سەرەکی » راپۆرت » حەز دەکەم سەعاتەکەی دەستم ‌و عەینەکەکەی چاوم لە یەک رەنگ بێت

« چاویلکە تەندروستی چاو دەپارێزێت»

حەز دەکەم سەعاتەکەی دەستم ‌و عەینەکەکەی چاوم لە یەک رەنگ بێت

ھێمن ئەحمەد

چاویلکە(عەینەك) وەکو پێداویستیەکانی تر یان ئێكسسواراتێك لای مرۆڤ وەک جل‌و بەرگ‌و کاتژمێر گرنگی پێدراوە ، ھەندێک بۆ کەشخەیەتی‌و جوانی‌و خۆ دەرخستن گرنگی تەواو بەچاویلکە دەدەن لەگەڵ رەنگی سەعات‌و جل‌و بەرگەکانیان دەیگونجێنن، خانمانیش لەگەڵ فوتەی سەریان‌و جانتاکەی دەستیان رێکی دەخەن کەجوانییەکی تایبەتیان پێدەبەخشێت، بەڵام ھەندێک لەمرۆڤەکان پێچەوانەی ئەمە لەبەر کزی بینایی چاوەکانیان بەکاریدێنن.

پزیشکی چاویش رایدەگەیەنێت؛ لەچاوکردنی چاویلکە چاوی مرۆڤ لەتیشکی خۆر دەپارێزێت‌و ناھێڵێت چاو تووشی ھەستیاری‌و وشک بوونەوە بێت.

چاویلکە چاو لەخۆڵ‌و رەشەباو دەپارێزێت
ھاووڵاتی بێستون مەحمود، گەنجێکی دانیشتووی شاری کەرکوکە، سەبارەت بە لەچاوکردنی چاویلکە بەکوردستانی نوێی وت: چاوێلکە لەزۆر رووەوە سوودی ھەیە, چ لەرووی پاراستنی چاوت لەکاتی خۆڵ‌و رەشەبادا یاخود دەرکەوتنی ھەتاوێکی گەرم، من زیاتر چاویلکەی رەنگی رەش یان قاوەیی لەچاودەکەم, لەبەر ئەوەی رەنگێکە چاو پیشان نادات‌و لەئێش‌و ئازاریش دیپارێزێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی من تێبینیم کردووە کەزۆرێک لەگەنجان چاویلکەی سپی پزیشکی لەچاو دەکەن‌و لەھەمان کاتدا چاویشیان تووشی کزبوون نەبووە, ئەمکارەش تەنیا بۆ خۆ دەرخستنەو ھیچی تر, کە ئەمکارەشی تایبەتە بەخوودی ئەو کەسەی بەکاری دەھێنێت.

چاویلکە وەکو ئێکسسوارات وایە
خاتوو تریفە عەلی، فەرمانبەرە لەیەکێک لەفەرمانگەکانی کەرکوک بۆ کوردستانی نوێ دەڵێت: من وەک چۆن گرنگی بەجل‌و بەرگ‌و کەشخەیەتی خۆم دەدەم ئاوھاش گرنگی بەچاویلکە دەدەم، چونکە پێموایە بۆ ئێمەش خانمان وەک ئێکسسوارات وایەو دەبێ گرنگی تەواوی پێبدرێت مەبەستە ئەوەیە دەبێ چاویلکەکەت رێک بخەی لەگەڵ جل‌و بەرگ‌و چانتاکەی دەستت.

چاویلکەو سەعاتی دەستی بەشێک لەژیانی
کەریم محەمەد، گەنجێکی دیکەی شارەکەیەو چەندین جۆر چاوێلکەی ھەیە, کە لەنێوانیاندا چاویلکەی نمرە سفرشی تێدایە، بەکوردستانی نوێی وت: ھەرکات جلێک دەکڕم حەز دەکەم سەعاتەکەی دەستم‌و عەینەکەکەی چاوم لەو رەنگە بێت کە لەبەری دەکەم, بۆیە چاوێلکەیەکی رەش‌و قاوەیی‌و نمرە سفرو ئەو رەنگانەی گونجاوبن بۆ لەچاوکردن‌و بەردەوام لەچاویان دەکەم.

باسی لەوەشکرد بەھیچ شێوەیەک ناتوانم لەوەرزی گەرمای شاری کەرکوکدا بەبێ چاویلکە بگەڕێم‌و بچمە دەرەوە, ئەگەر رۆژێک لەچاوی نەکەم چاوم ژاندەکات‌و ھەست دەکەم شتێکم لێ وونبووەو چاویلکەو سەعاتی دەست بووەتە بەشێک یان تەواوکەری ئەو جل‌و بەرگەی لەبەری دەکەم.

بەردەوام چاوی گەشە
جووتیار شکور، گەنجێکی خوێندکارە لەپەیمانگەی تەکنیکی کەرکوک عەینەکێکی نمرە دووی لەچاودابوو بەکوردستانی نوێی وت: ھەموو کەسێک حەز دەکات ھەستی بینینی بەھێز بێت‌و کێشەی کەم بینی نەبێت, ئێستا من ئەو کێشەیەم ھەیە, زۆرجار عەینەکەکەم لەبیر دەچێت, بەتەواوەتی حەقی ئەو شتانە نادەم کەتاماشای دەکەم.

ئەو گەنجە خوێندکارە باس لەوەش دەکات مرۆڤ ھەموو شتەکان بەئارەزووی خۆی بەکاریان دەھێنێت جگە لەبەرکارھێنانی چاویلکەی پزیشکی، چونکە دەبێت پزیشکی تایبەتی چاو بۆتی دیاری بکات ئەو کەسانەی کە بە بەردەوامی عەینەک لەچاو دەکەن پێستی ژێر چاویان تووشی چرچ‌و لۆچی نابێت، چونکە ھەردوو پێستی سەرەوەو خوارەوەی چاوی لێک نزیکتر دەکاتەوە بۆ ئەوەی گەرمی خۆرەکە کاریگەری لەسەر دروستنەکات‌و چاوی تووشی ئازار نەبێت، یاخود دەبینیت بەردەوام چاوی گەشەو ھەست دەکەیت کە لەگەرمی‌و ھەوای پیس چاوی پاراستووە.

ئەو چاوەی لەژێر چاویلکەوەیە چۆن لەتۆ دەڕوانێت
رێبین ئەحمەد، گەنجێکی دیکەیە کەچاویلکە لەچاو ناکات، بەڵام لەھەمان کاتدا پێیوایە شتێکی ئاساییە لەچاوی بکەیت، من لەژیانمدا حەزم لەعەینەک نەبووە، بەڵام ھەندێک جار پێویستی کردووە لەچاوم کردووە، بۆ نموونە کاتێک خۆڵ بارینێکی زۆر دەبێت تۆ ناچار دەبیت عەینەک لەچاو بکەیت، یان دەمامک بۆ ئەوەی خۆت لەو خۆڵە بپارێزیت کەدووچاری تۆ دەبێتەوە، بۆ ئەوەی تووشی ھیچ جۆرە نەخۆشیەک نەبیت، بەبڕوای من لەچاوکردنی چاویلکە لایەنی باشی زۆرترە، چونکە پارێزگاری لەچاو دەکات‌و ھەروەھا کاریگەری باشیش لەسەر مێشک دروست دەکات، ھەروەھا کۆمەڵێک سوودی تریشی ھەیە ئەویش پزیشکی تایبەت بەنەخۆشیەکانی چاو باشتر دەزانن، لایەنە نەرینییەکەش تۆ نازانیت ئەو چاوەی لەژێر عەینەکەکەوەیە چۆن لەتۆ دەڕوانێت‌و چۆن پێناسەی ئەو دەستەواژەیە دەکات کە لەڕێی بینینەوە جێبەجێ دەکرێت.

چاویلکە دەبێتە قەڵغان بۆ چاو
لەوبارەیەوە د. نورەدین ساڵەیی پزیشکی نەخۆشییەکانی چاو بەکوردستانی نوێ-ی راگەیاند: ئەو کەسانانەی کەھەستیاری چاویان ھەیە بەخۆرو خۆڵ‌و توز زۆر پێویستە چاوێلکە لەچاو بکەن، چونکە ئەو چاوێلکەیە دەبێتە قەڵغانێک بۆ پاراستنی چاویان، ھەروەھا ئەو نەخۆشانەی کێشەی وشک بوونەوەی چاویان ھەیە چاویلکە دەبێتە یارمەتیدەر بۆیان، ھەروەھا خاڵێکی گرنگی دیکە ئەوەیە ئەو شۆفێرانەی لەکاتی شۆفێریدا کاتێک جامی ئۆتۆمبێلەکەیان کراوەیە زۆر پێویستە چاویلکە لەچاو بکەن ئەویش بۆ رێگریکردن‌و پاراستنی چاو لەخۆڵ‌و تۆز.

دەبێت چاویلکەی فلتەر لەچاو بکەن
وتیشی: لەچاوکردنی چاوێلکە بۆ وەرزەکانی پایزو بەھارو گرنگە، چونکە لەوەرزی پایز دەبیتە رێگر لەڕەشەباو خۆڵ‌و تۆز، بەڵام بۆ وەرزی ھاوین زۆر پێویستە، چونکە پاراستنیەتی لەتشکی ھەتاو، لەبەر ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا راستەوخۆ تیشکی خۆر کاریگەری لەسەر چاو دروستدەکات، بۆیە رێنمای گشت لایەک دەکەم کەچاویلکەیەک لەچاو بکەن فلتەری ھەبێت، نەک ئەو چاوێلکانەی کە بەنرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێن‌و ھیچ تایبەتمەندییەکی تەندروستی تیدا نییە، بەڵکوو زیان بەندروستی چاو دەگەیەنێت، ئەو چاویلکانەی فلتەریان ھەیە دەبنە پاراستنی چاو لەتیشکی خۆر، ھەروەھا داوا لەو کەسانەش دەکەم چاویان تووشی کزبوون نەبووە باشتروایە لەوەرزی ھاویندا چاوێلکە لەچاو بکەن بۆ پاراستنی چاویان.

 188 جار بینراوە