سەرەکی » وتار » شوان کەریم کابان » لەبارەی موشەک بارانەکەی ھەولێری پایتەختەوە

لەبارەی موشەک بارانەکەی ھەولێری پایتەختەوە

یەکەم: موشەک بارانەکەی ھەولێر شەوی 15/1/2021، بێ سێ و دوو ھیچ دوودڵییەک، کارێکی تیرۆریستی و تێکدەرانە بوو دەرھەق بە ھەرێم و ھەولێری بایتەخت کرا. ھەر کەسێ یاتاقمێ یا گروپێک یا حزبێ یا کۆمەڵێک لەژێر ھەر تایتڵێکدا کردبێتی، تاوانێکی گەورەیەو پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردو بەدواداچوون و بەرەنگاربونەوەی توندە.

دووەم: بەخۆشحاڵییەوە، ئەو موشەکانە، ھەر وەک لە شوێنی کەوتنەوەکانیاندا، دەرکەوت، موشەکی بەھێز و گەورەو کاریگەر نەبوون کە زەرەری گەورە بخەنەوە و کاریگەرییەکەیان لەکاریگەریی گوللەی ھاوەنی عیار 81 ملمیتریش کەمتر بوو کەجێی شوکرانەیە و زیانیان کەم بوو.

سێهەم: ئەو تاوانە ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی ناوخۆیی بە دوای خۆیدا ھێنا، کە دەربری ئەوەیە ھەموومان کوردستان و پایتەختەکەی و خەڵکەکەشیمان خۆشدەوێ و قبوڵ ناکەین کەس زەرەیان پێ بگەیێنێ.

چوارەم: بەھەمان شێوەی ناوخۆ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ناڕەزاییەتییەکی زۆری بەدواداھات و ھەموو ئیدانەیان کردو دڵ تەنگیشیان پیشاندا. ئومێدەواریشم ئەم ھەڵوێستانە لەبەر ئەوە نەبێ کە چەند سەربازێکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی برینداربوون و وەک دەشگوترێت بەڵێندەرێکی ئەمریکاییش گیانیلەدەستداوە.

پێنجەم: ئەوەی پێویستە بگوترێ، ھەر زوو کەناڵەکانی راگەیاندن، بەتایبەتیش بینراو زوو کەوتنە خۆ بۆ گواستنەوەی وردەکارییەکانی رووداوەکەو پێدانی زانیاریی بە ھاووڵاتیان و لەم بارەیەوە زۆر ماندوبوون. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجی بەندە بوو وەک بینەرێک، لەگەڵ رێز و خۆشەویستیم بۆ ھەموو ئەو میدیاکارانەی بەشداربوون لە بەدواداچوونی ئەو ھەواڵە، دووبارەکردنەوەی ھەندێ ھەڵەی سەرەتاکانی گواستنەوەی ھەواڵی پەلامارەکانی داعش بوو بۆ سەر ھەرێم چوونی میدیاکارانی کەناڵەکانی TV بۆ بەرەکانی جەنگ، ئەویش درکاندنی ھەندێ نهێنی سەربازی بێ ئەوەی مەبەست بێ. لە شەوی 15/2، پەیامنێری چەند کەناڵێکی سەتەلایت، بەتایبەتیش ئەوانەی بارەگایان لە ھەولێرە زوو گەیشتنە سەر شوێنی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکان، لە گواستنەوەی ھەواڵەکەدا، بەداخەوە، بێ مەبەست! زانیاریی زۆر وردیان دا بەو لایەنە تیرۆریستەی کاری موشەک بارانەکەی کردبوو، بۆ نمونە: ئەو پەیامنێرە بەڕێزەی نزیک فڕۆکەخانەی ھەولێر بوو پەیامی لەبارەی موشەک بارانەکەوە ئەدا، ئەیگووت؛ موشەکێکیان لە باشووری خۆرھەڵاتی فڕۆکەخانە لەناو چوارچێوەی فرۆکەخانە کەوتوە، ئەوی تریان ئەوندە سەد مەتر دوور لەباکوری خۆرھەڵاتی فڕۆکەخانەدا کەوتوە….ھتد. ئەو بەڕێزەشی لە شوێنی کەوتنی موشەکەکەی ناز ستی بوو ، کامێرامانەکەی» وێنەگرەکەی» زوو زوو وێنەی گشتی شوێنەکەی پیشان ئەدا، ئەمجا زوومی دەخستە سەر شوێنی موشەکەکە و چەند جارێک ئەم کارە چەند بارە دەبووەوە. ئەو پەیامنێرە بەڕێزەشی باسی لە موشەکەکانی گەڕەکی وەزیران دەکرد، نزیک گەڕەکی بەختیاری، بەھەمانشێوەی ئەوەی فڕۆکەخانە، باسی لەشوێن و دوورییەکانی دەکرد، بۆ نمونە دەیگوت؛ موشەکێک لەلای فولکەکەی گەڕەکی وەزیران کەوتووە و یەکێکیشیان بەر خانوویەک کەوتووە کە خەریکی تەعمیراتن تیایدا وێنەکەشی لە دوور و نزیکەوە پیشان ئەدا. ئەوەی جێی سەرنجی بەندەیە ئەوەیە کە دڵنیام ئەو بەڕێزانە مەبەستیان وا نەبووە، بەڵام ئەو زانیارییانە دەچنە قاڵبی سەربازیی و دۆزینەوەی شوێنی مەبەست لەلایەن لایەنی ھێرشکەرەوە. ئومێدەوارم میدیاکارانی بەڕێز رەچاوی ئەم مەسەلەیە بکەن لە روودانی حاڵەتی تری لەم جۆرەدا کە ئومێدەوارم چیتر روونەداتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش رێگا بەم جۆرە گواستنەوەیەی ھەواڵ نەدەن .

 160 جار بینراوە