سەرەکی » دۆسێ » عیراق، بزووتنەوەیەك هۆشداریی دەدات لە ״توندبوونی مقاوەمە״

پێیوایە هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا گۆڕانكاریی دروست ناكات

عیراق، بزووتنەوەیەك هۆشداریی دەدات لە ״توندبوونی مقاوەمە״

رەوتەكان-

ئەكرەم كەعبی ئەمینداری بزوتنەوەی «نوجەبا» لە عیراق پێیویە، جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، هاوشێوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكایە، داوا دەكات چاوەڕوانی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا نەكرێت و هۆشدارییش دەدات لە «توندبوونی مقاوەمە».

كەعبی لە میانی چاوپێكەوتنی لەگەڵ موحسین رەزایی ئەمینداریی دەزگای دەستنیشانكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێران رایگەیاندووە»سیاسەتی كۆشكی سپی گۆڕانكاریی بەسەردا نایەت بە گۆڕانی كەسەكان»، داواشی لە عیراقییەكان كردووە»بایەخ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان نەدەن، بەڵكو خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرۆژە شەڕەنگێزەكەی ئەمریكا بۆ دابەشكردنی عیراق ئامادە بكەن».

بە وتەی كەعبی»ویلایەتە یەكگرتووەكان هەوڵیداوە گۆڕانكاریی لە هاوكێشە سیاسی و ئەمنییەكاندا بكات لە عیراق لەڕێی هێرشكردنە سەر پێگەكانی حەشدی شەعبی و تیرۆركردنی هەردوو شەهید سولەیمانی و موهەندیس، بەڵام رابوونی گەل رێگربوو لەبەردەم هێنانەدی ئەو ئامانجە».

بە بۆچوونی ئەمینداریی بزوتنەوەی نوجەبا»ئەمریكاییەكان لەدوای شكستی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ هێزەكانی مقاوەمە، سیاسەتێكی شەڕەنگێزی پەیڕەو دەكەن و بەكرێگیراوانی میدیاكان بۆ ناپاكیكردن لە عیراق بەكاردەهێنن لەپێناو بەرپاكردنی جەنگێكی نەرم دژ بە وڵاتەكەیان، ئەو بەكرێگیراوانەش بەزۆری لەدەرەوەی عیراق دادەنیشتن، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی ئەو جەنگە نەرمەی ئەمریكاییەكان و ئاژەوەی سیاسی و تایەفەگەریی كە لەلایەن باڵیۆزخانەكەیان لە عیراقەوە كاریی بۆ دەكرێت، بە دەستپێكی كارەكانی مقاوەمەی عیراقی دادەنرێت».

كەعبی دەڵێت»كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە عیراق وەك باندەكانی مافیا كاردەكەن و راستەوخۆ لەلایەن ترەمپ و زاواكەی و كچەكەی و تیمەكەیەوە وەردەگرن، ئەوان گەندەڵی لە عیراقدا بڵاودەكەنەوە و جڵەوی ئابوری دەگرنە دەست خۆیان و تەنانەت ئاستەنگیش لەبەردەم ئەو دامەزراوە ئابوریانەدا دروت دەكەن كە لە عیراقدا هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانن».

ئەكرەم كەعبی لە درێژەی قسەكانیدا وتی»گڵۆپی سەوزی ئەمریكایی بۆ توركیا لەپێناو داگیركردنی ناوچەكانی باكووری عیراق، نیشانەیە بۆ هەوڵەكانی واشنتۆن بۆ دابەشكردنی وڵات و لە هەمان كاتیشدا ویلایەتە یەكگرتووەكان كوردەكان هاندەدات تا بەڕووی حكومەتی فیدراڵدا بوەستنەوە و برا سوننەكانیش لە دژی شیعە هاندەدات».

ئەمینداریی بزوتنەوەی نوجەبا دەڵێت»مۆڵەتی هێزەكانی مقاوەمە بۆ حزبە سیاسییەكان لەپێناو كۆتایی هێنان بە داگیركاریی ئەمریكایی، خەریكە تەواو دەبێت، بەڵام تائێستا هیچ گۆڕانكارییەكی ئەرێنیمان بەدی نەكردووە، چونكە ویلایەتە یەكگرتووەكان رەوتە سیاسییەكان بە سەربازی خۆی دادەنێت و وەك دەوڵەتێكی خاوەن سەروەریی مامەڵە لەگەڵ عیراقدا ناكات».

ئەكرەم كەعبی ئاماژە بە چەند پەیامێكی «هێزەكانی مقاوەمە» دەكات بۆ ئەمریكا «لەڕێی گورزە گورچكبڕەكانی، بەڵام ئەمریكا گوشاری خستۆتە سەر مقاوەمە لەڕێی هەندێك حزبی سیاسی، تا ئۆپەراسیۆنەكانی رابگرێت، ئێران وەك چۆن پاشگەزبوونەوەی بەڵێنەكانی بینی لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكان سەبارەت بە رێكەوتنی ئەتۆمی، بە هەمان شێوە دانوستانەكانی ئێستای نێوان حكومەتی عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان، هیچ ئەنجامێكی ئەرێنی نەبووە».

كەعبی باسی لە دانوستانەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا دەكات و دەڵێت»وردەكاریی دانوستانەكان بەغدا- واشنتۆن جێگەی داخە، بۆ نمونە ئەمریكاییەكان گوزارشتی (رێكخستنەوەی هێزەكانیان) بەسەر تیمی دانوستانكاریی عیراقیدا سەپاندووە لە بری گوزارشتی (كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق)، ئەمەش وەك پاراستنی ناوبانگییان، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كۆتاییدا لە عیراق پاشەكشە دەكات و لێدانەكانی مقاوەمە لە هێزەكانی توندتر دەبن، بەجۆرێك كە هێز و توانای فەسیلەكانی مقاوەمە و بونەتە دوو هێندە لە عیراق، لەمڕۆشدا راپەڕیون بەڕووی داگیركاریی ئەمریكا، وەك چۆن پێشتر داعشیان تێكشكاند».

ئەمینداریی بزوتنەوەی نوجەبا پێیوایە»هیچ جیاوازییەك لەنێوان ترەمپ و بایدن نییە، چونكە ئەمریكا لە هەموو حاڵەتێكدا شەڕەنگێزی رەهایە، سیاسەتەكان كۆشكی سپی بە گۆڕانی كەسەكان گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، بۆیە سیاسەتەكانمان بەرانبەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێویستە سیاسەتی هێز و خۆڕاگریی بێت».

كەعبی لە كۆتایی قسەكانیدا رایگەیاندووە»بە براكانمان دەڵێم لە عیراق، بایەخ بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكا نەدەن، بەڵكو پێویستە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پرۆژە شەڕەنگێزەكەی ئەمریكا بۆ دابەشكردنی عیراق، ئامادە بكەن».

بزوتنەوەی نوجەبا، میلیشیایەكی شیعەی عیراقیە و خاوەنی كەناڵێكی تەلەفیزیۆنییە بە ناوی «كەناڵی نوجەبا».

ئەو گروپە ناوەكەی لە وتارەكەی سەیدە زەینەب لە كۆڕەكەی یەزید وەرگرتووە، دوای ئەوەی وەك زیندانی لە دوای شەڕی كەربە بۆ دادگای یەزیدی كوڕی معاویە خەلیفەی ئەمەوییەكان دەگەازرێتەوە بۆ شام و لە وتارەكەیدا دەڵێت»سەیرەكە لەوەدایە، حزبوڵڵای نوجەبا بەدەستی حزبی شەیتانی بەرەڵاكراو دەكوژرێت».

میلیشیای نوجەبا لە میلیشیای عەسائیبی یەهلی حەقی شیعەی عیراقی لە ساڵی 2013 جیابۆتەوە و لەلایەن ئەكرەم كەعبییەوە سەركردایەتی دەكرێت.

كەعبی پێیوایە، دوای ماوەیەك لە خاوبوونەوەی رووبەڕووبوونەوەی چەكداریی، جەنگی ئەهلی لە سوریا وایلێكرد میلیشیاكە دروست بكات، رەتیشیدەكاتەوە لە عەسائیبی ئەهلی حەق جیابووبێتەوە، بەڵام بەهۆی ناكۆییەكانی نێوانیان یەكنەگرتنی لەگەڵیاندا هەڵبژاردووە.

تائێستاش ئەو دوو گروپە زۆر لە یەكەوە نزیكن، زۆرجاریش لە یەك كاتدا بەیەكەوە یادی كوژراوەكانیان دەكەنەوە.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییە عیراقییەكان، گروپەكە بەئاشكرا، مەشق و چەك و راوێژی سەربازی لە ئێرانەوە پێدەگات و لە سرودێكشیاندا ستایشی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی دەكەن.

بزوتنەوەی نوجەبا لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە شوێنكەوتەی (ولایە الفقیە)ی حكومەتی ئێرانن، كەعبیش رایگەیاندبوو كە حكومەتی عیراق دەڕوخێنێت، یان شان بەشانی حوسییەكانی یەمەن شەڕ دەكات، گەر عەلی خامنەیی رابەری باڵای كۆماری ئیسلامی فەرمانی پێبكات.

 51 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*