سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جه‌نگی: جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری خه‌باتی په‌رله‌مانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان

له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌

لاهور شێخ جه‌نگی: جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری خه‌باتی په‌رله‌مانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان

ئه‌مڕۆ، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، سه‌ردانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ جه‌میل هه‌ورامی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.

له‌ سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ بورهان سه‌عید سۆفی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی شه‌هیدان و تێكۆشه‌رانی یه‌كێتی ئاماده‌یبوو، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان باسی له‌ كار و چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌یان كرد و داواكاری و كێشه‌ و گرفته‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی خسته‌ڕوو و داوایكرد كه‌ هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكاریان بێت له‌ چاره‌سه‌ركردنیاندا.

دواتر، لاهور شێخ جه‌نگی، له‌ وته‌یه‌كدا ئاماژه‌ی كرد به‌ رۆڵی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و رایگه‌یاند: به‌هۆی خه‌بات و ماندوبوونی ئه‌وان و سه‌رجه‌م پێشمه‌رگه‌كانی رێگای رزگاری و ئازادیی كوردستان، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی ئه‌مڕۆ به‌ده‌ستهاتووه‌، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌میشه‌ مێژووی پرشنگداری پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان به‌ جوانی و شكۆمه‌ندییه‌وه‌ بهێڵینه‌وه‌. داواشیلێكردن كه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یاندا بكه‌ن و چاكسازی و پاكسازیی بكه‌ن و له‌ داهاتوودا كۆنگره‌ی خۆیان ببه‌ستن.

لاهور شێخ جه‌نگی، ئاماژه‌ی بۆ دۆخی ئێستا كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كهه‌ڵوێستی و بڕیاری سیاسیی لایه‌نه‌كان و چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان له‌ به‌غدا بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قۆناغه‌، كه‌ قۆناغێكی هه‌ستیاره‌، دووپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ به‌ڕێكه‌وتنی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ، گرفتی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێم و كێشه‌ی ناوچه‌ دابڕێندراوه‌كان چاره‌سه‌رده‌بن. راشیگه‌یاند: وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، جه‌ختده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری خه‌باتی په‌رله‌مانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی بۆ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و بڕگه‌ یاساییه‌ی، كه‌ له‌ پڕۆژه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2021دا هاتووه‌ و تایبه‌ته‌ به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ كۆتاییدا، هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن و سه‌رۆك و جێگری سه‌رجه‌م لقه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كوردستان، سه‌رنج و پێشنیازو داواكاری و كێشه‌كانیان خسته‌ڕوو. لای خۆیه‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگی، به‌ڵێنی پێدان كه‌ هاوكار و پشتیوانیان بێت و داواكارییه‌كانیان بۆ جێبه‌جێ بكات.

هه‌ر ئه‌مڕۆ، لاهور شێخ جه‌نگی، رادیۆی دێرینی كۆمه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كانی كرده‌وه‌ و پیرۆزبایی ده‌ستپێكردنی په‌خشی ئه‌و كه‌ناڵه‌ نوێیه‌ی لێكردن و هیوای خواست كه‌ ببێته‌ سه‌كۆیه‌ك بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی هه‌موو پێشمه‌رگه‌ دێرین و تێكۆشه‌ر و دانه‌بڕاوه‌كان به‌ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و ئاشناكردنی نه‌وه‌كانی ئێستا و داهاتوو به‌ خه‌بات و مێژووی پرشنگداری پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان و هه‌موو تێكۆشه‌ران، كه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ی ئه‌مڕۆی لێ به‌رهه‌مهاتووه‌.

 117 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*