سەرەکی » راپۆرت » ״بیابانەكانی سوریا؛ شوێنێك بۆ خۆڕێكخستنەوەی داعش״

״بیابانەكانی سوریا؛ شوێنێك بۆ خۆڕێكخستنەوەی داعش״

راپۆرتی: تەحسین تەها چۆمانی

دوایین هێرشی داعش لە كۆتایی ساڵی رابردوودا بۆ سەر كاروانێكی سەربازیی سوریا بوو لە دێرەزوور، كە بەهۆیەوە 40 سەرباز كوژران، ئەوەش بە سەرەتای خۆڕێكخستنەوەی ئەو گروپە تیرۆریستییە دەزانرێت لەو وڵاتەدا.

ئەگەرچی لە ئازاری ساڵی 2019دا دوای عیراق، لە باغۆزی سوریا لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات و هاوپەیمانیی دژی داعش، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كۆتایی پێهێنرا، بەڵام چەندین ئاماژە هەن كە دەریدەخەن، شانەكانی داعش لە خۆڕێكخستنەوەدان، بەتایبەت لە بیابانەكانی ئەو وڵاتەدا. بەپێی ئامارێكی روانگەی مافی مرۆڤی سوریا، بەهۆی پەلامارەكانی داعشەوە لە ساڵی 2020دا نزیكە 300 كەس لە هێزەكانی سوریا و هاوپەیمانەكانی، كوژراون.

داعش لە ساڵانی 2014-2015 نیوەی خاكی سوریا (حەلەب، رەققە، دێرەزوور، حەسەكە و نیوەی بیابانی سوریا)ی داگیركرد، بەڵام لە ساڵی 2017دا دۆخەكە گۆڕاو لەبەرژەوەندیی داعش نەبوو، تا لە ساڵی 2019دا دوایین پێگەی خۆی، كە باغۆز بوو، لەدەستدا.

هۆكارەكانی سەرهەڵدانەوەی داعش لە سوریا؟
چەندین هۆكار هەن، كە ئاماژەن بۆ فاكتەری سەرهەڵدانەوەی داعش لە بیابانی سوریا، لەوانە، هەژاری، بۆشایی ئەمنیی زۆر. بەپێی ئامارێكی ساڵی 2020ی نەتەوەیەكگرتووەكان، نزیكەی 80 ٪ هاووڵاتیانی سوری لەژێر هێڵی هەژاریدان، 11 ملیۆن كەسیش پێویستیان بە خۆراك هەیە.

كەمیی خزمەتگوزاریی لە سوریا
یەكێك لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی داعش لە عیراق و سوریا، دۆخی سیاسی و هاوكات خراپیی دۆخی خزمەتگوزاریی بوو. هاووڵاتیانی سوریا دوای بەڕێكردنی شەڕێكی دوورودرێژی چەند ساڵە، ئێستا یەكێك لەو كێشانەی كە رووبەڕوویان بۆتەوە، كەمیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانە، بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان، حكومەتی سوریا لەدابینكردنی خزمەتگوزاییەكانی وەك نان، كارەبا، بەنزین و خزمەتگوزاییە سەرەتاییەكانی تر، كەمتەرخەمە.

ئەوەی تائێستا ئاشكرایە، ئەوەیە كە پاشماوەكانی داعش بەشێوەیەكی تایبەت لە ناوچە فراوانەكانی بیابانی سوریا لە باشووری دێرەزوور تا دەوروبەری رەققە و ئیدلب و چەند شوێنێكی تر تا دەگاتە ناوچەی بیابانی هاوبەشی نێوان سوریا لەگەڵ عیراق و ئوردن، بوونیان هەیە. وەك شارەزایانی بواری ئەمنی لەبارەی ئەو ناوچانەوە ئاماژەی پێدەكەن «بەهۆی نەبوونی دانیشتوان و سەختیی ناوچەكەوە، بوونەتە پەناگەیەكی گرنگ بۆ خۆڕێكخستنەوەی داعش». یەكێك لە هۆكارەكانی خۆڕێكخستنەوەی داعش لەو ناوچانە، ئەوەیە كە بەرەیەكی بەهێزی سەربازیی و زانیاریی ئەمنی لەو ناوچانەدا نییە.

دۆخی هاوشێوە لە عیراق روو دەدات؟
ئەگەرچی داعش لە عیراقیش ناوەناوە لێرەو لەوێ جموجوڵ و پەلامار دەدات، بەڵام هێشتا نەبۆتە مەترسییەكی ئەوتۆ، كە ئەگەری گەڕانەوەی لێ بكرێت، جگەلەوەش دۆخی ئێستای عیراق، بەراورد بە سوریا، دۆخێكی جێگیرتری ئابووری و سیاسی و ئەمنی هەیە.

داعش لە عیراق لەڕابردوودا تەنیا سوودی لەو شوێنانە دەبینی، كە بۆشایی ئەمنی تێدا زۆر بوو، بەڵام ئێستا تا ئاستێك بەهۆی رێكەوتنی نێوان سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە لەپڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، هەڕەشەكانی داعش بەتایبەت لە سنووری ناوچە دابڕێندراوەكان و بەشێك لە ناوچە سوننییەكان كەمبۆتەوە. بۆیە پێناچێت ئەو مەترسییەی ئێستا لە سوریا بەدیدەكرێت لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش، لە عیراق هەمان مەترسی لەئارادابێت.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

 114 جار بینراوە