سەرەکی » راپۆرت » هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا

هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا

هەواڵ و بەدواداچوون

سبه‌ینێ جیهان لە چاوەڕوانی هەڵبژاردنێكی چارەنووسسازدایە، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆكایەتییە لە ئەمریكا كە ماوەی چەند مانگێكە یەكێكە لە پرسە گرنگەكان، بەوپێیەی ئێستا جیهان خۆی لە دۆخ و هەلومەرجێكی هەستیاردایە، هەڵبژاردنەكەش لەگەڵ خۆیدا چەندین پرسی گرنگی هێناوەتە ئاراوە. کە خۆی لەو رۆڵگێڕانە سیاسی و دیپلۆماسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی ئەمریكادا دەبینێتەوە، كە هەمیشە وەك كارەكتەرێكی سەرەكی لە پەیوەندیی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و ناوچەییدا دەردەكەوێت.

دۆخی تایبەتی ئێستای جیهان، ڤایرۆسی كۆرۆنا، پرسی ئابووری، پێداچوونەوە بە سیاسەتی نێودەوڵەتی، تیرۆر، پرسی كۆچەران و …تاد. لەو پرسە گرنگانەن كە ئەمڕۆ كاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكە دەبێت.

ئەم خولەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكا تایبەتمەندیی خۆی هەیە، لە سەرووی هەموویانەوە، ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەندروستیی گشتییە، ئەمە بەتایبەت بۆ هاووڵاتیانی ئەمریكا گرنگییەكی زۆری هەیە، بۆیە پرسی تەندروستی و ڤایرۆسی كۆرۆنا لەم هەڵبژاردنەدا شوێنی پرسی گەشە و سیاسەتی كاندیدەكان بۆ ئابووریی لەو وڵاتە، دەگرێتەوە، بەمەش ریزبەندییەكە دەگۆڕێت و ئابووری لە پلەی یەكەمەوە دەكەوێتە پلەی دووەمەوە. بۆیە كۆرۆنا لە بانگەشەی هەردوو كاندیدەكەدا زۆرترین قسەی لەسەر كرا و پرسێكی سەرەكی بوو.

لە رۆژانی بانگەشەی هەڵبژاردندا هەردوو كاندیدی سەرەكی، چەندین لێدوانیان دژی یەكتر بڵاوكردەوە، هەروەك بەرنامە و دیدگای خۆیان لەسەر پرسە جیاوازەكان خستەڕوو، لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامی راپرسییەكانیش بڵاودەكرانەوە، بەڵام سبه‌ینێ دەنگدەرانی ئەمریكا قسەی كۆتایی دەكەن و هاوكات لەگەڵ هاووڵاتیانی ئەمریكادا، جیهانیش چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكەیە.

 213 جار بینراوە