكەن بۆنموونە خولی ئیسپانیا (لالیگا پلە یەكە و لەهەمان كاتیشدا خولی پلە دوو پلە سێ….تاد هەیە) ئەمیش بەهەمان سیستم دەبێت.

خولی پلە یەكە A
لەم خولەدا 16 هەڵبژاردە بەشدارن، بەمشێوەیە بەسەر چوار گروپی یەكەم تا چوارەمدا داەبشكراون:

*گروپی یەكەم (ئیتالیا، هۆڵەندا، پۆڵەندا، بۆسنەو هەرسك)

*گروپی دووەم (بەلجیكا، دانیمارك، ئینگلتەرا، ئایسلەندا).

*گروپی سێیەم (پورتوگال، فەرنسا، كرواتیا، سوید).

*گروپی چوارەم (ئیسپانیا، ئەڵمانیا، ئۆكرانیا، سویسرا).

خولی پلە دوو B
هەڵبژاردە بەشدارەكانی ئەم خولەش بەمشێوەیە و بەهەمان سیستمی خولی پلەیەك بەسەر چوار گروپدا دابەشكراون و دوا ریزبەندییشیان پاش چوار جەولە لە یاریی بەمشێویەیە كە دیارییكراوە:

*گروپی یەكەم (نەرویج(9 خاڵ)، نەمسا(9 خاڵ)، رۆمانیا(4 خاڵ)، ئایرلەندای باكوور(1 خاڵ).

*گروپی دووەم (سكۆتلەندا(10 خاڵ) ، چیك، ئیسرائیل(6 خاڵ)، سلۆڤاكیا(6 خاڵ)،.

*گروپی سێیەم (روسیا(8 خاڵ)، هەنگاریا(7 خاڵ) ، توركیا(3 خاڵ)، سربیا(2 خاڵ).

*گروپی چوارەم (وێڵز(10 خاڵ)، فینلەندا(9 خاڵ)، ئایرلەندا(2 خاڵ)، بولگاریا (1 خاڵ).

چۆن هەڵبژاردەی خولەكان دیارییكران؟
وەك هەموو دەزانین ئەم خولە ئەمساڵ دووەم خولە رێكدەخرێت، بۆ خولی یەكەم، یۆفا بۆ دیارییكردنی هەڵبژاردە بەشدارەكانی هەرچوار خولەکە پەنای بردۆتە بەر ریزبەندیی مانگی 12-ی ساڵی 2017 ی فیفا، بەپێی ریزبەندییەكە، هەڵبژاردەكانی بەسەر چوار ئاست یان خولی یەكەم و دووەم و سێیەم و چوارەمدا دابەشكرد.

پاش ئەوەی خولی پار ئەنجامدرا، بەسیستمی دانراو بۆ خولەكە، و سەركەوتن و دابەزینی تیپە بەشدارەكان، ریزبەندیی نوێ بۆ هەر چوار خەلەکە بۆ ئەمساڵ دیارییكرا و ئاستی یەكەم و دووەم بەوشێوەیەیە كە دیارییكراوە.

یارییەكان لەسەرجەم گروپەكاندا بەسیستمی چوون و گەڕانەوە لەنێوان هەڵبژاردە بەشدارەكاندا بەڕێوە دەچن، یەكەمی هەرچوارە گروپی ئاست یان خولی پلە یەك بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین و دوو یاریی پێشكۆتایی سەردەكەون، بەسیتمی چوونە دەرەوە بەیەك دۆڕان یاریی دەكەن، براوەكان دەگەنە یاریی كۆتایی و دۆڕاوەكان لەسەر پلەكانی سێیەم و چوارەم یاریی دەكەن، براوەی یاریی كۆتایی دەبێت پاڵەوانی ئەم وەرزەی نەیشن لیگ.

خولەكانی تر
هەردوو ئاست یان هەردوو خولی سێیەم و چوارەمیش دوا ریزبەندییان پاش یارییەكانی هەردوو جەولەی رابردوو بەمشێوەیەیە:

خولی سێیەم C

گ1-(مۆنتینیگرۆ، لۆكسمبۆرگ، ئازەربیجان، قوبروس).

گ2-(مەقدۆنیا، جۆرجیا، ئەرمینیا، ئەستۆنیا).

گ3-(سلۆڤاكیا، یۆنان، كۆسۆڤۆ، مۆڵدۆڤا).

گ4-(بیلۆروسیا، ئەلبانیا، لیتوانیا، كازاخستان).

خولی چوارەم D

گ1-(دورگەكانی ڤارۆ، ماڵتا، لاتڤیا، ئەندۆرا).

گ2-(جیبرالتەر، لیختینشتاین، سان مارینۆ).

سیستمی سەركەوتن و دابەزین
دیارە لەهەر چوار ئاست یان خولەكەشدا سیستمی دابەزین و سەركەوتنی تیپەكان پەیڕەو دەكرێت، بەمشێوەیە:

ئاستی یەكەم A

*پاڵەوانی هەرچوار گروپەكە بۆ قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین تا یاریی كۆتایی سەردەكەون.
چوارەمی هەرچوار گروپەكە بۆ ئاستی دووەم یان خولی B دادەبەزن.

ئاستی دووەم

*پاڵەوانی هەرچوار گروپی خولی B یان ئاستی دووەم ساڵی ئایندە بەشداریی خولی پلەیەك A دەكەن و جێگای چوار هەڵبژاردە دابەزیوەكە دەگرنەوە و بۆ ئەو خولە سەردەكەون، دوا تیپی ریزبەندیی بۆ ئاستی C یان خولی پلە سێ دادەبەزن.

ئەمەی دەوترێت بۆ هەردوو خولی سێیەم چوارەمیش راستەو تەنیا جیاوازی ئەوەیە ئاستی چوارەم دابەزینی تیادا نییەو تەنیا پاڵەوانەكانیان بۆ خولی پلە سێ C سەردەكەون.

خولی پلە یەك A

لەو چوار خشتەیەدا كە دانراون، دوا ریزبەندیی لە هەر چوار گروپەكەی ئاستیA یان خولی پلە یەك دیارییكراوە، دیارە دوو جەولەش لە یاریی ماون بكرێن بۆ ئەوەی دوا ریزبەندی لە هەر چوار گروپەكەی ئەم خولەدا دەربكەوێت، هەردوو جەولەی یارییەكانیش لەپاش ریزبەندییەكە نووسراون و ئەنجامەكانی یاریی چوونیشیان بەرامبەریان نووسراوە.

بە خوێندنەوەی ووردی خشتەكان و یارییەكان و ئەنجامی یارییەكانی چوون و ركابەری تیپە ركابەرەكان بۆ گرتنی پلەكانی یەكەم لە هەرچوار گروپەكەدا، دەتوانریت خوێندنەوەی ووردی خۆت بۆ ئەو یارییانە و دوا ریزبەندی بكەیت.

   

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*