سەرەکی » راپۆرت » نانسی پێلوسی: كابووسی كۆمارییەكانی ئەمریكا

نانسی پێلوسی: كابووسی كۆمارییەكانی ئەمریكا

ئامادەکردنی: ئاڤان جەلال

نانسی پاتریشیا دالساندرۆ پێلوسی(Nancy Patricia D Alesandro Pelosi) 26/3/1940 (لە خانەوادەیەكی ئیتاڵی) لەبالتیمۆر لە یەكێك لە شارەكانی مریلەندی ئەمریكا لەدایكبووە.

پێلوسی بچووكترین و تەنیا كچی خێزانەكەی بوو، باوكی نوێنەری دیموكراتەكان بوو لە ساڵەكانی (1936 تا 1967) لەكۆنگرە، دایكیشی لە كایەی سیاسیدا چالاكی هەبوو و دامەزرێنەری گرووپی ژنانی دیموكرات بوو، جگە لەوە یەكێك لە براكانی نوێنەری دیموكرات و سەرۆكی شارەوانی بالتیمور بوو، بەو پێیەی خانەوادەی نانسی، خانەوادەیەكی سیاسی بوون نانسیش لە تەمەنێكی كەمدا دێتە ناو دنیای سیاسییەوە، بۆ یەكەمجاریش لە سالی 1961 بەشداریكرد لە مەراسیمی دەستبەكاربوونی جۆن كەنەدی و لە ساڵی 1962 بەكالۆریۆسی لە زانستی سیاسی لە كۆلێژی ترینیتی بەدەست هێناوە.

پێلوسی لەساڵی 1976 بۆ ماوەی 30 ساڵ ئەندامی كۆمیتەی میللی دیموكراتیەكان بوو لە كالیفۆرنیا، لە ساڵی 1977 هەڵبژێردرا بۆ سەرۆكی حزبی دیموكرات بۆ باكوری كالیفۆرنیا، پاش چوار ساڵ و لەساڵی 1981 بوو بە سەرۆكی تەواوی حزبەكە لەو ویلایەتەدا و لە دوای ئەوەش لە پۆستی حزبی میللی وەك بەڕێوەبەری دارایی بۆ هەڵبژاردنی كۆنگرە لە 1986 دا خزمەتی كردووە.

بۆ یەكەمجار لەساڵی 1987 هەڵبژێردرا بۆ نوێنەرایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا وەك نوێنەرایەتی ئازاد لە سانفرانسیسكۆ چووە كۆنگرە.

پێلوسی بەهۆی ئەوەی نەیارێكی سەرسەختی كۆمارییەكانە، زۆر جار بە كابووسی کۆمارییەکان ناوی دەهێنرێت، ئەو نەیاری سیاسەتەكانی دوو لە دیارترین سەرۆكەكانی ئەمریكا بووە، ئەوانیش بوشی كوڕ و دۆناڵد ترەمپە.

پێلوسی یەكێك بوو لەو كەسانەی كە دژی بڕیارەكانی جۆرج بۆش بوو لە جەنگی عیراق لەم بارەیەوە دەڵێت: «بەهۆی ئەم جەنگە ناپێویستەوە نزیكەی 2900كەس لە سەربازانی ئەمریكا گیانیانلەدەستدا و زیاتر لە 11 هەزار سەرباز بۆ هەمیشە كەمئەندم بوون. كۆنگرێسی ئەمریكا زیاتر لە 305 ملیارد دۆلاری بۆ ئەم جەنگە تەرخانكرد پێگەی سیاسی و ئەخلاقی ئەمریكا بەهۆی دەرئەنجامی ئەم جەنگەوە لە گۆڕەپانی نێودەوڵتیدا كەوتە ژێر پرسیارەوە».

بەڵام دەركەوتنی پێلوسی لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر بەهۆی دژایەتی دۆناڵد ترەمپ بوو، بەتایبەتیش كاتێك لە ئەنجومەنی نوێنەران لە مانگی شوباتی ساڵی 2020 لەكاتی بانگهێشتی ترەمپ بۆ لێپێچینەوە، ترەمپ تەوقەی لەگەڵ پێلوسی نەكرد و پێلوسیش وتارەكەی ترەمپی دڕاند.

پێلوسی بەتەواوی دژی پێشنیارەكەی ترامپ بوو بۆ دروستكردنی دیواری سنوری مەكسیك و دابینكردنی بودجە بۆ ئەم دیوارە لە بودجەی ئەمریكا.

ئەو یەكەم ژن بوو كە بووە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لەساڵی (2007-2011) پاشانیش لە ململانێیەكی قورسی هەڵبژاردندا لەساڵی (2016)بە زیاتر لە 80% ی دەنگەكان جارێكی تر بووەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەمجارەیان نانسی گۆڕانكاریەكی زۆری لە ئەنجومەنی نوێنەراندا كردوو ژمارەیەكی زیاتری ژنانی هێنایە ناو ئەنجومەنەكە.

پاشان نانسی لە 2019 دا جارێكی تر بووەوە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران.

 68 جار بینراوە