سەرەکی » وتار » جەمال ئارێز » پلانی(B) بۆ سیستمی لامەرکەزیپەڕە 2

پلانی(B) بۆ سیستمی لامەرکەزی

قسەوباسی ئەم دواییەی ناو راڕەوی سیاسی لە کوردستاندا سەبارەت بە سیستمی لامەرکەزی بەگشتی لەلایەن زۆرێک لە حزب و رێکخراوە سیاسییەکان و دەستەو گروپی جیاجیاوە لە هەرێمی کوردستان گەرموگوڕیی زۆری تێکەوتووە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش بەتایبەتی لە دوای چوارەمین کۆنگرەوە تەبەنی ئەو شێوازی حکومڕانییەی کردۆتە خەمی خۆی و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژە یاسایەکی گەڵاڵە کردووە.

دیارە جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە بنەڕەتەوە بیرۆکەی لەو جۆرە رەتدەکاتەوە، بەڵام هەموو حزب و لایەنەکانی دیکە هەریەکە و لە سۆنگەی تێڕوانینی خۆیەوە بۆ دۆخی باشووری کوردستان ئەو سیستمەیان پێباشە.

پارتی دیموکراتی کوردستانیش لای خۆیەوە وەک ناولێنان و ناوهێنان رەتی ناکاتەوە، یان نایەوێت بەئاشکرا رەتی بکاتەوە، بەڵام ئەوەی ئەو باوەڕی پێیەتی جگە لە سیستمی لامەرکەزیی بەشێوە تەقلیدییەکەی زیاتری قبووڵ نییە کە ئەوەش بریتییە لە یەکە ئیدارییەکانی وەک پارێزگا و قەزا و ناحیە، کە ئەوە خۆی هەر هەیە و لە دیکتاتۆرترین سیستمیشدا یەکە ئیدارییەکان هەر جیاکراونەتەوە، تەنانەت لە سەردەمی خەلیفەکانیشدا والی ویلایەت هەبووە، بەڵام لێرەدا قسە لەسەر دەسەڵاتە ئیداریی و داراییەکانی ئەو یەکە کارگێڕییانەیە کە پارتی پێیوایە سیستمی لامەرکەزیی یان نا سەنتراڵی دەبێتە مایەی لەبەریەک هەڵوەشاندنەوە و لاوازکردنی هەرێم و درووستبوونەوەی دوو ئیدارەیی.

موزایەدەکردن بەسەر یەکێتیدا
دیارە پێویست بە پێداچوونەوەی مێژووی خەبات و قوربانییەکانی شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ناکات کە حزبی سەرتاسەری کوردستانە و لە زاخۆوە تا خانەقین و بگرە تا بەغدا و پارچەکانی دیکەی کوردستانیش شوێنێک نییە ئەو حزبە قوربانیی بۆ نەدابێت و سەرکردە و فەرماندە و کادر و ئەندامانی لە هەموو ئەو ناوچانە و لە خەڵکی هەموو ئەو دەڤەرانە لە سەنگەری خەباتدا شەهید یان بریندار یان زیانیان بەرنەکەوتبێت، کەوابێ هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت موزایەدەی لە یەکێتی کوردتربوون و نیشتمانیتر و قوربانیدەرتر لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بەسەر یەکێتییەوە بکات، بەڵام دۆخی سیاسیی کوردستان ئێستا بەجۆرێکە کە نەک کوردستان هەڕەشەی دوو ئیدارەیی لەسەرە، بەڵکو هەرخۆی لە رووی واقیعی حاڵ و دیفاکتۆوە دوو یان زیاتر لە ئیدارەیەکە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە بەهۆی چڕبوونەوەی بەشی هەرەزۆری دەسەڵاتی کارگێڕیی و سیاسی و دارایی و ئابووری و سەربازیی و پەیوەندییەکان لە دەستی لایەنێکدا و لە زۆنێکدا، وایکردووە بەگشتی یەکە ئیدارییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی دیکەدا بەوانەشەوە کە دەکەونە زۆنی ئیدارەی پێشووی هەولێرەوە بێ دەسەڵات بن و توانای چارەسەری کێشە بچووکەکانی ناوچەکانی سنووری یەکە ئیدارییەکانی خۆیان نەبێت.

قسەکردن لە لامەرکەزیی کفر نییە
بە گوێرەی هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ئەو دۆخەی کە هاتۆتە ئاراوە، بەشێک لەوانەی کە قۆناغی شەڕی ناوخۆیان نەبینیووە یان شوێنەوارە وێرانکەرەکانیان بیرچۆتەوە، یاخود سوودمەندبوون لە دۆخێکی لەو جۆرە، پێیان وایە دوو ئیدارەیی چارەسەرێکی باشە و زۆربەی گرفتەکان یەکلایی دەکاتەوە، هەندێکیش بەهۆی نزیکییانەوە لە پارتی ، پێیانوایە قسەکردن لەسەر لامەرکەزیی کفری سیاسییە و نابێت ئەوەی باوەڕی بە یەکپارچەیی هەرێمی باشووری کوردستانە، کفری وا بکات و دەم لە بابەتێکی لەو جۆرە بژەنێت و دەستبەجێ مەترسییەکانی دووکەرت بوونی هەرێم و دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ و لێکەوتەکانی بەبیر دەهێنرێتەوە و بە دەردی مشتومڕی سەردەمی ریفراندۆمەکەی لێدێت کە دەستبەجێ تەخوینی هەموو ئەوانە کرا کە دەیانوت: ریفراندۆم کارێکی باشە، بەڵام کاتەکەی لەبار نییە و هەمووشمان ئەنجام و لێکەوتە و دەرهاویشتەکانیمان بینی کە لە 25ی ئەیلولی 2017ەوە تا ئێستاش خەڵکی کوردستان باجەکەی دەدات.

گۆڕانکاریی لە پێکهاتەی سەرۆکایەتی و پەرلەمان
دەکرێت ئەو ناکۆکیی و لێکحاڵی نەبوونەی لەسەر پرسی لامەرکەزیی هەیە، بە جۆری دیکە چارەسەر بکرێت کە نەک دۆخی هەرێم ناخاتە مەترسییەوە، بەڵکو دۆخی هەرێم زۆر پتەوو سەقامگیریش بکات، بۆ ئەوەش دەشێت لەئەگەری نەگەیشتنە رێکەوتنی لایەنەکان لەسەر پڕۆژە یاساکەی یەکێتی یان هەر پڕۆژەیەکی دیکە کە خراوەتەڕوو، ئەوا پلانی (B) بخرێتەڕوو بەم جۆرە:

*بەپەلە کار بۆ داڕشتنی دەستووری هەرێمی کوردستان بکرێت، بەجۆرێک سیستمی هەرێم بە سیستمێکی لامەرکەزیی ئیداریی و دارایی پێناسە بکات.

*پۆستی سەرۆکی هەرێم بە رەسمی بکرێتە دامەزراوەیەک بەناوی سەرۆکایەتیی هەرێم و لە دەستەیەکی 3-5 کەسی پێک بێت و زۆربەی بڕیارە چارەنووسسازەکان بە زۆرینەی 3|5 پەسەند بکرێن یان بە زۆرینەی 2|3، بەمەش رێگە لە قۆرغکردنی بڕیاری تاکلایەنە دەگیرێت.

*پەرلەمانی کوردستان بکرێتە پەرلەمانێکی دوو ژووری واتە ئەنجومەنی یاسادانان و ئەنجومەنی پیران و بەهەردوو ژوورەکە بووترێت پەرلەمانی کوردستان و لە ژووری دووەمدا نوێنەری هەموو ناوچەکان کە (لەدواتردا بەوردیی باسی دەکەین) بەیەکسانی بەشداربن بە مافی ڤیتۆوە.

*هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەو سیستمە نوێیەی کە عیراق بۆ هەڵبژاردن دیاریی کردووە، لەسەر بنەمای بازنە یاخود قەزا بکرێت بە 36 بازنەی هەڵبژاردنەوە بەگوێرەی ژمارەی قەزاکانی کە ئێستا هەن بۆ هەڵبژاردن و بۆ هەر قەزایەک ئەنجومەنێک هەبێت و سەرۆکی هەر ئەنجومەنێکیش کە دەردەچێت لەو بازنە یان قەزایە، ئۆتۆماتیکی ببێتە ئەندامی ژووری دووەمی پەرلەمان بەمەبەستی کەمکردنەوەی مووچەی زیادە و چاودێریی و داکۆکی لە ماف و ئیمتیاز و پڕۆژەکانی سنوورەکەی خۆیان.

*بودجە و داهاتی هەرێم بە شەفافی و یەکسانی بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان دابەشبکرێت بەسەر ئەو قەزایانەدا و داهاتی ئەو قەزایانەش بە شەفافی و لەژێر چاودێریی ناوەند (هەولێر) دا دوای دابینکردنی پشکی مووچە و خزمەتگوزاریی رەسمی، باقییەکەی بۆ گەنجینەی حکومەتی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

*بەرپرسی یەکە کارگێڕییەکانی وەک ناحیەش لەلایەن خودی دەنگدەرانی سنووری ئەو قەزایانەوە هەڵبژێردرێن و سەرۆکی هەموو یەکە ئیدارییەکانیش لە ئاستی ناحییەکان ئۆتۆماتیکی بکرێنە ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی قەزاکان، تا یەکسانی لە نێوان ناحیەکاندا پەیڕەو بکرێت لەڕووی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پڕۆژەوە بەپێی تایبەتمەندیی سنوورەکان.

لەجیاتی شەڕی ناوخۆ شەڕی نموونە
بەگوێرەی ئەم پلانە، دەشێت لە ناوچەیەک کە ئێستا بە زۆنی یەکێتی ناودەبرێت، حزبی شیوعی زۆرینە بەدەست بهێنێت، لە ناوچەیەکیش کە بە زۆنی پارتی ناودەبرێت لە قووڵایی بادیناندا حزبی سۆشیالیست یان بزووتنەوەی ئیسلامی، یاخود یەکگرتووی ئیسلامی زۆرینە بەدەست بهێنێت، یان لە قەزایەکی زۆنی پارتی یەکێتی زۆرینە بەدەست بهێنێت یاخود بەپێچەوانەوە، بۆ نەتەوە و پێکهاتەکانیش بەهەمان شێوە، بەوەش حزبەکان دەکەونە بەر مەحەکی هاووڵاتییان و هەمووانیش هەم بەرپرسیار دەبن لە باش و خراپیی بەڕێوەبردن و هەمیش بەشداری فیعلی دەبن لە دەسەڵاتی کارگێڕیی و چاودێریشدا و سنوورەکانی زۆن بەندیش بەتەواوەتی دەسڕدرێنەوە و مەترسیی شەڕی ناوخۆیی نەک نابێت، بەڵکو شەڕی نموونە دەستپێدەکات، چونکە ئەوکات ئەگەر هەموو دەسەڵاتەکان ئاسۆیی بوون، رێگە لە پاوانکردنی دەسەڵات لەلایەن حزبی (س) دەگیرێت لە ناوچەیەکدا کە دەنگدەرەکانی سەربە حزبی (س) نین، هاوکات حزبی (ع) لەو ناوچەیەی کە زۆرترین دەنگدەری هەیە، یان براوەی سنوورەکەیە، زۆرتر کارو پڕۆژە پێشکەش بکات تا دەنگدەرەکانی لەزۆنەکەیدا لەدەست نەدات و بگرە کارێک بکات و نموونەیەکی ئەوتۆ پێشکەش بکات لە ئیدارەدان کە بۆ ئایندە بتوانێت دەنگی دەنگدەری ئەو زۆن و قەزایانەش بچنێتەوە کە پێشتر دەنگی پێویستی تێدا بەدەست نەهێناوە، سوودمەندی سەرەکیش لەم شێوازە خەڵکە.

 315 جار بینراوە