سەرەکی » راپۆرت » پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە دەكرێت

شرۆڤەی رۆژ

پڕۆژەیاسای بودجە ئامادە دەكرێت

هەواڵ و بەدواداچوون

پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵانەی عیراق یەكێكە لەو پڕۆژانەی كە تا كاتی پەسەندكردنی كێشمەكێشی زۆری لێدەكەوێتەوە، بەتایبەت ئەگەر دۆخەكە لەڕووی سیاسی و ئابوورییەوە ناجێگیر و ئاڵۆز بێت.

ئێستا وەزارەتی دارایی عیراق سەرقاڵی ئامادەكردنی رەشنووسی پڕۆژەكەیە بۆ ساڵی داهاتوو، وەك راوێژكاری دارایی سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت «بەم نزیکانە پڕۆژەكە رەوانە دەكرێت بۆ حكومەت».

ئەوەی گرنگە لە بارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووەوە قسەی جددی لەبارەوە بكرێت، پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایە، بەوپێیەی هەمیشە تا تێپەڕاندنی پڕۆژەكە بەهۆی مانەوەی كێشە و گرفتی نێوانیانەوە، كێشمە كێشێكی زۆر لەكاتی گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژەكە پەیدا دەبێت.

دوو روانینی جیاواز لەبارەی هاوبەشی و مافی پێكهاتە و شەراكەتی راستەقینە لە ئارادان. ئەوانیش روانینی هەرێم و بەغدان.

هەرێم دەیەوێت ساڵانە پشك و شایستە داراییەكانی خۆی پێبدرێت، بەڵام هەرچی بەغدایە لەبەرامبەر ئەو ویستەی هەرێم، چاوی لە پابەندبوونی هەرێمە لە پرسی هەموو ئەو رێكەوتنانەی كە لەبارەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوانیانەوە دەكرێن. لە هەرێمی كوردستانیش بەردەوام تەئكید لە چارەسەركردنی كێشەكان لەگەڵ بەغدا دەكرێتەوە، هەروەك هەمان تەئكیدكردنەوە لەلایەن بەغداشەوە بەدی دەكرێت، ئێستا لە هەموو كات زیاتر پێویستە هەردوولا روویان لە چارەسەری كێشەكان بێت لەسەر بنەمای دەستوور.

لێرەدا گرنگە كورد هەوڵەكانی بۆ گفتوگۆ و پتەوتركردنی پەیوەندیی لەگەڵ حكومەت و لایەنە عیراقییەكاندا چڕ بكاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش كەناڵەكانی راگەیاندن باس لە «سەردانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ بەغدا»، ئەم سەردانە لەم كات و قۆناغەدا گرنگە، لایەنێكی دیكەی گرنگیش ئەوەیە حكومەتی هەرێم و حكومەتی عیراق هەوڵەكانیان چڕ بكەنەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی نێوانیان بگاتە ئەنجام و لە رێگەی گفتوگۆ و رێكەوتنەكانی نێوانیانەوە و لە چوارچێوەی پابەندبوون بە دەستوورەوە، كار بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوانیان لە هەموو بوارەكاندا بكەن.

 122 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*