سەرەکی » وتار » لە 21/11 رۆژی شەهیدانی یەكێتی-دا

لە 21/11 رۆژی شەهیدانی یەكێتی-دا

حەیدەر مەنتك

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ دەسپێكی راگەیاندنی شۆڕشی چەكداریدا، واتە (4) مانگ پاشتر لە 19/10/1976 شەهیدی بەخشیوە بە خاك و نیشتمان ئەویش شەهیدبوونی نەقیب (ئیبراهیم عەزۆ) و هەڤاڵەكانی بوون. (44) ساڵ خەبات لە پێناو رزگاربوونی خاك و زمان و ئازادی قوربانیەكانی ئەم حزبە زیاتر لە (20) هەزار شەهیدە. شۆڕشی نوێی گەلەكەمان بە رابەرایەتی جەنابی (مام) لەدوای شۆڕشێكی شكستخواردوو، نسكۆیەكی كارەساتبار، بێ‌ هیوابوونێك مەگەر بەس جەنابی (مام جەلال) و دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتی بزانن گەڕانەوەی ئەو هیوایە بۆ شۆڕش بەرپاكردن چۆن بووە و چۆن كاری لەسەر دەكەن، ئەگینا ئەوانەی شۆڕشی گەورەی كوردیان بەم شكستە برد زوو وتیان (كاری ئێمە تەواو بوو) بۆیە بەرهەمی ئەم كیانەی هەرێم بەخوێنی شەهیدانی (یەكێتیی نیشتمانی كوردستان) هاتۆتە بوون. ئەم شۆڕشە لەگەڵ دەسپێكی ڕاگەیاندنی جگە لە نەیارانی كورد كە سەرقافلەكەی رژێمی عیراق و بەعسیەكان بوون كە بەهیچ شێوەیەك لە ماوەی (15) ساڵی بەردەوام نەیانتوانی چۆك بە پێشمەرگەكانی (ی.ن.ك) دابدەن و لە سەدان هێرشی گەورەی سەدامییەكان بۆ چیا و بارەگا و رەبیەكانی هێزی پێشمەرگە لوتیان شكا و بە سەرشۆڕی گەڕانەوە بنكە و باوەشی نۆكەرەكانیان، ئەوە ئازایەتی و سەر بڵندیی زۆربەی شەهیدەكان و هێزی پێشمەرگەی یەكێتی بوو رۆژ لە دوای رۆژ سەركەوتنی تۆمار دەكرد، لەگەڵ ئەو هەموو زەبر و هێرش و زەختەی دوژمن بۆ سەر یەكێتی كەچی چەندین حزب و گرووپ، گرووپی جیا جیا لەشاخ دژی یەكێتی لە كەمیندابوون ئەوانیش هەندێكیان بە فیتی دوژمن و وڵاتانی ئیقلیم لە ژێرناوی (جوود) و چەندین ناوی تر ببوونە داردەستی بێگانە، هەرچەندە یەكێتی نیگەرانی شەری براكوژی بوو، بەڵام نەدەكرا لێرەولەوێ‌ بۆ بەرگری لەخۆی وەڵامیان نەداتەوە، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لە ناوچەیەكی ئازادكراو دەیان كێشەی لابەلایان بۆ دروست دەكرد كەچی لوولەی كڵاشینكۆفەكانیان هەر روو لە دوژمنی سەرەكی بوو، هەربۆیە لەم كوردستانە هیچ شاخ و گوند و داستانێك نەماوە خوێنی پێشمەرگەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لێ‌ نەڕژابێت. حزبی شەهیدان خوێنی لە پێناو نیشتمان داوە بۆیە ناسراوە بە حزبی شەهیدان، لیستی شەهیدانی پاكە و مێژوو شایەدی زۆربەی داستان و هێرش و بەرگرییەكانیەتی، نەك لیستێك بە بڕیار پڕ بێت لە كەسانێك بە مردنی خۆیان و كارەسات و كۆچ كردنی لابەلا لەبەرئەوەی بەشداری فلان شۆڕشی كردووە و لە ئاوارەیی فلان وڵات نەگەڕاوەتەوە و لەوێ‌ گیانی سپاردووە دەبێ‌ بكرێتە شەهید، شەهید پێناسەكەی روون و ئاشكرایە، بۆیە لێرەوە داوا لە حكومەت و پەرلەمان و لایەنی پەیوەندار بەشەهیدان دەكەم تۆماری شەهیدان پاك بكرێتەوە، با لە ژێر تایتڵێكی تر ئەوانەی شەهیدی راستەقینە نین با حزبەكانیان لە دارایی حزب هاوكاریان بكەن، چونكە زۆرینەی خانەوادەی شەهیدان نیگەران.

ماوەتەوە بڵێم كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبی شەهیدانە، لەم چەند رۆژەدا بۆ ئەم یادە پیرۆزە لە سەرجەمی (1022) ژیاننامەی ئەو شەهیدانەی كتێبی ئینسكلۆپیدیای شەهیدان (سێ‌ مالە شەهید لەیەك خێزان (4) شەهیدیان هەیە. (8) خێزان لە یەك مال (3) شەهیدیان هەیە. (21) خێزانیش لە یەك مال (2) شەهیدیان هەیە. ئەمە بەس لە سنوری پارێزگای هەولێر لە (1022) شەهید ئاخو دەبێ‌ لە (20) هەزار شەهید چەند خێزانێكی تریش هەیە لەیەك خێزان لە شەهیدێكی زیاتر هەیە.. بەهیوام مەكتەبی كاروباری شەهیدان بە بەرنامەیەكی پوخت كار لەسەر دۆسیەی شەهیدان بكات بۆ باشتر بوونی گوزەرانی خانەوادەی شەهیدان بەتایبەتی رۆلەكانیان لە بواری خوێندن و لایەنی تەندروستی .. روحتان شاد ئەی ئەوانەی ئەوێ‌ رۆژێ‌ گیانتان بەخت كرد لە پێناو ئازادی و رزگار كردنی خاك . ئارامگەتان ئارام بێت شۆڕە سوارەكانی شۆڕشی نوێی گەلەكەمان.

 34 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*