سەرەکی » دۆسێ » ژمارە و ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ئاشكرا دەكرێت

لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدان

ژمارە و ئەركی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ئاشكرا دەكرێت

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق ئاشكرا دەكات.

ئاژانسی دەنگوباسی (العراقیە) لە 15ی تشرینی دووەمی 2020 لە زاری عەقید واین ماتۆ، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە بڵاویكردەوە»هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتییە، ژمارەشیان لە عیراق دەگاتە نزیكەی 3000 سەرباز».

بە وتەی ماتۆ»ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یارمەتیدانی هێزەكانی عیراقە بۆ راوەدونانی پاشماوەی چەكدارانی داعش، ئەو هێرشە ئاسمانیانەی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە لە دژی داعش ئەنجام دەدرێن، لەسەر داوای لایەنی عیراقین».

ئەو فەرماندەیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەڵێت»هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا 37899 هێرشی ئاسمانی لە عیراقدا ئەنجامداوە، سەرلەنوێ‌ رێكخستنەوە و جێگۆڕكێی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش، بۆ رادەستكردنی هەندێك بنكەی سەربازی بە لایەنی عیراقی، دەگەڕێتەوە».

عەقید واین ماتۆ پێیوایە»هێزە عیراقییەكان سەركەوتوو بوون لە بەگژداچوونەوەی تیرۆر، سەركەوتنی مەزنییان بەدیهێناوە لە چەندان شوێنی قورس لەڕووی پێكهاتەی جوگرافی».

ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشتر ئاماژە بە خۆئامادەكرنی هێزەكانی ئەمریكا كرابوو بۆ پاشەكشەكردن لە عیراق، ئەمەش بە وتەی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكایی.

جەراڵ كینت ماكینزی، لە مانگی ئەیلولی رابردوودا بە رۆژنامەوانی راگەیاندبوو»ژمارەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، لە 5200 سەربازەوە بۆ 3000 سەرباز كەمدەكرێتەوە».

وەك كاكینزی باسی دەكات»پاشماوەی ئەو هێزانەی دەمێننەوە، راوێژ و یارمەتی پێشكەش بە هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەكەن، بۆ راوەدونانی پاشماوە چەكدارانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی».

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی تەمموزی رابردوودا، خواستی خۆی بۆ پاشەكشەپێكردنی هەموو هێزەكانی وڵاتەكەی بە زووترین كات، لە عیراقدا خستبووەڕوو.

چاوەڕوان دەكرێت ترەمپ ستایشی كەمكردنەوەی ژمارەی هێزەكان بكات لە عیراق، بەو پێیەی هەنگاوێكە بەرەو پابەندبوون بە بەڵێنەكانی لەكاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی 2016، و قوتاركردنی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەو «جەنگانەی كە بێ‌ كۆتان».

بوونی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراق، بۆتە پرسێكی گەورە، لە دوای كوژانی جەنەراڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران لە هێرشێكی ئاسمانی لە بەغدا لە مانگی كانوونی دووەمی رابردوو.

دوای چەند رۆژێك لەو رووداوە، پەرلەمانی عیراق پرۆژە بڕیارێكی پەسەند كرد و بۆ حكومەتی رەوانە كرد، تا كۆتایی بەو ئۆپەراسیۆنانە بهێنرێت كە هێزە بیانییەكان لەسەر خاكی عیراق ئەنجامی دەدەن، بەڵام بڕیارەكە تائێستا جێبەجێ‌ نەكراوە.

ویلایەتە یەكگرتووەكان، میلیشیا چەكدارە عیراقییەكانی سەر بە ئێران بە ئەنجامدانی هێرشی مووشەكی بۆسەر بنكە سەربازییەكانی لە عیراق تۆمەتبار دەكات، یەكێك لەو هێرشانەش كە بە وتەی ئەمریكاییەكان لەلایەن ئەو میلیشایانەوە ئەنجامدراوە، لە مانگی ئاداری رابردوو بوو كە تێیدا دوو سەربازی ئەمریكایی و سەربازێكی بەریتانی كوژران.

هەر لەو دەمەدا بەرپرسانی ئەمریكا ئاماژەیان بە سەرلەنوێ‌ بڵاوەپێكردنی هێزەكان كردبوو لە بنكە سەرەكییەكانی بەغدا و هەولێر لە باكوور و عەین ئەسەد لە خۆرئاوا، بەڵام زۆربان بۆ دەرەوەی عیراق گوازونەتەوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسانەی ئەمریكا وەك ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسایی ئاماژەی پێكردبوو، كەمكردنەوەی هێزەكان ماوەیەكی زۆرە نەخشەی بۆ داڕێژراوە، بە تایبەت لە دوای شكستهێنان بە جیهادییەكان، بەڵام پرۆسەكە خێراكرا بەهۆی هێرشە مووشەكییەكان و مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لەگەڵ ئەمەشدا، هێرشەكان بۆسەر هێزەكانی ئەمریكا بەردەوام بوون كە خۆیان لە ناوەوەی مینی چێنراو بۆ كاروانی سەربازی و هێرشكردنە سەر بنەكە سەربازییەكاندا بینیەوە كە بەهۆیانەوە سەربازی سەر بە هێزە ئەمنییەكانی عیراقیش لەو هێرشانەدا بوونە قوربانی.

بەپێی دوایین بەرەسەندنیش لەو رووەوە، ئەمریكا 500 سەربازی تری لە هێزەكانی لە عیراقدا پاشەكشەپێكرد و لەئێستادا 2500 سەربازی لە عیراقدا ماوەتەوە.

 148 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*