سەرەکی » وتار » کتێبەکەت تەواو نەبوو!

کتێبەکەت تەواو نەبوو!

هێمن و خاوەن هەڵوێست بوو، لە رۆژگارە هەرە سەختەکانی شۆڕشی نوێ دا لە تەک هاوسەرەکەیدا، لە شاخەکانی کوردستاندا پێشمەرگە بوو. لە خانەوادەیەکی ناسراو و دیاری سوید بوو. هەوڵیدەدا کەم دەربکەوێت، بە پێویستی نەدەزانی باس لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بکات. دەمێکە هەوڵدەدەم کتێبێک لەسەر ژیان و تێکەڵاوبوون و روانینی بۆ دوو کولتوری جیاواز بنووسم، ئارەزووی نەدەکرد قسە بکات، تا بەم دواییە رازی بوو، بەرنامەم دانابوو، هەر کاتێک سەردانی سوید بکەمەوە دیدارەکە رێکبخەین، ئەگەرچی ئەگنێتا دوا قسەی بۆ نەکردم، بەڵام پەیمان دەدەم ئەو کەرەستانەی کۆم کردوونەتەوە بیکەم بە کتێبێک.

ئەو ناناسم و نەمبینیوە، تا ئەو کاتەی لە رێگای چاوپێکەوتنێکی سێزدە کاتژمێری لەگەڵ هاوسەرەکەیدا کاک عومەر شێخموس، وا رێکەوت دوو دانیشتمان لە ماڵی ئەوان بوو. ئەمە بوو بە سەرەتایەک لە ژنێکی سەلار بگەم. ئەوان ساڵی 2008 سەفەری کوردستانی باشووریان کرد، کلیلی ماڵەکەیان بە من دا، سەرەتا دوودڵ بووم، کەوتمە گفتوگۆ لەگەڵ ناخی خۆم، تۆ بڵێیت؛ ئەگنێتای سویدی رازی بێت!؟ هاوسەرەکەی گوتی؛ بەڵێ تۆی بەدڵە و بڕیارمانداوە، هیچ ژوورێکیش دانەخەین، بۆت هەیە، سەیری ئەلبومی وێنەکانیشمان بکەیت، ئەم هەڵوێست و هەڵسوکەوتە رشتتری کردم، کە وردتر کار لەسەر کتێبی؛ «پشکۆیەک لە خۆڵەمێشدا» بکەم، هەر ئەو دەرگا کردنەوەش بوو، هانیدام کارێکی جیاواز لەسەر ئەگنێتا بکەم، بە وەک کۆمەڵناسێک گفتوگۆ سەبارەت بە ئاوێزانی کولتورەکان بکەین، بە تایبەتیش لە قۆناغی خەباتی چەکداریدا، بەداخەوە ئەو ماوەیەک نەخۆشکەوت، منیش نەشتەرگەریێکی قورسم بۆ کرا، کارەکەمان دواکەوت و دواکەوت! تا مەرگ مەودای نەدا حکایەتەکانی کتێبەکە بە پایان بگەیەنین. ئەم بەرهەمە بژاردەی پڕۆژەی کتێبەکەیە، هیوادارم کۆڤید- 19 زیاتر درێژە نەکێشت و لە دووەمین ساڵیادی مەرگیدا کتێبەکە چاپ بکەین. جارێکی تر سوپاس بۆ رۆژنامەی کوردستانی نوێ. بەم پاشکۆیە هەم یادی ئەگنێتا بەرز رادەگرن، هەم جۆرێکە لە ناسین و ناساندنی پرۆژەکەم.

نەوزاد عەلی ئەحمەد
Nawzad.ali@hotmail.com

 106 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*