بانكی نێودەوڵەتی پێشبینی دەكات، تا ساڵی 2022 بەرهەمی ناوخۆیی عیراق، بەڕێژەی لەسەدا 7 بەرزبێتەوە، ئاماژە بەوەشدەكات: میسر تاكە وڵات بووە كە ساڵی رابردوو بەرهەمی ناوخۆییەكەی زیانی بەرنەكەوتووە.
بانكی نێودەوڵەتی لە نوێترین راپۆرتیدا ئەوەی خستۆتەڕوو، كە ساڵی 2020 بەهۆی لێكەوتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتەوە، بەرهەمی ناوخۆیی عیراق لەسەدا 9 پۆینت پێنج كەمیكردووە، بەڵام پێشبینی دەكرێت ساڵی 2021 بەرهەمی ناوخۆیی عیراق لەسەدا 2 بەرزبێتەوە و بۆ ساڵی 2022یش لەسەدا 7 پۆینت 3 بەرز بێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە: لوبنان یەكەمین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە كە ساڵی رابردووە بەرهەمی ناوخۆیی پاشەكشەی كردووە و رێژەكەی لەسەدا 19 پۆینت 2 بووە، هەروەها میسر تاكە وڵات بووە كە ساڵی رابردوو بەرهەمی ناوخۆییەكەی زیانی بەرنەكەوتووە و بەپێچەوانەی لەسەدا 3 پۆینت 6 بەرزبۆتەوە.
هەروەها پێشبینیش دەكات، ساڵی داهاتوو ئەو وڵاتانەی كە هەناردەكاری نەوتن ئابوورییەكەیان بە نزیكەی لەسەدا 2 بەرز بێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی خواست و كەمبوونەوەی كۆتوبەندەكانی سەر بەرهەمهێنانی نەوتەوە دەبێت.
بانكی نێودەوڵەتی تەئكیدیكردۆتەوە، كە بوژانەوەی ئابووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەستە بە كۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و سەقامگیری نرخی نەوت، لەگەڵ دابەشكردنی ڤاكسنی کۆرۆنا.
40 جار بینراوە