سەرەکی » کەلتوور » زێوار بۆ بەدیعە دارتاش

زێوار بۆ بەدیعە دارتاش

ئەحمەد حسین

کۆمەڵگەی کوردەواری لەو رۆژگارە هەرە سەختەی تۆی بەو رەنج و زەحمەتەوە لێ دەرکەوت، ئاسمانە شین و بێگەردەکەی، لە شەوگاری ئەنگوستە چاودا، لەبواری هونەردا بەدەگمەن ئەستێرەی تیادا بەدیدە کرا. چارەنوس وابو تۆ یەکێک بیت لەو دەگمەنانە. بە گەشی چاوی بوێرانەت هەڵهێنا. لەو ساتە پڕ لە ئەستەمانەوە، لەسەر پێی خۆت را وەستایت و هەر بە گەشی ژیانی شکۆدارانەت پەیڕەو کرد و بە تروسکایی هەڵوێستەوە پیشەی هونەری رەسەن و دراما و وردەکاریی نووسین و ئامادەکاریت بەجێگەیاند.

شوێنەواری شاکارەکانت بنیادی دەستڕەنگینیەکانت، ئەمەندە پرشنگدارن، کە زاراوەی شانازیی بەشەرمەوە دەست بە سنگەوە بگرێت و بڕوانامەی روونی تەمەن و مەدالیای زەمەن وتاجی سەروەریت پێ ببەخشێت. ئەیرێ خۆشکەری بنەمای ئاشتەوایی! ئەی نمونەی رەسەنایەتی ! ئەی رچەشکێنی دروست و بەسۆز و پێگەیەنەری چەندان نەوەی تازە !ئەی ئەو فریشەتەیەی بە کاوەخۆ پەنجەرەی پەلکەزێڕینەی هونەرو رێکاری دەربەستبونت پێنیشاندان و بە ئەندازەیەکی گونجاو و باش بە کردەیی دەستت گرتن. بگرە ئەوانیش دڵبەندانە درێژەیان بە رێنماییەکانتدا. کارو راژەیان کردە دروشمێکی شایستە بۆ کوردو بۆ کوردستانیان.هەرگیز لەبیرناچیت.

ئەی هەیبەتی ئاسانکاری بۆ دەیان کێشەی لابەلای نێوان خوێندکارودەورو بەرت. بەو ئاڕاستە وهەنگاونانەت، بەوچەپکە وانە دادانەت، تۆ بەو پاراستنی نەریت و ئاکارە بەرزانەی کۆمەڵایەتیەوە لە ئامێزی میهرەبانیت گرتن و بویتە مامۆستایان، ئەوەندەی تر پێی چویتە پێشەوەو رێژەی رێز و پێزانین و خۆشەویستییەکەت سنور ببەزێنێبۆ هەمیشە لەقوڵایی دڵی هونەردۆستان، ناسیاوو نەناس لە گەرویمێژووی دا لە ریزی پێشەوەدا ئاوابدرەوشێیتەوە. هەرگیز لە بیرناچیت .لەو ئاقارەوە بە تێپەڕبوونی ساڵ لە دوای ساڵ، پەروەردیار بەدیعە دارتاشی بەهرەمەند، لەناو بیلبیلەی چاوانی شاری هەڵمەت و قوربانیدا جێگیر بوەو گوڵباران دەکرێت .تۆی مەزن لە زنجیرە چیای گویژە و ئەزمڕەوە، وەکو خۆری بەختەوەری هەڵدێیت و ئاوا دەبیت. دیارە باڵای گەشی هونەریت بەوانە پێوانە کراوە.

بێگومان لە رۆژگارە سەختەکاندا لە هەر پۆستێکدا کارت کردبێت جێگە دەستت دیارە. لەگونجاویداکەم وێنە بووی .لە کتێبی( یادەوەرییەکانم لە رۆژەسەختەکانا) بەزمانێکی شیرین و راستگۆیانە، بە قەڵەمێکی نەرم ونیانانە، بەرکوڵێکی کەمت لە سەربوردەی ژیان و تێزی کارە هونەرییەکانت تۆمار و چاپ کردوە. لەروی مەرجی نووسینەوە، باڵادەستی و لێهاتووییت پێوە دیارە.
دەبوایە چاکتر قۆڵت لێ هەڵماڵیایە گەلێک بەسەرهات و رووداوی تری کۆمەڵایەتی خۆش و ناخۆشت بە کاوەخۆ بنوسیایەو بگێڕایەتەوە. ئەوانە پتر تینوێتی خوێنەری چی گشتی چی هونەری دەشکاند. بگرە چەندان جار لە کەناڵەکانی راگەیاندنەوە چاوپێکەوتنت لەگەڵدا کراوە خۆزگە ئەو شارایانە کۆدەکرانەوە و دەکرانە خەرمان بۆ ئایندە. ئاشکرایە تۆ لە گەروی کسپەو ئێش و تەنگ و چەڵەمەی ژیانەوە، لە پەرژینی ژەنگاوی قەدەغە بارانەوە چاوت بۆژیان هەڵهێناوە. بەبڕوای بەتین و پشت بەخۆ بەستنبە خوێندنەوەو سەرنجی وردەوە، بە ئامادە باشییەوە، یەک لەدوای یەک هەورازە سەختەکانت تێپەڕاندوە. هەر ئەم بەردەوامی کۆڵنەدانە بوو، بەدیعە دارتاش لە خانەوادەی گەڕەکێکەوە، بکا بە موڵکی گەورەترین شاری ئەدەب و هونەر و رۆشنبیر واتا شاری سلێمانیی سەرکەش.

لە کۆتاییدا وەک پێشنیاێک تکام وایە لەلایەنی پەیوەندیدار و خەم خۆری هونەرو هونەرمەندان، دەربارەی ئەم خانمە ناسراو و ماندوونەناس و پێشەنگە، بەبێ بەرامبەر کە گزنگی تەمەنی خۆی لە پێناویراژەی هونەری رەسەن و ناوبانگیجوانی شارەکەماندا بەختکردوە. تالە ژیاندایە لەلایەن ئەهلی هەونەرو ئەدەبەوە چەندان نامیلکەو کتێبی لەسەر دابنرێت، تارادەیەک هەقی ئەو هەموو ساڵە پڕ لەکێشمەکێشەی بۆ بکرێتەوە، کە کچە تاقانەیەکی کوردە ئەوەندە ساردی و گەرمی رۆژگاری چەشتبێ. دیسان لەریزبەندی یەکێک لەمانەی خوارەوە بکرێت بە ناوی بەڕێزیێەوە:خوێندنگەیەک، شەقامێک، گۆڕەپانێک، باخچەیەک، ناوەندێکی هونەری …تاد. ئەمەیش دەبێتە بنەمای پێزانین و پاداشتێکی رەوا بۆ دادە بەدیعە دارتاش و هاندانی کەسانی تر بۆ هەمان کاری رەونەقدار و شایستە.

 90 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*