سەرەکی » وتار » قادر عومەر عەزیز » دۆستمان هه‌یه‌؟!

دۆستمان هه‌یه‌؟!

بیرمه‌ له‌ خوێندنگای ناوه‌ندیی بووم، مه‌سه‌له‌ی فه‌له‌ستین زۆر گه‌رم‌و گور بوو، له‌سه‌ر ئاستی دونیاش هه‌روا بوو، ئه‌وسا چه‌ندین شاعیر‌و نووسه‌ری كورد هاوخه‌می‌و پشتگیری خۆیان بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌رده‌بڕی‌و هه‌ندێكیان هێنده‌ به‌ گه‌رمی پشتگیرییان ده‌كرد، تا ئاستی ئه‌وه‌ی بچنه‌ فه‌له‌ستین‌و ببنه‌ فیدایی.
هه‌ر ماوه‌یه‌كیش پێش ئه‌و كاته‌، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ شۆرشگێرانی كورد‌و نووسه‌ر‌و ئه‌دیبان، به‌ ده‌نگی به‌رز پشتگیریان له‌ شۆرشی زوفار ده‌كرد له‌ سه‌ڵته‌نه‌ی عومان‌و قسه‌‌و باسیش هه‌بوو كه‌ هه‌ندێك كه‌س چونه‌ته‌ ئه‌وێ‌و چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌. هه‌ر ئه‌و سه‌رده‌مه‌‌و دواتریش به‌ شێوازی جۆراو جۆر كورد، به‌تایبه‌ت سیاسه‌تمه‌دار‌و رۆشنبیرانی به‌شێوه‌یه‌كی فراوان پشتگیرییان له‌ شۆرش‌و به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌كانی ئه‌مریكای لاتین له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌مریكا ده‌كرد. ئه‌م هاوده‌نگی‌و پشتگیرییه‌ی كورد بۆ شۆڕش‌و لێقه‌وماوانی دونیا به‌ئێستاشه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌، ته‌نانه‌ت له‌كاتێكدا كورد خۆی له‌وپه‌ڕی چه‌وساندنه‌وه‌‌و ژێرده‌سته‌ییدا بووه‌، هه‌ر له‌ پشتگیری لێقه‌وماوان به‌رده‌وام بووه‌‌و له‌و ئه‌ركه‌ مرۆڤانه‌یه‌‌و ده‌توانین بڵێین شۆرشگێرانه‌یه‌ی به‌رده‌وام بووه‌. بۆ كورد‌و كوردستانیش ئه‌وه‌ قوڵتر‌و چڕتر بووه‌.
من لێره‌دا باسی كورد‌و حیزبه‌كان‌و لایه‌نه‌كانی كوردستانی باشور، یان باشوری كوردستان ده‌كه‌م، له‌نێو ئه‌وانیشدا باسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، ده‌كه‌م.
یه‌كێتی له‌ درووستبوونیه‌وه‌ تاكو ئێستا، هیچ كاتێك كه‌مته‌رخه‌م نه‌بووه‌ له‌ هاوكاری حیزبی‌و لایه‌نه‌كانی پارچه‌كانی تری كوردستان. به‌شێوه‌یه‌ك زۆر كات قوربانیی زۆریشی له‌و پێناوه‌دا داوه‌. ئه‌مه‌ وه‌ك منه‌ت باسی ناكه‌م‌و بۆ ئه‌وه‌ش نییه‌ بیده‌مه‌وه‌ به‌ چاوی لایه‌نه‌ كوردستانیه‌كانی ئه‌و پارچانه‌ی‌ تری‌ كوردستان. نه‌خێر، یه‌كێتی ئه‌وه‌ی به‌ ئه‌رك‌و وه‌زیفه‌ی نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانیی خۆی زانیوه‌‌و هیچ كاتێك له‌ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و ئه‌ركه‌ دوانه‌كه‌وتووه‌‌و دوا ناكه‌وێت.
به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی داخه‌، گه‌لی كورد له‌ باشوری كوردستان، یان كوردستانی باشور! زۆرینه‌ی كاته‌كان ئه‌وانی گوایه‌ دۆستی‌ بوون، یان دۆستین، له‌ئاست نه‌هامه‌تیه‌كانیدا خۆیان بێده‌نگ كردوه‌‌و پشتیان تێكردوه‌. من باسی پێش راپه‌ڕین ناكه‌م، كه‌ ئه‌وسا هه‌موو دۆسته‌ راسته‌قینه‌كانی كورد له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی یه‌ك ده‌ست تێ نه‌ده‌په‌ڕی، من باسی ئه‌م دواییه‌ ده‌كه‌م، به‌تایبه‌ت، دوای ریفراندۆم.
ریفراندۆم باش بوو كرا، یان خراپبوو، ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كه‌ قسه‌‌و باس‌و لێكۆڵینه‌وه‌‌و گفتوگۆی‌ زۆر هه‌ڵده‌گرێ، پاش ئه‌وه‌، حكومه‌تی به‌غدا، به‌هێزی زۆره‌وه‌ په‌لاماری شاری كه‌ركوك‌و دوزخوماتوو ‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانی دا‌و شه‌هید‌و بریندار‌و تاڵانكاریی‌و سووتان‌و ئاواره‌بوونی لێكه‌وته‌وه‌، كه‌چی ئه‌وانی خۆیان به‌ دۆست ده‌زانن‌و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌یان ده‌كرد كه‌ گه‌ر په‌لاماری هه‌رێم بدرێت، ئه‌وان بێده‌نگ نابن، بێده‌نگ بوون‌و فزه‌یان لێوه‌ نه‌هات‌و نه‌ با-یان دی‌و نه‌ باران. داخه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌ زۆرێك له‌وانه‌ گه‌لی كوردستان له‌ باشوور به‌ گشتی‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌تایبه‌ت، زۆری بۆ كردن‌و له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ش باجی زۆری دا، به‌ڵام سه‌د حه‌یف‌و مه‌خابن.

 298 جار بینراوە