سەرەکی » مانشێت » ״گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم لە بەغدا دەستپێدەكات״

״گفتوگۆكانی وەفدی هەرێم لە بەغدا دەستپێدەكات״

هەولێر، تەها عەبدوڵڵا

ئەمڕۆ، وەفدێكی حكومەتی هەرێم گەیشتە بەغدا و گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ دەستپێدەكات. بەپێی لێدوانێكی پێشتری وەزیری پلاندانانی هەرێم بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكان «گفتوگۆكردنە لەسەر جێگیركردنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا».

ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە
ئارەزوو مەحمود ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بە ئامانجی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە، ئێستا لیژنەی دارایی و سەرجەم لیژنەكانی دیكەی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوە و گفتوگۆ دەکەن لەگەڵ وەزارەت و دامودەزگاکانی حكومەتی فیدراڵدا، وتیشی: وەفدی حكومەتی هەرێم و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران كۆدەبنەوە، «لەو كۆبوونەوانەدا گفتوگۆ لەسەر وردەكاریی بڕگە و مادەكانی پرۆژەیاسای بودجە دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندیی هەیە بە پشكی هەرێمی كوردستانەوە، كە پێشتر لەلایەن هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵەوە رێكەوتنی لەسەر كراوە». ئاماژەی بەوەشدا «دوای تەواوبوونی گفتوگۆكان، لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساكە دەستپێدەكات».

״ناوەڕاستی مانگی داهاتوو دەنگ لەسەر بودجە دەدرێ״
هەروەها ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای گەیشتنی وەفدی حكومەتی هەرێم بۆ بەغدا، كۆبوونەوەكانی وەفدەكە لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقەوە دەستپێدەكات، وتیشی: تائێستا هیچ پرسێك لە پڕۆژەیاسای بودجەدا یەكلانەكراوەتەوە و گفتوگۆكان بەردەوام دەبن، «چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساكە بدات».

ئامانجی سەردانی وەفدی هەرێم بۆ بەغدا
شایانی باسە، پێشتر وەزیری پلاندانانی هەرێم لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا «بە ئامانجی جێگیركردنی پشكی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا لە چوارچێوەی ئەو رێكەوتنەی لەگەڵ حكومەتی فیدراڵدا كراوە، لەم هەفتەیەدا دوو وەفدی سیاسی و حكومیی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات»، وتیشی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021ی عیراقدا لەگەڵ بەغدا بگەینە رێكەوتن.

 176 جار بینراوە