سەرەکی » راپۆرت » لە ساڵی نوێدا 12 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە دهۆك تۆماركراوە

لە ساڵی نوێدا 12 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە دهۆك تۆماركراوە

ئەسرین محەمەد

ئێوارەیەكی درەنگە، كچێكی گەنج لەناو پڕۆژەی نیشتەجێبوونی دەلال سیتی دەبینرێت لە زاخۆ، لەوێ دەچێتە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەكی تەواونەكراو، خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و دەستبەجێ گیان لە دەست دەدات.

هێزە ئەمنییەكان پاش گەیشتنیان بە شوێنی رووداوەكە، تەرمی كچەكەیان گەیاندووەتە پزیشكی دادوەری و لێكۆڵینەوەی پۆلیس لە رووداوەكە بەردەوامە. شایەتحاڵەكان لە شوێنی رووداوەكە، دەڵێن: پێشتر ئەو كچەیان لەناو ئەو یەكەی نیشتەجێبوونە نەبینیوە و بە تەكسی هاتووەتە ئەو شوێنە.

كامێرای چاودێری لە شوێنی رووداوەكە نییە
بەهۆی ئەوەی باڵەخانەكە هێشتا كاری تێدا دەكرێت و تەواو نەبووە، كامێرای چاودێری لە شوێنی رووداوەكە نییە بۆ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەسەر رووداوەكە ئاشكرا ببێت.

لە ماوەی 10 رۆژی رابردووی سەرەتای ئەمساڵدا 12 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە سنووری پارێزگای دهۆك تۆماركراوە، كە هەشت كەسیان خۆیان كوشتووە و چوار كەسی تریشیان بە هۆكاری جیاجیا كوژراون، بە گشتی تەمەنیان لە نێوان 15بۆ35 ساڵیدایە.

زیا پترۆس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان، هۆكارەكانی زۆربوونی حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتنی؛ گەڕاندەوە بۆ خراپی دۆخی ئابووریی هاووڵاتیان، كە وایكردووە ناسەقامگیریی كۆمەڵایەتی بێتە ئاراوە و دەروونی هاووڵاتیان بشێوێت و پەنا بۆ توندوتیژی ببەن.

بوونی چەك لە ماڵاندا
باسی لەوەشكرد، سەروەرنەبوونی یاسا و بوونی چەك لە ماڵەكاندا، هۆكارێكی ترە بۆ ئەوەی لەجیاتی پەنابردن بۆ دادگا، هاووڵاتی دەست بداتە چەكەكەی و تۆڵە بكاتەوە، بەبێ ئەوەی بیر لە دەرئەنجامە خراپەكانی بكاتەوە.

لە ئایینی ئیسلامدا، كوشتن یان خۆكوشتن حەرامە و بەوپێیەی زۆرینەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان موسوڵمانن و لە وتارەكانی رۆژی هەینیدا ئامادەدەبن. بارزان بارام سەرۆكی بۆردی دانانی وتاری هەینی لە هەرێمی كوردستان، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بڕیاریانداوە لە وتاری رۆژی هەینیدا یەكێك لەو تەوەرانەی مامۆستایانی ئایینی باسی دەكەن، حوكمی كوشتن و خۆكوشتن بێت لە ئایینی ئیسلامدا و هاووڵاتیان هان بدەن دووربكەونەوە لەو تاوانە.

لەو هەشت حاڵەتی خۆكوشتنەی لە پارێزگای دهۆك تۆماركراوە، پێنج كەسیان ئاوارەی شنگالن و لە كەمپەكانی پارێزگاكەدا نیشتەجێن، ئەوەش وایكردووە رێكخراوەكانی تایبەت بە كاروباری ئاوارەكان، زیاتر كاروبارەكانیان لەسەر ئەو حاڵەتانە چڕبكەنەوە.

خراپی دۆخی ئاوارەكان هۆكارێكە
فەریدە لەهیب رێكخەر لە رێكخراوی یەزدا تایبەت بە كاروباری ئاوارەكان، باس لەوە دەكات كە خراپی دۆخی ئاوارەكان لەڕووی ئابووری و زۆربوونی رێژەی بێكارییەوە، وایكردووە رووداوەكانی خۆكوشتن لەناو كەمپەكاندا بە بەردەوامی هەبێت.

باسی لەوەشكرد، زۆریی رێژەی ئاوارەكان، وایكردووە رێكخراوەكان نەتوانن بە تەواوی كۆنتڕۆڵی دۆخەكە بكەن و بەردەوامنەبوونی كارەكانی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش، وایكردووە كاریگەرییەكی ئەوتۆی لەسەر باشبوونی دۆخی ئاوارەكان نەبێت.

لە ئێستادا تەنها لە پارێزگای دهۆك 19 كەمپ هەیە، كە ئاوارەكانی تێدا نیشتەجێن و 15 كەمپیان تایبەتن بە ئاوارەكانی شنگال. هەروەها تەنها لە پارێزگای دهۆك 109 هەزار و 853 خێزانی ئاوارە نیشتەجێن، كە 39 هەزار و 443 خێزانیان لەناو كەمپەكاندا نیشتەجێن.

چەند كەس دەستگیركراوە؟
لەسەر هەموو حاڵەتەكانی كوشتن و خۆكوشتن، پۆلیسی دهۆك پەڕاوی لێكۆڵینەوەی كردووەتەوەو لەگەڵ ئەوەی ئاشكرای نەكرد، كە تائێستا چەند كەسیان لەسەر كۆی حاڵەتەكان دەستگیركردووە. هێمن سلێمان وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای دهۆك بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لێكۆڵینەوە لە سەرجەم حاڵەتەكان بەردەوامە.

ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی رابردوودا 71 حاڵەتی كوشتن و خۆكوشتن لە پارێزگای دهۆك تۆماركراوە كە 30 كەسیان كوژرابوون و 41 كەسیشیان خۆیان كوشتبوو، هەروەها رێژەكە بەراورد بە ساڵی 2019 كەمیكردبوو.

 74 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*