سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » تەنگژەی بەهای دۆلار

تەنگژەی بەهای دۆلار

بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا لەبەرانبەر دراوی نیشتمانی، لەگەڵ ئەوەی بە رێڕەوێكی ناچاری حكومەت دادەنرێت بۆ دەربازبوون لەم تەنگژە ئابوری و داراییەی وڵاتی پێداتێدەپەڕێت، بارێكی ترە و دەخرێتە سەرشانی هاووڵاتی كە دەبێت لە هەموو قۆناغەكاندا باجی هەڵەی سیاسەتوان و ئابوریناسە ناكامڵەكانی بدات.

رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی 2021، پرۆژەیەكی تری بەخزمەتكاركردنەوەی هاووڵاتییە بۆ دەوڵەت و خستنەوەگەڕی هاووڵاتییە بۆ راستكردنەوەی باری لاری حكومەتە گەندەڵەكانی دوای 2003 كە جگە لە پاراستنی بەرژەوەندی لایەنە سیاسییەكان و برەودان بە پشكداریی و گێڕانەوەی كۆمەڵگە بۆ چاخە ناوەندەكان، چی دییان بۆ عیراقی نوێ‌ نەكردووە.

حكومەت لەڕێی پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی داهاتووەوە دەیەوێت بەهای 100 دۆلاری ئەمریكایی بۆ 145.000 دینار بەرزبكاتەوە، ئەم هەنگاوەش لەكاتێكدایە كە نرخی بەرمیلێك نەوت لە بازاڕەكاندا خەریكە لە 50 دۆلاردا جێگیر دەبێت.

لەگەڵ ئەوەی هەرزانی و گرانی زۆربەی شتومەك و كاڵاكان لە بازاڕەكانی ناوخۆدا پشت بە بەهای دۆلار دەبەستێت، بەرزكردنەوەی بەهای ئەو دراوە لەبەرانبەر دیناردا، زیانی گەورە بە هاووڵاتی دەگەیەنێت و زەرەرمەندی یەكەم دەبێت لەو كاروانە چاكسازییەی كە لەسەر خێر حكومەتی عیراق كار بۆ بەڕێخستی دەكات.

ئابورییە فشەڵەكەی عیراق بەرگەی كەمتر لە ساڵێكی نەگرت، لەكاتێكدا حكومەتی راگوزەر داهاتی بەندەر و خاڵ سنورییەكانی گەیاندۆتە دوو هێندە و چاوی لە هەجۆركردنی ئابوری و كۆنترۆڵكردنی هەموو داهاتەكان و یەكخستنیایە.

دەیەوێت بە بەندەری گەورەی فاو رێگەی حەریر زیندوو بكاتەوە ، بە كشتوكاڵی ناوخۆ خۆژییەنی دابین بكات، بەڵام لە بە گیرفانی هاووڵاتی كورتهێنانی بودجە پڕدەكاتەوە و مووچە و خەرجی بەكاربەری لێوە فەراهەم دەكات.

لاوازیی هەڵوێستی سیاسی حكومەت و ناكاریگەریی لە وڵاتدا، رەنگە رەوشێكی لەباری بۆ گەمەكەرە نێودەوڵەتییەكان خولقاندبێت ، تا ئابوریش بۆ مەبەستی هێنانەدی ئامانجەكانیان بخەنەگەڕ، رەنگە لابردنی داشێك و جوڵاندنی داشێكی تر بێت، هەوڵێك بێت بۆ خنكانی ئەو لایەنانەی داهاتی وڵات بۆ ململانێ‌ ئیقلیمییەكان ئاودیودەكەن، رەنگە سزایەكی ناڕاستەوخۆ و زللەیەكی دڵرەقانەی خۆرئاوا بێت.

حكومەتی عیراق لە پرۆژە یاسای بوجەی 2021، بەهای دۆلار بۆ ئاستێكی پێوانەیی بەرزدەكاتەوە، وادەیەكی كۆنكریتی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت دیاریی دەكات، رێكەوتن لەگەڵ هەرێمی كوردستان رەتدەكاتەوە، داواكاریی خۆپیشاندانەكانی تشرین دەكاتە دروشم، سیاسەتێكی مەرحەلی هەیە بۆ ئایندە، باكی بە تەنگژەكانی كاتیۆشا و میلیشیا و دۆلار نییە.

 384 جار بینراوە