سەرەکی » دۆسێ » ئاستەنەگەكانی بەردەم پەسەندكردنی بودجەی 2021

یەكێكیان كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانە

ئاستەنەگەكانی بەردەم پەسەندكردنی بودجەی 2021

رەوتەكان-

مەنسور بعێجی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، باس لە ئاستەنگەكانی بەردەم پەسەندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021 دەكات.

بعێجی لە بەیاننامەیەكدا لە 20ی كانوونی یەكەمی 2020 رایگەیاندووە»شیاو نییە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و بكرێنە كۆچی قوربانی بڕیارە ناقۆڵاكان، شیاوتر بوو ئەوەی بڕیارەكەی دەركردووە، روو لە كەرتەكانی تر بگات و لێوەی رەوشی ئابوری وڵات چارەسەر بكات، نەك روو لە مووچەی فەرمانبەران بكات كە لاوازترین توێژی وڵاتن».

لە بەیاننامەكەدا هاتووە»حكومەت ڕووی كردە ساناترین و ئاسانترین رێگەچارە بۆ پرۆسەی چاكسازیی كە بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار و كەمكردنەوەی مووچەی فەرمانبەران لە بودجەی ساڵی داهاتوو كە رێگەنادەین تێپەڕببێت، گەر تێیدا فەرمانبەران و بڕینی مووچەكانیان بەوشێوە نەشیاوە لەخۆبگرێت».

بە وتەی مەسنور بعێجی»زۆربەی فەرمانبەرانی وڵات مووچەكانیان زۆر كەمە و 500 هەزار دینار لە مانگێكدا تێناپەڕێنرێت، لە حاڵەتی بڕینی بەشێك لەو مووچەیە، فەرمانبەری بەستەزمان ڕووبەڕووی كارەساتێكی ئابوری دەبێتەوە، بۆیە پێویستە حكومەت بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە سەبارەت بە بڕینی مووچەی فەرمانبەران و رێگەچارەسەی تر بدۆزێتەوە، چونكە بڕگەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران تێناپەڕێنین، ئیتر هۆكارەكە هەرچییەك بێت».

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ناجی سەعیدی ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق، رەتیكردنەوەی لیژنەكەیان رێگە بە بڕینی مووچە و دەرماڵەتی فەرمانبەر بدات لە چوارچێوەی بودجەی 2021، ئاماژەی بە میوانداریكردن و بانگێشتی پەرلەمانیش كرد بۆ حكومەت لە حاڵەتی راستی ئەو پرۆژە یاسایەی كە دزەی پێكرایە نێو میدیاكان.

سەعیدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە 18ی كانوونی یەكەمی 2020 رایگەیاند»دزەپێكردنی پرۆژە یاسای بودجە كە هێشتا بە رەسمی پەسەندنەكراوە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و نەگەیشتۆتە پەرلەمان و لیژنەی دارایی، كاریگەریی زۆر نەرێنی لەسەر بەهای دۆلار دروستكرد لەبەرانبەر دینار، فاكتەری پێشبینییەكانیش بۆ زیادبوونی بەهای دراوەكە، بووە مایەی زیادبوونی داواكاریی لەسەر دۆلار و بەرزبوونەوەی بەهاكەی».

بە وتەی سەعیدی»زۆر بەداخەوە هەموو حكومەت نەیتوانی پارێزگاریی لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجە بكات، تا ئەو كاتەی دەكاتە پەرلەمان، بەو پێیەی پرۆژە یاسایە و جێبەجێ‌ ناكرێت تا ئەو كاتەی دەنگی لەسەر دەدرێت لە پەرلەمان، لێدوانەكانی سەرۆكی حكومەتیش سەبارەت بە ئەگەری نەبوونی مووچە بۆ مانگی داهاتوو لەگەڵً لێدوانەكانی دوایی و دزەكردنی رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجە بەر لە گەیشتنی بە پەرلەمان، هەموو ئەمانە كاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئابوری عیراق و هاووڵاتی هەژار دروست كرد كە باجەكەی دەدات».

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق دەڵێت»بودجە نەگەیشتۆتە پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیرانیش دەنگی لەسەر نەداوە، ئەو كۆپییەش گەر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران یان یەكێك لە وەزیرەكانی حكومەتەوە دەزی پێكرابێت، شتێكی خراپە، بەو پێیەی بەهای دۆلاری لەبەرانبەر دیناری عیراقی بە 1445 دینار دیاریی كردووە، ئەمەش لەئێستاوە كاریگەریی نەرێنی لەسەر بازاڕ دروستكرد و بووە مایەی داڕمانی بەشێك لە بەهای دراوی نیشتمانی».

سەعیدی پێیوایە»گەر ئەو رەشنوسەی لە میدیاكاندا بڵاوكرایەوە راست بێت، ئەوا تەواوی رێوشوێنە یاساییەكان دژ بە حكومەت لەلایەن پەرلەمانی بە گشتی و لیژنەی دارایی بە تایبەتی دەگرینەبەر و حكومەت بۆ بەردەم پەرلەمان پەلكێش دەكەین».

لە 17ی كانوونی یەكەمی 2020، رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی گشتی ساڵی 2021 لە میدیاكانی عیراقدا بڵاوكرایەوە، دەركەوتووترین بڕگەش لەنێو رەشنوسی پرۆژە یاساكەدا، بەركردنەوەی بەهای دۆلارە بۆ 1445 دینار، لەگەڵ كەمكردنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران.

پرۆژە یاساكە، نرخی خەرجی دۆلاری بە 1450 دیاریی كردووە، بەو واتایەی هەر 100 دۆلارێك لەبەرانبەر 145 هەزار دیناردا دەبێت، لەگەڵ بەستنەوەی هەموو ئەو داهاتانەی دەستەبەردەكرێن لەو رووەوە، دەخرێنە سەر ئەژماری خەزێنەی دەوڵەت.

هەروەوها لە پرۆژە یاساكەدا ئاماژە بە ژمارەی فەرمانبەرانی دەوڵەت كراوە كە 3.25 ملیۆنن (بە 682 هەزار فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان) و مووچەكانیان 41.5 ترلیۆن دیارە، بڕی 6 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی تر، لەگەڵ 20 ترلیۆن دینار بۆ خانەنشینان و 9.6 ترلیۆن دینار بۆ چاودێری كۆمەڵایەتی، 4.6 ترلیۆن دینار بۆ سودی قەرزەكان، 6.8 ترلیۆنی تر بۆ قەرزە دەرەكییەكان.

پرۆژەكە كەمكردنەوەی تەواوی دەرماڵەكانی كارمەندانی فەرمانگەكانی دەوڵەت لەخۆدەگرێت كە لەلایەن ناوەند و خۆجێییەوە مووچە وەردەگرن، ئەمەش بەپێی رێژەیەكی دیاریكراو كە لە یاسا و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیراندا دیاریی كراوە، بڕیەكانیش ئەمانە لەخۆدەگرێت: دەرماڵەی مەترسی 50%، میداریی 20%، نائاسایی 20%، حۆراك 33%، بڕوانامە 50%، بڕینەكانیش 40% دەبێت.

هەروەها پرۆژە یاساكە ئاماژەی بە بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنیش كردووە (بەنزین) لە 450 دینارەوە بۆ یەك لیتر بۆ 540 دینار بۆ لیترێك.

 89 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*