سەرەکی » دۆسێ » وردەكاریی كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی عیراق و وەفدی سعودی

كارەبا یەكێك لە تەوەرەكان بوو

وردەكاریی كۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی عیراق و وەفدی سعودی

ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق، وردەكاریی نوێی لەبارەی چاوپێكەوتنی هەردوو وەفدی عیراقی و سعودی ئاشكرا دەكات و گرنگترین ئەو تەوەرانەش دەخاتەڕوو كە لە كۆبوونەوەكاندا تاوتوێ‌ كران.

وەزیری نەوتی عیراق لە دوای كۆبوونەوەكان لە 8ی تشرینی دووەمی 2020 بە میدیاكانی عیراقی رایگەیاند»هەردوو وەفد، پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و پەرەپێدانی ئاسۆی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ‌ كرد».

بە وتەی ئیحسان عەبدولجەبار»لە چاوپێكەوتنەكەدا، بەستتنەوەی كارەبا بە كەنداوەوە تاوتوێ‌ كرا، لەگەڵ زەمینەسازیی بۆ وەبەرهێنان و پەرەپێدانی كۆڵگەی عوكاش لە ناوچەی خۆرئاوا و چڕكردنەوەی پرۆسەكانی گەڕان بەشوێن نەوت، وێڕای گفتووگۆكردن لەسەر وەبەرهێنانی غاز لە ناوچەكانی باشوور و پەرەپێدانی هەندێك پیشەسازی، بەتایبەتیش بەشداریی لە پرۆژەی نبراس».

لە 8ی تشرینی دووەمی 2020، هەردوو لایەنی عیراقی و سعودی لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نۆ بواردا رێكەوتنیان كرد كە نەوت و تەندروستیان لەخۆگرتبوو.

ئیحسان عەبدولجەبار ئیسماعیل، سەرۆكی لایەنی عیراقی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو»لە میانی كۆبوونەوە لە دوای دەستپێكردنی كارەكانی لیژنەی عیراقی سعودی لە بەغدا، حكومەت پێداگری لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان كردەوە لەگەڵ برایان لە شانشینی عەرەبی سعودیە لە هەموو بوارەكان لەوانە، ئابوری و وەبەرهێنا، نەوت و وزە و پیشەسازیی و كشتوكاڵ و تەندروسنی و فێركاریی و ژینگە و چەند بوارێكی تر كە حزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەكان دەكەن».

وەزیری نەوت رایگەیاندبوو»ئەم كۆبوونەوەیە وابەستەی كۆبوونەوەكانی پێشووە لەگەڵ براسعودییەكان كە ئامانج لێیان بەگەڕخستنی یاداشتەكانی لێكگەیشتنە و جێبەجێكردنیانە، وێڕای پتەوكردنیان لە پرۆژە نوێیەكان لە بواری بەستنەوەی تۆڕی كارەبای عیراق بە كەنداو و هەماهەنگی لە بواری پیشەسازیی پترۆكیمیاییەكان و وەبەرهێنان لە غاز و بوارەكانی تر، لە كۆبوونەوەكەشدا خواستی راستەقینەی لایەنی سعودی بەدیكرا بۆ هەماهەنگی و پێشكەشكردنی پشتیوانی پێویست».

لای خۆیەوە، میر عەبدلعەزیز بن سەلمان وەزیری وزەی سعودیە، لەڕێی بازنەی تەلەفیزیۆنی، خواستی ریازی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و درێژەپێدانیان لەگەڵ عیراق و كاركردن بۆ خێرا جێبەجێكردنی پرۆژەكانی هەماهەنگی دووقۆڵی لە هەموو بوارەكان، خستەڕوو».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەندەر بن ئیبراهیم خەریف، سەرۆكی وەفدی سعودی و وەزیری پیشەسازیی، ئاماژەی بە گرنگی پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان لەگەڵ عیراقییەكان كرد، هیواشی خواستبوو گفتووگۆكان ببنە مایەی پرۆژەی وەبەرهێنانی هاوبەش لە هەموو بوارەكاندا».

پێشتر وەزارەتی دەرەوەی عیراق راگەیەندراوێكی لەبارەی بەستنەوەی كارەبای عیراق بە وڵاتانی كەنداوەوە بڵاودكردبۆوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێك كە لە كۆتایی مانگی تەمموزی رابردوو لەلایەن لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”لەڕێی ڤیدیۆوە دانیشتنێكی سێ‌ قۆڵی لەنێوان نوێنەرانی كۆماری عیراق، و ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، و ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو سازكرا بۆ گفتووگۆ لەسەر پرۆژەی بەستنەوەی كارەبا لەنێوان عیراق و وڵاتانی كەنداوی عەرەبی”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە”ئەم دانیشتنە لەلایەن ویلایەتە یەكگرتووەكانەوە ڕێكخراوە و پشتیوانی لێدەكرێت، بەئامانجی كاركردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەكی كاریگەر بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەی بەستنەوەی كارەبا لەنێوان عیراق و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، وێڕای ئەوەش بۆ هاندانی هەماهەنگی ئابورییە لەنێوان عیراق و وڵاتانی كەنداو”.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق دەڵێت:”لەكۆتایی دانیشتنەكەدا حكومەتی عیراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی هاریكاریی كەنداو، پشتیوانی تەواوەتی خۆیان بۆ پرۆژەكە دەربڕی و ویلایەتە یەكگرتووەكانیش پابەندی خۆی بۆ ئەنجامدانی ئاسانكاریی لەپێناو جێبەجێكردنی پرۆژەكە و كۆمەمەككردنی لەحاڵەتی پێویستدا دەبڕی”.

ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە سەرەتای مانگی ئابی 2018، وەزارەتی دەرەوەی عیراق رایگەیاندوە، گفتوگۆكانیان لەگەڵ عەرەبستانی سعودی هەنگاوی باشی ناوە بۆ بەستنەوەی كارەبای عیراق بەوڵاتانی كەنداوەوە.
هاوكات، بەرپرسێكی باڵای عیراقیش رایگەیاندبوو، سعودیە لە عیراقدا ركاربەریی ئابوری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا كەناڵی(العربیە) لەزاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە بڵاویكردبۆوە، نەخشەڕێگایەكی روونیان هەیە بۆ بەستنەوەی كارەبای عیراق‌و وڵاتانی كەنداو پێكەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لێكتێگەیشتنی باشیان لەگەڵ ئەو وڵاتانەدا هەیە‌و گفتوگاكانیشیان لەو بارەوە بەردەوامە.

مەسعەب مودەریس وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق رایگەیاندبوو، كە وڵاتەكەی هەوڵ دەدات بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی هاوردەكردنی كارەبا لەئێرانەوە، لەوانە وڵاتانی كەنداو.

لەلایەكی ترەوە هەر پەیوەست بە دۆخی كارەبا، بەرپرسێكی عیراق رایگەیاندبوو، عەرەبستانی سعودی لە عیراق ركابەریی ئابووریی كۆماری ئیسلامیی ئێران دەكات.

موسعەب مودەریس وتەبێژی فەرمیی وەزارەتی كارەبای عیراق لەو دەمەدا بە ئاژانسی (بلومبـێرگ)ی راگەیاندبوو، سعودیە پڕۆژەیەكی پێشكەشی عیراق كردووە بۆ بونیادنانی دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە وزەی خۆر لەسەر خاكی خۆی ‌و فرۆشتنی كارەباكە بە عیراق.

بە وتەی موسعەب مودەریس» دوو وێستگەكە بڕی سێ هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنن، حكومەتی ریازیش بە هیوایە لە بری كڕینی وزەی كارەبا لە ئێران، عیراق وزەی كارەبا لە سعودیە بكڕێت.

لەو دەمەدا وابڕیار بوو سعودیە بڕی یەك مێگاوات كارەبا لە كاتژمێرێكدا بەرامبەر بە 21 دۆلار بداتە عیراق كە دەكات یەك لەسەر چواری ئەو نرخەی كە عیراق كارەبای لە ئێران پێدەكڕی.

 66 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*