سەرەکی » مانشێت » لاهور شێخ جەنگی: مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە عیراقی نوێدا بپارێزرێت

لاهور شێخ جەنگی: مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە عیراقی نوێدا بپارێزرێت

دوێنێ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە رێوڕەسمی ساڵیادی شەهید ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر حەكیم-دا، وتارێكی پێشكەشكرد، ئەمە دەقەكەیەتی:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

برای بەڕێز سەماحەتی سەید عەممار ئەلحەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانیی

ئامادەبووانی بەڕێز

ئەمڕۆ لە ساڵیادی بۆنەیەكی خەمناكدا، ئێمەی باوەڕداران بە عیراقی نوێ، كۆبووینەتەوە تا پێكەوە یادی ئەستێرەیەكی درەوشاوەی ناو مێژووی شۆڕشی گەلانی عیراق، بەرز رابگرین، كە ژیانی خۆی، بۆ رۆشنكردنەوەی رێگەی گەیشتن بە‌ نیشتمانی برایەتی و فرەیی و دیموكراسی، عیراقی دوای زوڵم و دیكتاتۆرییەت و سەركوتكاری، عیراقی هاوبەشی و شەراكەت و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، تەرخان كرد.

ئەم رۆژانە، هەژدە ساڵ بەسەر تیرۆر و شەهیدكردنی ئایەتوڵڵای عوزما سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم‌ تێدەپەڕێت، بەڵام خاڵیبوونی جێگەكەی، لە كایەی ئایینی و سیاسی و نیشتمانیی وڵاتەكەدا، رۆژ لە دوای رۆژ بەرجەستەتر دەبێ. ئەم رۆژانە، وڵاتەكەمان لە هەموو كات زیاتر پێویستی بە «حەكیمی عیراقە» لە ساڕێژكردنی برینەكانیدا.

ئایەتوڵڵا سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم و بنەماڵە تێكۆشەرەكەی، پێگەی گەورەیان هەیە لە مێژووی عیراق و مافیان هەیە بەسەر هەموومانەوە. ئایەتوڵڵای عوزما سەید موحسن ئەلحەكیم خاوەنی تۆمارێكە لە بڕیار و هەڵوێستی مێژوویی؛ تا لە ژیاندا بوو، بە فتوای حەرامكردنی رشتنی خوێنی كورد بە دەستی برا عیراقییەكانی، روبەڕوبوونەوەی بیری پەڕگیریی تایەفی لە گوتارەكانی و خەبات كردن بۆ رزگاری و سەربەخۆیی نیشتمانیی بە كردارەكانی، ناسنامەی بوون و پاش خۆی، كوڕەكانی رێگەی سەخت و پڕ قوربانیدانیان گرتەبەر، بۆ روبەڕوبوونەوە دژی رژێمی دیكتاتۆر.

سەید عەبدولعەزیز ئەلحەكیم، شان بە شانی ئایەتوڵڵای شەهید، دەروازەی نوێ بوون بۆ ئاشنایەتی و پتەبوونی پەیوەندییەكانی نێوان كورد و یەكێتی و ئەم بنەماڵە تێكۆشەرە. لەو رۆژگارەوە، دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژووییەكانی سەرۆكی كۆچكردوومان مام جەلال، لەگەڵ خانەوادەی ئال حەكیم بوون بە بناغە و شاڕێی چەسپاو بۆ پەیوەندیی برایانە و بەهێز لە نێوان گەلەكانمان و هەردوولا.

ئێمە لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەرگیز هەڵوێستە نیشتمانییەكانی ئال ‌حەكیم لە یاد ناكەین و دڵنیاین كە رەوتی حیكمەی نیشتمانیی-یش بە رابەرایەتیی سەماحەتی سەید عەممار ئەلحەكیم، پارێزەری خواستەكانی گەلەكەمان و شۆڕشی هیوای گەنجان و ئازادیخوازانی عیراقی نوێیە و لەسەر هەمان شاڕێی مەزنی پێشینەكانی بەردەوام دەبێت. ئەم سەركردایەتییە نوێیەی یەكێتییش، هەڵگری هەمان رێبازی مام جەلال و باوەڕدارە بە هاووڵاتیبوون لە چوارچێوەی عیراقێكی نوێدا. بەمەش، ئەم پەیوەندییە دێرین و مێژووییە، پتەوتر لە جاران، لەپێناوی چاكەی گشتی و خزمەتكردنی گەلانی عیراقدا بەردەوام دەبێت. ئێمە بەشێكین لەم عیراقە، پێمانوایە دەبێت بەشێكیش بین لە بنیادنانی، بۆیە لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەكان و لەسەروو هەمووشیانەوە لەگەڵ سەید حەكیم، لە خەباتی هاوبەش، بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكانی بەردەممان بەردەوام دەبین.

یەكێك لەو ئاڵنگارییە سەرەكییانەی بەردەممان، ئەمڕۆ لە عیراقدا، مەسەلەی موازەنە و بودجە و پشكی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانی خەڵكی كوردستانە.‌ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بە نیگەرانییەوە لە لێكەوتەكانی هەر هەوڵێك بۆ پەكخستنی رێكەوتن و بێبەشكردنی مووچەخۆرانی كورد لە مافە ئینسانی و نیشتمانی و دەستوورییەكانی دەڕوانێت، بۆیە لەم كاتە هەستیارەدا،‌ هەموو ئومێدمان بە دڵسۆزان و‌ كەسی وەك جەنابی سەید عەممارە، كە رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت لە چارەسەركردنیدا.‌

ئەمڕۆ كە سەید عەممار لەم شارەیە و سلێمانییش، شاری قوربانیدانە، هەزاران شەهیدی بۆ رووخاندنی دیكتاتۆر‌ بەخشیوە، كەسوكاری شەهیدان چاویان لەوەیە هاوپەیمانەكانی یەكێتی و گەلەكەمان لە بەغدا‌، بەشێوەیەكی دادپەروەرانە، پشك و پێگەی هەرێم و خەڵكی كوردستان، لەناو بودجە زامن بكەن و مافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە عیراقی نوێدا بپارێزن، كە بەرهەمی خوێنی شەهیدەكانمانە.

هەروەك هیوادارین پشتوانییەكانی جەنابیان و دۆستەكانی ترمان لە عیراق، هاوكار بێت لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك و ناوچەكانی كێشە لەسەر، تا بتوانین بە هەماهەنگیی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان، ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بپارێزین و پێكەوەیش رێ لەوە بگرین كە پایتەختی هەرێمی كوردستان، بكرێت بە مەیدانی روبەڕوبوونەوە ناپێویستە چەكداری و موشەكییەكان.

بە هیواین بە هەماهەنگیی نێوان هێز و لایەنە نیشتمانی و كوردستانی و عیراقییەكان، دۆخی ئاسایشی وڵات بە جۆرێك دابین بكرێت كە بتوانرێت داواكاریی شەقام و‌ خۆپیشاندانەكانی تشرین بۆ چاكسازی و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ نوێكردنەوەی پرۆسەی سیاسی بهێنرێتە دی و دۆخێك بێتە ئارا كە هەڵبژاردن بە ئازادانە و دوور لە گوتاری چەك و گوشاری تیرۆر و تۆقاندن، دوور لە دەستێوەردان، بەڕێوەبچێت.

لە كۆتاییدا، بەڵێن دووپات دەكەینەوە كە هەمیشە قوربانیدانەكانی ئایەتوڵڵای عوزما سەید محەمەد باقر ئەلحەكیم، دۆستایەتییەكانی لەگەڵ گەلەكەمان و مامی كۆچكردوومان، بیروباوەڕەكانی بۆ پێكەوەژیان، شەراكەتی نیشتمانیی و بەشداریی راستەقینە، بە بەرزی رادەگرین.

نەمریی هەمیشەیی بۆ شەهیدی میحراب و تێكڕای شەهیدانی رزگاریی نیشتمانیی

 134 جار بینراوە