سەرەکی » مانشێت » بەغدا و هەرێم تەئكید لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ دەكەنەوە

بەغدا و هەرێم تەئكید لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ دەكەنەوە

حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق تەئكید لە بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، دەكەنەوە.

״وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات״
لە دوو رۆژی رابردوودا لە هەولێر، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و وەفدی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ بەغدا، كۆبوونەوە. لە كۆبوونەوەكەدا «جەخت لەوەكرایەوە كە وەفدی دانوستانكاری حكومەتی هەرێم هەموو هەوڵ و توانایەكی خۆی خستۆتەگەڕ بۆ گەیشتن بە رێكەوتن لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ و بەردەوام داكۆكی لە مافە رەواكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كردووە». هەر لە كۆبوونەوەكەدا «پڕۆسەی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ تاوتوێكرا، هەروەها وەفدی هەرێمی كوردستان لە هەر كاتێك بە پێویستی بزانێت، ئامادەیە سەردانی بەغدا بكات».

״گفتوگۆكان بەردەوامن״
پەیوەست بە پرسی گفتوگۆی نێوان حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێم، لە چەند رۆژی رابردوودا جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند: ئامادەیی خۆمان نیشانداوە بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە بەڕێوەبردنی نەوت و خاڵە سنوورییەكان.

هەر لە چەند رۆژی رابردوودا سەرۆك وەزیرانی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند: گفتوگۆكان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بەردەوامن.

نوێنەران لیژنەیەك بۆ گفتوگۆ پێكدەهێنێت
لەلایەكی دیكەوە، بە ئامانجی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا و رێكەوتنی هەردوولا لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتووەوە، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێنا.

لەوبارەیەوە، شیروان میرزا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو لیژنەیە لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە پێكهێنراوە و لە 8 كەس پێكدێن، بەڵام هیچ ئەندامێكی كوردی تێدا نییە، راشیگەیاند: لیژنەكە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ گرفتە داراییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق پێكهێنراوە، بەتایبەت لەبارەی ئامادەكارییەكانەوە بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو.

 75 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*