سەرەکی » ئاراستە » شەوانی زستان و کۆبوونەوەی گوندنشینان لە ماڵەکان-دا

شەوانی زستان و کۆبوونەوەی گوندنشینان لە ماڵەکان-دا

زەردەشت محەمەد

ئەگەرچی زستان وەرزی سەرماوسۆڵەو گرانبوونی ئەرکی گوندنشینانە لە رووی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و ئاژەڵداریی و کاری رۆژانەوە، ئەوا بە دیوێکی دیکەدا وەرزی پتەو بونی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان و گەرموگوڕبونەوەی دیوەخان و مەجلیسی شەوانی گوندنشینانە. زستان وەرزی ئاشنابونە بەدونیای ئەدەب و کەلتورو باسکردنی دابونەریتی باوباپیران، ئەگەرچی لەم رۆدا تاڕادەیەک زستان ئەو لەزەت و جوانیەی جارانی خۆی لەدەست داوە، ئەویش بەهۆی پێشکەوتنی ژیانی خەڵکەوە، بەڵام هێشتا لە هەندێک گوند و لای بەشێک لەدانیشتوانی گوندەکان تائێستاش تروسکایەک لەو جوانی و خۆشییەی جاران هەرماوە و ئێستاش ناوبەناو دیوەخان هەر جێگەی میوان و بەسەربردنی کاتە خۆشەکانە.

ئێمە بۆ ئەوەی خوێنەرانی (گوندستانی نوێ) ئاشنا بکەین بەژیانی ئەوسای گوندنشینان و کۆڕو مەجلیسەکانی نێو دیوەخانەکان و جیاوازی زستانی ئەوساو ئێستا، لەشەوێکی ساردی زستانا رومان کردە دیوەخانەکەی کاک جەلال محەمەد مەحمود لە گوندی زەردی حەمە: ئەو ئێستاش هەر وەک سەردەمانی باوباپیرانی خاوەنی دیوەخانێکی پڕ لە مەجلیسی گەرموگوڕە.

لێمان پرسی چی جیاوازییەک دەبینی لەنێوان زستانی ئەوکات و ئێستادا؟
وتی: من شەوانی زستانی پەنجاو پێنج ساڵ پێش ئێستام بیرە ئەوکات دونیا بەم جۆرەی ئێستا نەبوو، ژیان سادەتر بوو. خەڵکی هەژاربون کەرەستەکانی خۆ گەرمکردنەوە و خۆژیاندن زۆر سادە و ساکاربون. هەرئەم سادە و ساکارییەی ژیان وای کردبوو کە دیوەخانەکان و مەجلیسی گوندنشینان گەرمو گوڕتر بێت.

جاران گوندنشینان بۆ سازدانی کۆڕ و کۆبونەوەکانی شەوانیان پێوێستیان بەپرسکردن نەبوو هەرشەوە و لە ماڵێک یاخود لە گوندێک کۆئەبونەوە و تادرەنگانێکی شەو بە قسەی خۆش و گێڕانەوەی بەسەرهات و یارییە کوردەواریەکان شەوگاری ساردی زستانیان بەسەر دەبرد.

لەبارە ئەوەی ئەو کۆڕو کۆبونەوانەی کە ئەوکات ڕێک دەخرا تاچەند کاریگەری لەسەر دەرونی خەڵک هەبوو «جەلال محەمەد مەحمود» وتی: کۆبونەوەکان کاریگەری باشیان لەسەر دەرونی خەڵک هەبوو، چونکە لەو کۆبونەوانەدا زیاتر باسی ژیان و کەلتوری کۆنی کوردەواری و ئەنجامدانی یارییە کوردەواریەکان و بەڕێکردنی شەوگاری زستان و خواردنی کوردەواری بوو، ئەمەش وای دەکرد گوندنشینان تەنها لە روی جەستەییەوە ماندوشەکەت بون، بەڵام خاوەنی دەرونێکی ئارام بون، نەک وەک ئێستا کە خەڵکی لە هەردوو رووەوەکەوە هەم لە روی جەستەی و هەمیش لە روی دەرونییەوە ماندو بێتاقەت بێت.

بۆ ئەوەی بزانین کۆڕو کۆبونەوەکانی شەوانی زستان تاچەند دەرفەتی دەڕەخسان بۆئەوەی خەڵکی ئاشنابێت بە دونیای ئەدەب و چیرۆک و پەند و کەلتوری باوباپیران و ڕۆڵی فەقێو خوێندەوارەکان چی بون، جەلال محەمەد مەحمود هێما بۆ ئەوە دەکات: جاران خەڵکی خوێندەوار زۆر کەم بون ئەگەر لەگوندێک یاخود لەدیوەخانێکدا خوێندەوارێک هەبوایە، شەوان خەڵکی گوند هەموی لەدەوری کۆدەبونەوە و ئەویش بەخوێندنەوەی شیعر و چیرۆک و باسی ئاینی مەجلیسەکەی گەرموگوڕتر ئەکرد، پێچەوانەی ئێستا کە خوێندەوار زۆرە بەڵام خوێنەر کەمە، دیوەخان زۆرە بەڵام مەجلیس کەمە، ئێستا خەڵکی سەرقاڵی بابەتەکانی ژیان و سیاسەتە کە ئەمەش وای کردووە زستانی ئێستا جیاوازی زۆری لەگەڵ زستانی جاراندا هەبێت و کۆڕ و کۆبونەوەکان کەمتر ببنەوە، بەداخەوە نەمانی ئەو کۆڕو کۆبونەوانەش کاریگەری خراپیان کردۆتەسەر دەرونی خەڵک و کاریان کردۆتەسەر کۆمەڵگاش.

جەلال محەمەد باسی لەوەشی کرد: جاران گوندنشینان لە وەرزی بەهارو هاوین و بەشێک لەوەرزی پایزیش هەر سەرقاڵی دروێنە و کۆکردنەوەی خەلە و خەرمان بون، دوای تەواوبونی خەلەو خەرمان بەروبومەکانیان دەفرۆشت و بەو داهاتەی دەستیان دەکەوت خۆراک و پێداویستیان بۆ وەرزی زستان دەکڕی و ئیدی زستانان جگە لەکاری شوانکارەی هیچ ئیشێکی دیکەیان نەبوو، بۆیە هەموکاتەکانیان بە میوانداری و سەردانی یەکدی و کۆبونەوەی شەوانی نێو دیوەخانەکان بەسەر دەبرد.

هەر لە وەرزی زستانیشا شێخانی تەریقەت دێ بەدێ ئەگەڕان و سەرقاڵی ئیرشاد و کاری خواپەرستی و زیکرو کۆبونەوەبوون کە هەرجاریش دەهاتن زیاتر لە سەد کەس لەگەڵ شێخدا لەموریدان و دەروێشانی شێخ دەگەڕان کە ئەوەش بۆ ئەوکات و سەردەمە بەلای خەڵکییەوە ئێجگار خۆش بوو.

لەبارەی شەوچەرەی شەوانی زستان و کۆبونەوەی گوندنشینانەوە لێمان پرسی و ئەویش وتی: شەوانی ئەوکاتی گوندنشینان جیاوازبون، شەوان گوندنشینان لە ماڵێک یاخود لەدیوەخانێکدا کۆئەبونەوەو شەوچەرەش تەنها بریتی بوو لە دۆینەی خوساو و خورمای وشک، کە بۆ دووکەس و جامێک دۆینەی ئەکرا بەئاو و جامێک خورمای وشک دائەنرا، نەک وەک ئێستا کە ئەم هەموو میوە هەیە و کەچی بەلای خەڵکەوە ئەو تاموچێژی جارانی نییە.

جەلال محەمەد یەکێکە لە گوندنشینە ناسراو و دیارەکانی ناوچەی گەرمیان، ئەو لە گوندەکەی خۆیەوە «زەردی حەمە» و لەنێو کتێبخانەیەکی خنجیلانەوە تێڕوانینی بۆ ژیان و پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئێستا جیاوازە و لەگەل ئەم سەردەمە نییە.

 78 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*