سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ئەڵمانیا نازییە نوێیەكان قەدەغە دەكات

ئەڵمانیا نازییە نوێیەكان قەدەغە دەكات

ئەگەرچی لە پێش و دوای جەنگی جیهانیی دووەم، سیستەمی دیموكراسیی ئەڵمانیا لەئاست نەتەوە پەرستەكانی ئەوسا (نازییەكان) دەستەوەستان بوو و ئەوان رەوشی دیموكراسییان بۆ خۆیان بە دەرفەت زانی تاكو گەشەی تێدا بكەن و كار و چالاكیی سیاسی بكەن، تا ئەوكاتەی خۆیان گەیاندە ترۆپكی دەسەڵات، بەڵام لە دوای جەنگی جیهانیی دووەمەوە و ئەو كارەسات و نەهامەتییەی لەسایەی دەسەڵاتی ئەوانەوە بەسەر كۆمەڵگەی ئەڵمانی و تەواوی مرۆڤایەتیدا هات، ئیدی لەگەڵ گۆڕانی سیستەم و دەستووری تازە و لە پەنجاكانی سەدەی رابردوو بەدواوە، رێیان لێگیرا و دەرفەتی كاركردنی یاساییان بۆ نەمایەوە، بۆیە لەمساڵانەی دواییدا بەپشتبەستن بەدەستووری وڵات و یاسا و رێساكانی ژیان و گوزەران و كەشی سیاسیی وڵات، چالاكی و خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی ژمارەیەك گروپ و رێكخراو و پارت قەدەغەكران، كە بیری توندڕەوی و نەتەوەپەرستی و رەگەزپەرستییان پەیڕەو دەكرد و لە دژی ئەو كەسانە دەوەستانەوە، كە نەیاری بیر و باوەڕەكەیان بوون.

ئەڵمانیا بەپێی بڕگەی دەستووری پاراستنی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان، كە تیایدا دەڵیت «كەرامەتی هەموو مرۆڤەكان پارێزراو دەبێ و سازشی لەسەر ناكرێت»، توانی رێگری لە ژمارەیەك گروپی رادیكاڵی سیاسی بكات.

لیوای رەشەبای Sturmbrigade 44
ئەو لیوایە بە سریەی گورگەكان ناسراوە و لەساڵی 2016 وە دروستبوون، هەموو ئەندامەكانیان بەرگی سەربازیی نازییەكانی ئەوسایان لەبەردایە، ژمارە چوارەكەش هێمایە بۆ پیتی چوارەمی ئەبجەدی ئەڵمانی، كە پیتیD یە و كورتكراوەی وشەی Division Dirlewanger ، واتە یەكێتیی دیرلیڤانگەر، كە كاتی خۆی و لەسەردەمی جەنگی جیهانیی دووەمدا، یەكەیەكی تایبەتی سوپای نازییەكان بووە و كاریان تەنها ئەشكەنجەدانی منداڵ و كوشتنی خەڵكی بێتاوان بووە. ئەم گروپە لە 2020 ەوە قەدەغە كراون، چونكە حكومەت بە مەترسییان دەزانێت بۆ سەر داهاتووی وڵات.

هەڵۆی باكوور Nordadler
ئەمانەش لەمساڵانەی دواییدا دروستبوون و هەر لە 2020 ەوە دوای ئەوەی بۆ دەزگا ئەمنییەكان دەركەوت كە كاری تێكدەرانە و ئاژاوەچێتی دەكەن و نەخشەی چەند كردەوەیەكی تیرۆریستییان لەبەردەستدابوو، بۆیە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە قەدەغە كراون و لەهەڵمەتێكی پۆلیسدا ژمارەیەكیان لێ دەستگیركرا، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی چەندین كەلوپەل و چەك و پێداویستیی شەڕ و تەقەمەنی. ئەو گروپە لیستێكیان ئامادەكردبوو كە ناوی ژمارەیەك سیاسەتمەدار و كاربەدەستی ئەڵمانییان تێدابوو، تاكو هەوڵی تیرۆركردنیان بدەن.

هاووڵاتیانی رایخ Reichsbürger
بزووتنەوەیەكە، كە دان بە شەرعییەتی حكومەتی ئەڵمانیادا نانێت، ئەوان وایدەبینن كە ئیمپراتۆریەتی ئەڵمانیای پێشوو و هی سەردەمی بەر لەجەنگی جیهانیی دووەم، ئێستاش هەر ماوە و كاری پێدەكەن. ئەو بزووتنەوە توندڕەو و نازیپەرستە، كاتێك لەلایەن دادگاوە هەوڵی شەڕانگێزی و ئاژاوەچیتییان درایەپاڵ، بەپێی دەستوور لەساڵی 2016 وە چاودێرییان خرایەسەر و چالاكییەكانیان قەدەغەكرا.

كۆمبات Combat 18
ئەمانە لەساڵی 1992 لە بەریتانیا دروستبوون و لە هەریەك لە ئەڵمانیا و ئەمریكا و كەنەدا هەبوون و ناوەكەیان وشەیەكی ئینگلیزییە و بەمانای كوشتوبڕ دێت، ژمارە 18 كەش هێمای پیتی ئەبجەدی یەكەم و هەژدەهەمینە كە پیتەكانی HوA ە و گوزارشت لە كورتكراوەی ناوی «ئەدۆلف هیتلەر» دەكات. ئەمانە بە چالاكیی هونەریی و كۆنسێرتی میوزیكی نازی و ڤێستیڤاڵ دەستیانپێكرد و دوای ئەوەی بەتۆمەتی هاوكاریكردنی كۆچەرانی بیانی، پارێزگاری شاری «كاسڵ»یان تیرۆركرد، حكومەتی ئەڵمانیا لە ساڵی پارەوە كار و چالاكییەكانیانی قەدەغە كرد.

گورگە سپییە تیرۆریستەكان Weisse Wölfe Terrorcrew
ئەو گروپە لەساڵی 2011 لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت خۆیان ئاشكراكرد، ئەوەندەی نەبرد لە 10 هەرێم بڵاوبوونەوە و دەستیان بەكاری تێكدەرانەكرد. دژایەتیی ژمارەیەك چالاكوان و كاربەدەستی بیانییان دەستپێكرد، هەوڵیاندا بۆ گەڕاندنەوەی سیستەمی نازییەتی هیتلەر، بەوهۆیەشەوە، حكومەت چاودێری خستنە سەر و لە 2016 وە قەدەغەكران.

ئەلتەرمیدیا Altermedia
ناوەكەیان مانای میدیای كۆنی ئەڵمانیا دەبەخشێ و كاریان بڵاوكردنەوەی توندڕەوی و توندوتیژی و دووبەرەكییە لەناو كۆمەڵگەی ئەڵمانیدا. ئەمان بەپێچەوانەی دستووری وڵات كاردەكەن و بیری نازییەت دەڕوێنن، بۆیە وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لەساڵی 2016وە قەدەغەی كردن.

رێكخراوی هاوكاریی زیندانییە سیاسییەكان HNG
ئەو گروپەش لەساڵی 1979دا دامەزرا و كاریان پشتیوانیكردن بوو لەو كەسانەی كە لەسەر بیری نازییەت لەلایەن دەسەڵاتەوە دەستگیركراون. ژمارەی ئەندامەكانیان نزیكەی 600 كەس دەبوون و دەیانویست خەڵك بەتایبەتیش زیندانییەكان و تۆمەتبار و كەسوكاریان لەسەر رەوتی نازییەت هانبدەن و لەدژی حكومەت بەكاریانبهێنن. بۆیە حكومەتی ئەڵمانیا لەساڵی 2011 دا قەدەغەی خستنەسەر و چالاكییەكانی وەستاندن.

سەرچاوە :DW
نووسینی پیتەر هیلە

 606 جار بینراوە