سەرەکی » دۆسێ » عەبادی: عیراق گیرۆدەی ململانێیەكی وێرانكەر دەكرێت

باس لە رێكارەكانی خۆلادانیش دەكات

عەبادی: عیراق گیرۆدەی ململانێیەكی وێرانكەر دەكرێت

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیر اق پێیوایە، ئاڵۆزییەكان عیراق و ناوچەكە گیرۆدەی «ململانێیەكی كاولكەر» دەكەن، ئەو رێكارانەش دیاریی دەكات كە دەكریت ببنە مایەی خۆلادان و پاراستنی وڵات لەو ململانێیە.

بەپێی تویتێك كە لە 3ی كانوونی دووەمی 2020وە لەلایەن عەبادییەوە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) بڵاوكرایەوە»لەمڕۆدا یادی رووداوە خوێناوییەكەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا دەكەینەوە كە تێیدا ئەو سەركردانەی لەگەڵماندا داعشیان تێكشكاند و شەهید بوون، لەگەڵ ئەواندا بەر بەو دەتدرێژییانە گیرا كە دەكرانە سەر سەروەریی عیراق و ئاسایشی وڵاتیان پێشێل دەكرد».

بە وتەی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق»ئەو ئاڵۆزییەی هۆشداریی لەبارەوە دەدەین، خەریكە دێتە عیراق و ناوچەكە و دەبێتە مایەی دروستكردنی ململانێیەكی وێرانكەر، دەكرێت ئەو رەوشە تێبپەڕێنین لەڕێی پابەندبوون بە دانایی و پاراستنی سەروەریی وڵات و بەورژەوەندییەكانی، و پابەندبوون بە مانەوەی لە چوارچێوەی دەوڵەت».

حەیدەر عەبادی دەڵێت»عیراق لەگەڵ سەپاندنی سزاكان نییە بەسەر ئێراندا، پێدەچێت ئەمەش بەشێك بێت لە بێلایەن بوونی عیراق لە ململانێی جەمسەرەكان، بەڵام بێلایەنییەك كە پاڵپشتی لە پرسی رەوای گەلان دەكات».

سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراق بە پێویستی دەزانێت»پشتیوانی لە هەق بكرێت بۆ دامەزراندنی ئاشتی، ئێمە كاردەین تا عیراق ببێتە سەنتەر نەك شوێنكەوتە بێت، داوای بێلایەنی دەكەین لە ململانێی جەمسەرەكان، لە هەمان كاتدا پشتیوانی لە پرسی گەلان دەكەین».

پێشتر هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووتری عیراقەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، داوای كردبوو چەك تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت، هۆشداریشی دابوو لەوەی عیراق بكرێتە گۆڕپان بۆ جەنگێكی كراوە.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لە 28ی كانوونی یەكەمی 2020 لەلایەن هاوپەیمانی نەسرەوە بڵاوكرایەوە”داوا لە هەموو هێزەكان دەكەین گوێڕایەڵی لۆجیكی دەوڵەت بن و پشت بە شەرعیەتی دەوڵەت ببەستن، بە پابەندبوونی ڕاستەقینە بە هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت لە سۆنگەی یاساكان و دامەزراوەكانی دەوڵەت”.

بە بۆچوونی هاوپەیمانی نەسر”هەڵسوكەوتكردن لە دەرەوەی ئیرادەی دەوڵەت، دەرچوونە لە یاسا و یاخبوونە لە دەوڵەت و شەرعیەت و بەرژەوەندییەكانی، ئەمەش لەلایەن مەرجەعیەتی باڵای ئاینییەوە ئاماژەی پێكرا، كاتێك داوای كرد ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتەبەر بۆ هێشتنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و وەستان بەڕووی دەستوەردانی دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی وڵات”.

لە كۆتایی بەیاننامەكەشدا هاتبوو”لەمڕۆدا دەوڵەتی عیراقی بە توندوندترین تەنگژەی ئابوری و سیاسیدا تێدەپەڕێت، بۆیە ئەركی هەموو لایەكە پشتیوانی بكات و بەهێزی بكات و كار بۆ سەربەخۆیی بكات لە ململانێی محیوەرەكان، لەپێناو زامنكردنی یەكێتی وڵات و پاراستنی ئاسایش و گەشەكردنی”.

ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزی بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دروستبووە، ئەمەش كەشێكی پڕ لە نیگەرانی لە ناوچەكە و بەتایبەت لە عیراقدا دروستكردووە كە دەكەوێتە چەقی باهۆزەكەوە.

لە یەكەم كاردانەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بەرانبەر بە دەنگۆی بەرپابوونی جەنگ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەكە ڕایگەیاندبوو، ئەوان هەوڵ بۆ جەنگ نادەن، بەڵام بەشێوەیەكی فراوان و ڕاستەوخۆ بەرگری لە ئاسایش و گەل و بەرژەوەندییەكانیان دەكەن.

محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە 31ی كانوونی یەكەمی 2020 لە تویتێكی لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ڕایگەیاندبوو”ئێران هەوڵ بۆ جەنگ نادات، بەڵام بەشێوەیەكی فراوان و ڕاستەوخۆ بەرگری لە ئاسایش و گەل و بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی دەكات”.

بە وتەی زەریف وەك لە تویتەكەیدا هاتووە”زانیارییە هەواڵگرییەكان لە عیراقەوە، ئاماژە بە بوونی پیلانێك دەكەن بۆ بیانووهێنانەوە بۆ بەرپاكردنی جەنگ”.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا، دەنگۆیەكی زۆر بڵاوبۆوە سەبارەت بە جموجۆڵە سەربازییەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە كەنداو و عیراق كە بە بۆچوونی هەندێك لە چاودێران، دەستەواژەن بۆ بەریەككەوتنی سەربازی نێوان واشنتن و تاران.

 860 جار بینراوە