سەرەکی » راپۆرت » ئامادەكردنی: دیاری سابیر » ئەمریكا پێداچوونەوە بە رێكەوتنی ئاشتیی نێوان ئەفغانستان و تالیباندا دەكات

ئەمریكا پێداچوونەوە بە رێكەوتنی ئاشتیی نێوان ئەفغانستان و تالیباندا دەكات

ئیدارەی نوێی ئەمریكا رایگەیاند: ئەگەر بزووتنەوەی تالیبان پەیوەست نەبێت بە رێكەوتنی ئاشتی لەگەڵ حكومەتی كابول و رێز لە هەوڵەكانی كەمكردنەوەی توندوتیژیی نەگرێت، ئەوا واشنتۆن پێداچوونەوە بە رێكەوتنەكەدا دەكات.

چارەسەرێكی سیاسی و دادپەروەرانە
لە بەیاننامەیەكدا، ئیمێلی هۆرن وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاشكرایكرد: جیك سۆلیفان راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكەی بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا ئەفغانییەكەی گفتوگۆی كردووە و نیازی ویلایەتە یەكگرتووەكانی بۆ پێداچوونەوە بە رێكەوتنەكەدا پێڕاگەیاندووە.

ئیمێلی هۆرن روونیشیكردۆتەوە: واشنتۆن دەیەوێت دڵنیابێتەوە لەوەی كە تالیبان تاكو چەند پابەندبووە بە بەڵێنەكانییەوە، بۆ پچڕاندنی پەیوەندیی لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەكان، بە مەبەستی كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان لە ئەفغانستان و دەستپێكردنی دانوستانی ئامانجدار لەگەڵ حكومەتی كابول و هاوبەشەكانی دیكەیدا.

لە بەیاننامەكەدا، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكردووە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا، جیك سۆلیفان جەختیكردۆتەوە لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكان دەیەوێت هەموو سەركردە و لێپرسراوانی ئەفغانستان ئەو دەرفەتە مێژووییە لەپێناوی ئاشتی و سەقامگیریی بقۆزنەوە و ئەمریكا پشتیوانی لە پڕۆسەی ئاشتی دەكات لەڕێی هەوڵە دیپلۆماسییە ئیقلیمییە بەهێزەكانەوە، بە ئامانجی هاوكاریی هەردوولا لە بەدیهێنانی چارەسەرێكی سیاسی و دادپەروەرانە و ئاگربەستی هەمیشەیی.

وەزیری بەرگریی ئەمریكا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ
بەگوێرەی رێكەوتنەكەی نێوان حكومەتی ئەفغانستان و بزووتنەوەی تالیبان، كە لە دەوحەی پایتەختی قەتەر ئیمزا كرا، تاكو مانگی ئایاری داهاتوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا سەرجەم هێزەكانی لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە و تالیبانیش بەڵێنیدا كە رێگە بە لایەنە توندڕەوەكان نەدات لەو وڵاتە چالاكییەكان بكەن، بەڵام بزووتنەوەكە لە پەلاماردانی هێزەكانی حكومەت بەردەوام بوو.

لای خۆشیەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا (پەنتاگۆن) رایگەیاند: ئەفغانستان یەكەم بابەتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان لوید ئۆستن وەزیری بەرگری و یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی پەیمانی باكووری ئەتڵەسی (ناتۆ) بووە.

كشانەوەی ئەمریكا و بەڵێنی تالیبان
لە مانگی شوباتی رابردوودا، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی پێشووی ئەمریكا رێكەوتنێكی ئیمزا كرد. بەو پێیە، ئەمریكا هەموو هێزەكانی تاكو مانگی ئایاری داهاتوو لە ئەفغانستان پاشەكشە پێدەكات. لە بەرامبەریشدا، تالیبان گەرەنتی ئەمنیی بدات و لەگەڵ حكومەتی كابول دەست بە دانوستانی ئاشتی بكات.

دانوستانی نێوان كابول و تالیبان لە مانگی ئەیلولی رابردوو دەستیپێكرد، لە كاتێكدا لە چەند مانگی رابردوودا توندوتیژیی سەرتاسەری ئەفغانستانی گرتەوە، بەتایبەتیش لە كابولی پایتەخت، كە زنجیرەیەك كردەوەی تیرۆركردنی پۆلیس و راگەیاندنكار و سیاسەتمەدار و چالاكوانی بواری مافی مرۆڤی گرتەوە.

لە رۆژی 15ی مانگی كانونی دووەمی رابردوودا، ئیدارەكەی ئەو كاتەی ئەمریكا، لە ئەفغانستان هێزەكانی وڵاتەكەی بۆ دوو هەزار و 500 سەرباز كەمكردەوە.

سەرچاوە/ ئاژانسەكان

 214 جار بینراوە